چاوبرسی
11/10/2026 12:07:00 PM
کاروان ئەنوەر
ئەڵێن تەنها گۆڕە كە چاوی مرۆڤ تێر بكات، كەسیش لەگەڵ خۆی هیچ شتێك ناباتە ناو گۆڕەوە..
دەگێڕنەوە كە ئەسكەندەری مەكدۆنی هەموو سەرزەمینی كۆن داگیر دەكات، ئیتر وشكانیەك نامێنێتەوە بۆ داگیركردن، بۆیە روو لە ئاسمان و دەست بە گریان دەكات، دەڵێت: خودایە ئیتر من كوێ داگیر بكەم؟
هەر ئەم كەسە دەكەوێتە ناو جێگا و نەخۆشیی زۆری بۆ دەهێنێت، وەسیەت بۆ دارودەستەكەی دەكات: كە مردم با هەردوو دەستم لە تابوتەكەوە بێنە دەرەوە، بۆئەوەی خەڵكی سەرزەمینەکەم بزانن كە من هیچم لەگەڵ خۆم نەبرد بۆناو گۆڕەكەم..
خۆی لەراستیدا وشەی برسی بۆ (سك) بەكاردێت، بەڵام لە بونیاتی مرۆڤدا، تێربوون خەمێكی ئەزەلییە، ھەیە بە کەم تێردەبێت، ھەیە بەزۆریش تێر نابێت، بۆیە لە كوردیدا وشەی برسی بە هەموو ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤەوە لكێنراوە: (سكی برسی، چاوی برسی، گیرفانی برسی، ناوگەڵ برسی، دەستی برسی، دڵی برسی.. هتد). بۆ هەر شوێنێكیش لەمانە شیكار و قوڵبوونەوە و شۆڕبوونەوەی جیاواز ھەن، من دەڵێم برسیبوون حاڵەتێكی بایۆلۆجیە و هەموو زیندەوەران برسی دەبن و دەبێت تێر ببن، یان تێریان بكەیت یان خۆیان هەوڵی تێربوونی خۆیان بدەن، بۆیە بەھێز لاواز قوت دەدات.. یاسای دارستان لەمەوە پەیدابوو کە مانەوە بۆ بەھێزەکانە، بەڵام کۆمەڵگەی مەدەنی دەڵێت مانەوە بۆ باشترینەکانە، چونكە ژیان لەسەرزەویدا بەردەوام نابێت گەر مرۆڤەکان بە شەریعەتی دارستان حوکم بکەن، برسیەتی بڵاودەبێتەوە، ئەوسا ئەوەی پارەی پێبوو بۆئەوەی تێرتر بێت، ئەوانی تر قوتدەدات، دەوڵەمەند ھەژار دەپارێزێت، بەڵام لەگەدەو ریخۆڵەیدا ھەڵیدەگرێت، ئەمەش ئەو مەترسییەیە کە بیرمەندان بە لەناوچوونی سۆزی مرۆڤایەتی دەیناسێنن.. لەبەر ئەمانەیە دروشمی برسی بۆ شۆڕشەكان و بزووتنەوەكان و حزبەكان و گروپ و دەستە و تاقمەكانیش دروشمێكی جوان و گونجاو و لەبارە بۆ هەموو كات و شوێنەكان.
جا ئەم هاوكێشەیە (تێربوون كە دژەكەی برسی بوونە) وەك كەلێنێكی فەلسەفی لە بەرانبەر یەكدا دژ دەوەستن، بەنموونە مێشك تێر بێت سك برسی دەبێت، سك تێر بێت ناوگەڵ برسی دەبێت، چاو تێر بێت مێشك برسی دەبێت، گیرفان تێر بێت هەموو ئەندامانی جەستە برسی دەبن بە دەست و چاو و مێشك و دڵ و دەروون و هەست و نەستەكانیشەوە، بەڵام هەر كەسایەتیەك جگە لە ئاژەڵ، واتە هەر بیرمەندێك بەجۆرێك لە جۆرەكان برسی دەبن، لەوانەش برسی بوونی دەسەڵات و كورسی و پارە و پول و ماركە و جلوبەرگ و ترۆمبێل و پۆز و بۆینباخ و بۆن و باخ و ئێكسسوارەكانی تری ژیان.... ئەی ئەگەر تێركردن ئەرکی ژیرەکان بێت، کەواتە تێربوونی ساوا و شیرەخۆرە و مێردمناڵ و ژن و دایك و باوك و میللەت و هەژاران و خاوەن پێداویستیەكان... پرۆسەیەکی ئاسان نابێت.. بەشێوەیەكی گشتی ئەم هەویرە ئاوی زۆر دەكێشێت، ئەوەی برسێتی راستەقینەی نەدیبێت نازانێت كە میللەتی برسی دیواریی پۆڵایینیش دەڕوخێنێت..، سك هەڵگوشین چمكێكی دیاری مێژووی كورد بوە، بۆیە لە زمانەكەماندا پرسی بوون و تێریی و برسیەتی زۆر بە قوڵی رۆچوەتە ئەدەبیات و ئیدیۆم و زمانی بازاڕیشەوە: (تێر ئاگای لە برسی نیە، دەستی ماندوو لەسەر سكی تێرە، بە سكێك تێرە بە دە برسی، لە برسی مەپرسە باسی نان بكات، نانی جۆ و دۆی ترش ئەیخۆیت بیخۆ نایخۆیت چش....)
لەم پەندانەوە بەتایبەتی لە نان و دۆی ترش ـەوە، دەردەكەوێت كە پارەكان تەنها ژمارەن و هیچی تر نین، چونكە كەسمان نابینە ئەسكەندەر، ئەو هیچی نەبرد ئەی تۆ چی دەبەیت؟؟ لەبری یەك ملیۆن با سەد ملیۆنیش وەربگریت، بەڵام وەك خائین، خۆفرۆش، دین فرۆش، گۆڕەكەشت لە ئامێزت ناگرێت.
تف لە ملیۆن تف لە ملیار تف لە دۆلار تف لە ڤێلا تف لە ماشین تف لە دینار..
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
كاروان ئەنوەر
(سێگۆشەی خڕ) گۆشەیەکی ھەفتانەیە ھەموو دووشەممەیەک لە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) بڵاودەبێتەوە..