7وتار

مێژوو وەک راپەڕینی یادەوەری

5/4/2026 12:37:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

ئەوسا لە خانەقین:
مامۆستا مەجید غاندی دەیوت؛ 
فەلسەفە دایکی زانستەکانە. 
مامۆستا مەجید ئیبراهێم دەیوت؛
جوغرافیا باوکی زانستەکانە. 
فەیزە کەبابچی هەڵیدایە و وتی:
ئیستا زانیمان دایک و باوکەکە کێین، 
بەڵام منداڵەکەیان کێیە؟
مامۆستا داود عەلی عەبدی هاتە جواب و وتی:
تاريخه، مێژووه.
ئەم بیرەوەییە بوو بە ئیلهامبەخشی ئەم نووسینە پوخت و سادەیەم.

مێژوو تەنها چەند پەڕەیەکی زەردبووی ناو کتێبە تۆزاوییەکان نییە، نە لیستێکی ساردی ناوی پاشاکان و جەنگە لەبیرکراوەکانە، بەڵکو ئەو لێدانەیە کە لە دەمارەکانی ئێستاماندا دەگەڕێت؛ ئەو رەنگەیە، کات لەسەر جەستەی بوون نەخشاندوویەتی. مێژوو هەوڵی بەردەوامی مرۆڤە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی نەبوون بە “یادەوەری” و رووبەڕووبوونەوەی فەنا بە “چیرۆک”.

ئێمە مێژوو نانووسینەوە تەنها بۆ ئەوەی بزانین چی روویداوە؛ بەڵکو بۆئەوەی تێبگەین ئێمە کێین، چۆن گەیشتووین بەم شێوەیەی ئێستا و باوەڕە کۆنەکانمان بەرەو کوێمان دەبات.

لە ناوەرۆکە فەلسەفییەکەیدا، مێژوو بریتییە لە “هۆشیاری بە کات”. ئەگەر کات رووبارێکی بێوەستان بێت، ئەوا مێژوو ئەو بەلەمەیە، دروستی دەکەین بۆئەوەی پێوەی بپەڕینەوە، بێ ئەوەی لافاوی فەرامۆشی هەڵمانبلووشێت. لە روانگەیەکی رۆمانسییەوە، مێژوو حەسرەتی گشتیی مرۆڤایەتییە؛ دەنگی باپیرانمانە، لە رێگەی دیوارە کۆنەکان و نەخشی سەر بەردەکانەوە لە گوێماندا دەچرپێنن.

وەک هیگڵ دەڵێت، مێژوو “بوون”ێکی بەردەوامە کە تێیدا رۆحی مرۆڤ لە پێناو گەیشتن بە ئازادی خۆی دەردەخات. ئێمە لە رابردوودا وەک شتێکی مردوو ناڕوانین، بەڵکو وەک بوونەوەرێکی زیندوو دەیبینین؛ هەر بەردێکی قەڵایەکی کۆن، هەر تەونێکی ماڵێکی لادێیی، شایەدی ململانێی مرۆڤن لەگەڵ لەبیرچوونەوە. مێژوو سەرکەوتنی یادەوەرییە بەسەر مردندا. ئەم چەمکە بەدرێژایی سەدەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە؛ لە ئەفسانەی دەوری ئاگری ئەشکەوتەکانەوە دەستی پێکرد، پاشان گەشەی کرد بۆ زانست. مێژوو لە نووسینەوەی شکۆمەندیی پاشاکانەوە گۆڕا بۆ “ژیاننامەی گەلان”.

شەرەفخانی بەدلیسی تەنها میرێکی شاری بەدلیس نەبوو، بەڵکو ئەو یەکەم کەس بوو کە بە نووسینی «شەرەفنامە»، ناسنامەیەکی نەتەوەیی بۆ مێژووی کورد دامەزراند. لە سەردەمێکدا کە مێژووی ناوچەکە لەژێر سایەی ئیمپراتۆریەتە گەورەکاندا ون ببوو، ئەو بە دیدێکی وردبینانە نەخشەی میرنشینە کوردییەکانی کێشا و رەگی مێژوویی نەتەوەکەی پاراست.

تیۆرییە نوێیەکان، چەمکە کلاسیکییەکانیان تێکشکاندووە؛ ئێستا باس لە “مێژووی پەراوێزخراوەکان” دەکرێت، دەنگی ژنان، هەژاران و کەمینەکان کە لە مێژووە فەرمییەکاندا سڕابوونەوە. مێژووی ئەمڕۆ بووەتە “مرۆڤناسیی رابردوو”.

لێرەدا رۆڵی کۆمەڵایەتی مێژوو وەک ئاوێنەی ناسنامە دەردەکەوێت. ئەو کۆمەڵگایانەی مێژوویان نییە، وەک کەشتییەکی بێ قیبلەنومابن. یادەوەریی گشتی ئەو قەڵایەیە کە کۆمەڵگا لە کاتی تەنگانەدا پەنای بۆ دەبات.

ئەم رۆڵە بە جوانی لە مێژووی کوردستاندا دەردەکەوێت؛ ئەو جوگرافیایەی چیرۆکەکەی بە فرمێسک و قارەمانێتی لەسەر تاشەبەردەکانی زاگرۆس و تۆرۆس نووسراوەتەوە. مێژووی کوردستان تەنها گێڕانەوەی مەینەتییەکان نییە، بەڵکو داستانی بەردەوامی و راگرتنە.

لە هۆشیاری کوردیدا، چیا تەنها بەرزایی نییە، بەڵکو دۆست و مێژوونووسێکی بێدەنگە. کەلتوری کوردی لە رێگەی موزیک، هەڵپەڕکێ و رەنگە گەشەکانەوە بووەتە ئامرازێکی بەرگری. «مەم و زین»ی ئەحمەدی خانی تەنها چیرۆکی ئەوینداری نییە، بەڵکو فەلسەفەی نەتەوە و بوونی کوردە.

لە کۆتاییدا، مێژوو گەشتێک نییە بۆ دواوە؛ بەڵکو گەشتێکە بۆ ناو قووڵایی خۆمان. ئێمە مێژوو ناخوێنینەوە بۆ شیوەن بۆ لەدەستچووەکان، بەڵکو بۆئەوەی لەسەر ئەوەی ماوەتەوە بنیاد بنێین.

هەر ساتێکی ئێستا، مێژوویەکە لە دروستبووندا.
مێژوو ئەو مەشخەڵەیە، دەست بە دەست دەگوازرێتەوە؛
رەنگە دەستەکان بلەرزن،
رەنگە رووناکییەکە کەمێک کز بێت،
بەڵام مەشخەڵەکە هەرگیز دانامرکێتەوە.

ئەگەر یادەوەریمان لەدەست بدەین،
نەک تەنها رابردوومان ون دەبێت،
بەڵکو داهاتووشمان بێ ناونیشان دەبێت.

مێژوو هەر لە نووسینەوەدایە.
 راستییەکی سادە دەڵێت:
ئێمە...
یان دەنووسین،
یان دەنووسرێین.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن