چی لە بارەی مولازم جوامێرەوە دەزانن!؟ (2)
10/7/2025 11:25:00 AM
عیماد ئهحمهد
بەراستی نابێت و
رەوای هەقیش نییە لە کاتی باسکردنی مەندەلی دا، چەند قسەیەک لەبارەی جوامێریی
مولازم جوامێرەوە نەکەین!
جوامێر سایەمیر
لە ساڵی(1947) لە دێی (جاریە)ی سەربە قەزای مەندەلی، لە خێزانێکی جوتیار و خانەوادەیەکی
کوردپەروەر لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی لە مەندەلی تەواوکردووە، لە دوای بەیانی
ئازار، لە کۆلێجی سەربازیی عیراق وەردەگیرێت و یەکەمین نیشانەشکێن دەبێت، یەکەمینی
هەردوو دەورەی مەغاویر و (صائقة) ی خولی (50)ی کۆلیجی سەربازیی بووە.
لە سەرەتای لاوێتییەوە
خولیای کوردایەتی بووە، پێش ساڵی (1970) پەیوەندیی بە پارتییەوە کردووە و لەناو خوێندکاران
و گەنجان و وەرزشکارانی مەندەلی دا، رۆڵی بەرچاو و گرنگی هەبووە.
دوای تەواوکردنی
کۆلێجی سەربازیی و بوون بە ئەفسەر، ماوەیەک لە لیوای (20)ی لەشکری عیراق لە خانەقین
بووە، لە ساڵی (1973) پەیوەندیی بە شۆڕشی ئەیلولەوە لە ناوچەکانی چۆمان و گەڵاڵە
کردووە، ئینجا هاتۆتە بەمۆ و بێلولە و باخ
هەنارە لە ناوچەی گەرمیان و بووە بە سەرلق لە بەتالیونی (6)ی خانەقین.
دوای هەرەس و گەڕانەوەی
مولازم جوامێر بۆ مەندەلی، پلەی سەربازیی نامێنێت و لە بواری سەربازییەوە دەیگوێزنەوە
بۆ بواری مەدەنی لە لە کۆمپانیایەکی گشتی له بەغدا دادەمەزرێت. لە سەروبەندی هەڵگیرساندنەوەی
شۆڕشی نوێ بە رابەرایەتی یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان، مولازم جوامێر پەیوەندیی بە
شۆڕشەوە دەکات و دەبێت بە یەکێک لە فەرماندە دیارەکانی شۆڕش لە ناوچەکانی قەراغ و
سەگرمە و سورداش و دۆڵی جافایەتی. لە ماوەیەکی کەمدا جێدەستی دیار دەبێت و خۆشەویستی
لە دڵ و دەروونی ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی (76)دا بەجێدەهێڵێت.
کاک دلێری سەی مەجید
باسی ئەو رۆژانەی بۆ کردووم، کە ماوەیەک لە دۆڵی جافایەتی لە دێی یاخسەمەر لەگەڵ
مولازم جوامێر و کاک حەمیدی خەڵکی یاخسەمەر، سێ قۆڵیی و بەیەکەوە لە شاخی ئاسنگەران
بوون، کاک دلێر سەرسامی مولازم جوامێر بووە لە کاری رۆژانەیدا لەگەڵ پێشمەرگەکان،
باسی دەکات چۆن بەهمەت و بەهێز و بەسەلیقە بووە بۆ کۆکردنەوەی دار، چۆن بە هەردوو
دەستی دەوەنی لە رەگوڕیشەوە هەڵکەندووە و پەلوپۆی دار بەرووەکانی هێناوە بۆ پێشمەرگە.
من لە کۆتایی ساڵی
(1976)دا مولازم جوامێرم لە بەغدا بینی، ئەو بۆ چالاکیی سیاسی و سەربازیی هاتبوو بۆ
پایتەخت، بە ناوی نهێنیی مولازم هیوا. بەڕاستی پیاوێکی بەجەرگ و چاونەترس
بوو، کۆڵەکە و بزوێنەری رێکخراوی (هەڵوی
سوور)بوو. لەو رۆژگارە سەختەدا من ئەندامی هەرێمی پێشڕەو و بازنەی پەیوەندیی نێوان
هەرێمی پێشڕەو و هەڵۆی سوور بووم. زۆر جار لە (باب الشرقي) و (أبي نواس) و (شارع
الجمهوري)، مولازم جوامێرم دەبینی بۆ کاروباری رێکخراوەیی و سیاسی یەکێتیی نشتیمانیی
کوردستان. جوامێر پیاوێکی سپی رەنگ، چاو خڕ و رەنگ شینی فەیروزیی و برژانگ درێژ و
رەش بوو ، بەژن و باڵا بەرز، ناوشان پان و دەست و مەچەک ئەستوور بوو، بێجگە لە
ئازایەتی و رەوشت بەرزی، جوانیی (یونان)ی و (یوسف)ی هەبوو.
بەداخەوە بە هۆی
خۆفرۆشێکەوە زوو کەوتە داوی دوژمنەوە، لە ئەمنی عامە لەگەڵ هاوڕێکانی زیندانکران.
ئەوان خاوەن بیر و باوەڕ بوون، بروایان بە راستیی زێبازەکەیان هەبوو، بۆ شکاندنی تەلیسمی
دوژمن لە گەرمەی دەسەڵاتی بەعسدا، لەگەڵ هاوڕێکانی هەوڵی رزگاربوونی خۆیان دەدەن،
مولازم جوامێر لە زیندان و ئەمنی عامە رزگاری دەبێت و لە کۆڵانێکی بنبەست لە بەتاوین
لە لایەن شورتەی(موکافەحە)وە جارێکیتر دەستگیر دەکرێت و (سەلمان)یش لە سەر دیواری
ئەمنی عامە بریندار دەبێت و قاچی دەشکێت. جوامێر لەگەڵ هاوڕێکانی (سەلام و سەلمان
و عادل و جەمال و شێرۆ) لە بەهاری ساڵی (1978) لە سێدارە دران، بەداخەوە ئاواتەکەی مولازم جوامێر نەهاتەدی و نەیتوانی بەشێک
لە چالاکییەکانی شۆڕشی نوێ بگوێزێتەوە بۆ بەغدای پایتەخت، بەڵام شوکر شۆڕشەکەی سەرکەوت
و رژێمی بەعسیش رووخا.
لە کاتی گفتوگۆی
ساڵی(1984)ی نێوان یەکێتی و میرییدا، مام جەلال دەیگێڕایەوە: دکتۆر فازیل بەراک، بەرێوەبەری
ئەوسای(ئەمنی عامه)ی عیراق، لە دانیشتنێکی دوو قۆڵیدا بە مام جەلال-ی وتووە: کەسێکی
ئێوە کە زۆر قارەمان و خۆڕاگر و ئازا بوو، ناوی جوامێر سایەمیر بوو لای ئێمە گیرابوو،
سزاکەشی ئیعدام بوو، داوام لە سەدام کرد،حەیفە ئەفسەرێکی وەها ئازا و بەجگەر و خۆڕاگر لە سێدارە بدەین، سەدامیش وتبووی: باشە لێیخۆش
دەبین، بەمەرجێک داوای لێبوردن بکات، داواکەیان خستبووە بەردەم جوامێر، ئەویش بە زەردەخەنەیەکەوە
داواکەی سەرۆک کۆمار واتە داواکەی سەدام رەتدەکاتەوە و دروشمەکەی خاڵە شیهاب (کەم
بژی و کەڵ بژی) جێ بەجێ دەکات.
هەزار سڵاو و
درود بۆ گیانی پاکی رەوانشاد مام جەلال و مولازم جوامێر و گشت شەهیدانی کورد و
کوردستان.