کاتێک گفتوگۆ دەبێتە ئاوێنەی نەتەوە
5/24/2026 1:12:00 PM
عیماد ئهحمهد
لە سەردەمێکدا کە جیهان لە نێوان جەنگ و ئاشتی، ڕاستی و پرۆپاگەندا، هێز و بەرژەوەندی دەسوڕێتەوە، مرۆڤی ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە گفتوگۆ هەیە؛ نەک تەنها لە نێوان دەوڵەت و خەڵکدا، لە نێوان چەپ و ڕاستدا بەڵکو لە نێوان خۆمان و ویژدانی خۆمان. چونکە زۆرجار، چارەسەری گەورەترین قەیرانەکان لە پرسیارێکی سادەوە دەستپێدەکات.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەورووپا، لە ئاسمانی ئۆکراین بۆ کەنارەکانی غەززە، لە شەری ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێرانەوە بۆ کەنداو، لە ناوچەکەو عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، مرۆڤ لە نێوان ترس و هیوا، جەنگ و ئاشتی، داهاتوو و نادیاری دەژی. لەم ئاڵۆزییەدا، جارێک ویستم لەگەڵ ژیان گفتوگۆ بکەم؛ نە لە ژووری بارەگا و مەکتەبەکان و کۆبەنەوەی سیاسی، نە لە هۆڵی کۆنفرانس، بەڵکو لە دامێنی شاخەکانی کوردستان.
لە ژێر سێبەری دارێکی بەرووی کۆن لە سەرسیر، چوار دەنگ کۆبوونەوە: پیاوی شار، پیاوی لادێ، گەنجێک و پیرێک. دوواتر ژنێکیش هات؛ ژنێک کە لە چاوانیدا دانایی ژیان و ئارامی دایکایەتی دەدرەوشایەوە.
پیاوی شار، بە جلێکی ڕێک و تەلەفۆنێکی زیرەک لە دەستدا، وتی:
— جیهان بە خێرایی دەگۆڕێت. ئەمڕۆ هێز لە زانیاری، ئابووری و تەکنەلۆژیادایە. ئەگەر نەجوڵێین، لە دواوە دەمێنین.
پیاوی لادێ، دەستەکانی بۆنی خاک و گەنمیان لێدەهات، بە ئارامی وەڵامی دایەوە:
— ڕاستە،بەڵام ئەو دارەی بە خێرایی گەشە بکات و ڕەگی قوڵ نەبێت، یەک با دەتوانێت بیکاتە خاشاک.
پاشان ئاماژەی بۆ شاخەکان کرد و وتی:
— ئەم شاخانە فێرمان دەکەن؛ بەرزبوون بەبێ بنەڕەت، مانای نییە.
گەنجەکە، بە چاوانێکی پڕ لە خەون، وتی:
— ئێمە زۆرێک لە تەمەنی خۆمان لە چاوەڕوانیدا لەدەست دەدەین؛ کار، موچە، خانوو، هاوسەرگیری، دڵنیایی بۆ سبەی… هەموو شتێک بووەتە پرسیار. ئێمە چی بکەین؟
پیرەمێرد بە هێمنی پێکەنی و وتی:
— کوڕم، نەوەی ئێوە زوو وەڵامی دەوێت، بەڵام ژیان زوو بەرهەم نادات. خاکیش ئەگەر ئەمڕۆ تۆو بچێنیت، سبەی میوە نادات.
پاشان وتی:
— پێشینان دەیانوت: ئەوەی بە پەلە دەڕوات، زۆرجار ڕێگا ون دەکات.
ژنەکە، لە هێمنییەکەیدا هێزێکی گەورە هەبوو، وتی:
ـــ ئێوە هەمووتان لە دەسەڵات، ئابووری و سیاسەت دەدوێن… بەڵام کێ لە مرۆڤ دەدوێت؟
پیاوی شار:
ـــ مەبەستت چییە؟
ژنەکە وتی:
ـــ ئەو کۆمەڵگایەی ژن تێیدا ئارام نەبێت، منداڵ تێیدا دڵنیا نەبێت، و پیاو تێیدا متمانەی بە سبەینێ نەبێت… شار هەرچەندە بیناکانی بەرز بن، هێشتا ناتوانرێت پێی بڵێین گەشە.
پیاوی لادییەکە چاوی داخست و وتی:
ـــ ڕاستت کرد.
لە کۆتاییدا دوو دەنگی تر سەریاهەڵدا؛ یەکێکیان گەشبین بوو، ئەوی تر ڕەشبین.
گەشبین وتی:
ـــ هێشتا هیوا هەیە. هەرێم زۆر قۆناغی سەختی بینیوە و هێشتا ماوە.
ڕەشبین بە تاڵییەوە وتی:
ـــ بەڵام خەڵک ماندووە… متمانە کەم بووە… جیهانیش دڵسۆز نییە.
لەو ساتەدا پیرەمێردەکە وتی:
ـــ هەردووکتان بەشێک لە ڕاستین. ڕەشبینی بەبێ کردار بێهیوایییە، گەشبینیش بەبێ ڕاستبینی خەونە.
ئەم دیاڵۆکە، قسەیەکی زێرینی بیر خستمەوە کە دەڵێت:
“لە ناو زستاندا، بەهارێکی شاڕاوە لە ناخیدا حەشاردراوە.”
من، لە نێوان ئەم هەموو دەنگانەدا، هەست دەکەم هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێویستی بە گفتوگۆیەکی نوێ هەیە؛ نە گفتوگۆی تاوانبارکردنی یەکتر، بەڵکو گفتوگۆی بونیادنان.
پێویستمان بە وڵاتێکە بۆ هەموومان بێت …
بە شارێکە، یاسا سەروەر بێت...
بە لادێیەک، ڕەگ بپارێزێت…
بە گەنجێک، خەون ببینێت…
بە پیرێک، ڕێگا بناسێت…
بە ژنێک، ژیان بپارێزێت…
و بە پیاوێک، بەرپرسیار بێت...
کاتێک خۆر هێواش لە پشت شاخەکانی شارباژێر ئاوادەبوو، هەموویان بێدەنگ بوون. تەنها دەنگی با دەهات و گەڵای دارەکان دەجوڵان.
لەو ساتەدا تێگەیشتم:
ملەت بە قسەی زۆر دروست نابن… بە گوێگرتن لە یەکتر دروست دەبن.
و پێشینان ڕاستیان وتووە:
“ئەو ماڵەی گفتوگۆی تێدا بمرێت، ناکۆکی دەرگای دەکاتەوە.”
هێشتا باوەڕم وایە؛
کوردستان، هەر کاتێک گوێ لە هەموو دەنگەکانی خۆی بگرێت، دەتوانێت جارێکی تر خۆی سەرلەنوێ بنیات بنێتەوە.