نێوانی مرۆڤ و دارخورما
9/25/2025 1:32:00 PM
عیماد ئهحمهد
ماوەیەکە خولیای نووسینک لە خەیاڵمدایە لەبارەی دارخورماوە. وەک دیار و سەلمێنراوە، رووەک پێش گیانلەبەر هەبووە، قەوزە و بەکتریا و خانە وردیلەکان سەرچاوەی دروستبوونی ژیان و گیانلەبەرەکانن. رووەک بە بێ گیانلەبەر دەژی، بەڵام بە پێچەوانەوە گیانلەبەر بە بێ رووەک ناژی.
لە ناو رووەکەکاندا هەندێ درەخت رێز و پیرۆزیی خۆیان هەیە، وەک دار خورما و داری زەیتون ...بەهەمان شێوە مرۆڤیش لەناو گیانلەبەرەکاندا.
بە پێی سەرچاوەی کۆن و دیانەتی ئیبراهمی، (ئادەم)و (حەوا) لەسەر خواردنی سێوێک لە بەهەشت دەرکران و بێبەشبوون لە خۆشیی و کەیف و سەفای بەهەشت و کەوتنە سەر زەوی و دونیای (فانی)!
هەر بەپێی هەمان سەرچاوە، حەزرەتی (مەریەم) لە کاتی دووگیانییدا، تا لە دایکبوونی حەزرەتی (مەسیح) لە ژێر دارخورمایەکدا مایەوە، دارەکە بوو بە سێبەر و خورماکەشی بوو بە سەرچاوەی خواردن و بەردەوامبوونی ژیانی!
دەتوانین بڵێین دار سێو بوو بە هۆی دەرکردنی پێغەمبەرێک لە بەهەشت و دارخورماش بوو بە هۆی لە دایکبونی پێغەمبەرێک کە رزگاریی هەموو گیانلەبەرانی سەر زەوی بخرێتە ئەستۆی و بیانبات بۆ بەهەشت!
خاڵو میرەلی دوکاندار، نە داروینی دەناسی و نە کتێبی (اصل الأنواع)ی خوێندبوەوە، ئەیوت؛ ئینسان لە دارخورما دەچێت!
لە کتێبی (اصل الأنواع )ی دارویندا لە یەکچونی مرۆڤ و جۆرێک لە مەیمون باس دەکات.
نازانم منیش وەک خاڵو میرەلی دەتوانم هەندێ بەراورد لەنێوان مرۆڤ و دارخورمادا بکەم !؟ هەندێ لەیەکچونی مرۆڤ و دارخوما هەن؛ وەک قەد و باڵا و سەر و جۆر و رەگەزی نێر و مێ و پیتاندن لە کاتی خۆیدا و تەمەن و قۆناغەکانی وەک ساوا و منداڵ و مێرد مناڵ و گەنج و بەتەمەن و پیر و بەساڵاچوو!
شاری خانەقین ناسراوە بە زۆر شت، بەتایبەتی بە ئەڵوەن و باخەکانی، باخەکانیش پرن لە دارخۆرمای جۆراوجۆر و پر بەرەکەت. ئێمەی دانیشتوانی گەڕەکی جەلەوە هەڵهاتنی خۆرەتاومان لە پشتی دارخوماکانەوە دەبینی و هەر لە پشتی دارخوماکانیشەوە خۆر ئاوادەبوو.
هەڵکەوتی جوگرافی جەلەوە کەوتۆتە نێوان روباری ئەڵوەن و باخەکان. خەڵکەکەشی بە گەورە و بچوک، بە ژن و پیاو، خویندەوار و نەخوێندەوارەوە ئاشنای دابو نەریتی باخەوانین.
هەموو ساڵێ ؛
لە مانگی (چوار)دا وادەی تەکریب بوو (بەواتای بڕینی سەعفە وشکەکان) و پیتاندنی دارخورماکان.
لە ناوەڕاستی مانگی (پێنج )دا شۆڕکردنەوەی خوشەخوماکان بۆ خوارەوە.
لە مانکی (دە ) وادەی بڕینی خورمای زەهدی دەهات، ئەمە پێیدەوترێت (سەرام)، هەندێ خەڵک بە هەرەوەزیی خورمای سەر ئەرز کۆدەکەنەوە، بەمەش دەوەترێت (زگار)، لە دواییدا لەبەرامبەر کارەکەیان هەندێ خورما و خەستە خەڵاڵ(فەریکە خورما) وەردەگرن.
هەموو ساڵێک، دوای تەواو بوونی سەرام و زگار، خەڵکەکە هەریەکە و لە بەردەرگای خانووە قوڕەکانیاندا بە مەنجەڵی گەورەی مس، لەسەر ئاگری داری وشک و سەعاف و کەڕاب، خورما و خەستەخەڵاڵەکان دەکەن بە دۆشاوی خورما.
دایکم گەوهەر و میم فەخرییە و میم هەیبەت و میم عاسمە و میم رەبابە لەو وەرزەدا خەریکی دۆشاو دروستکردن دەبوون.
جارێکیان، باوکم تازە کۆچی دوایی کردبوو، منی هەتیو و دڵشکاو لەبەردەستی دایکم کارم دەکرد، لە کۆتایی پرۆسەی دروستکردنی دۆشاوەکە و ریکلامکردنی دایکم بۆ بەرهەمەکەی وەهای وت: دۆشاوەکەمان شیرین و جوانە بەقەد پەڵە قرمزێەکەی سەر گوپی عیمادی کوڕم.
ئای چەند دڵم بەو دەربڕینە خۆش بوو، تا ئیستاش ئەو دەربڕینە لە مێشکمدا وەک ئەڵماس دەبریسکێتەوە.
ئێمە دوای مردنی باوکمان زۆربەی رۆژ لەسەر سینی فافۆن ولە ناو قاپی قوپاوی فافۆن، چەند کەوچکێک دۆشاوی خورمامان بە نانێکی بایعی خاڵو ئەحمەد نانەواوە دەخوارد.
وەک خوو، نانەکەم دەخستە سەر رانی چەپم و بە پەنجەکانی ئەسپێ کوژە و دۆشاو مژە و باڵا بەرزە قنچکێک نانم لێدەکردەوە و دەمسوو بە بنی قاپەکەوە و دەمکرد بە پاروویەک و برسێتیم راو دەنا و خۆم تێر دەکرد.
بێجگە لە سەرام و زگار، جۆرەکانی تری خورما کە زۆرن، باخەوانەکان خۆیان لێیان دەکردنەوە و بە قەوشەر و سەبەتەی خۆس دەیانهێنایە خوارەوە.
بە (توبێلە)باخەوانەکان سەردەکەوتن بەرەو سەرەوی دارخورماکان، جاروباریش هەندێکیان دەکەوتنەخوارەوە و تووشی ئەزێت و مەینەتی دەبوون، لەوانە خاڵو عارف و سەعیدە کوێر و جەلال حەسەن.
راستە ئێمەی خەڵکی خانەقین شانازیی بە دارخورماوە دەکەین، وەکو ئاوی ئەڵوەن سەیری دەکەین، هەروەها شانازیی بە داری بەڕووی شاخەکانی کوردستانیشەوە دەکەین و وەکو ئاوی زەمزەم لێی دەڕوانین!
خانەقین شارێکی کوردستانییە و پرە لە نیعمەت و خێر وەک ئەڵوەن و باخ و کانزا و هەڵکەوتەی جوگرافی و خەڵکی شارەزا و بەتوانا و مۆزایکێکی جوان و دەگمەن، لە پێکهاتە و دین و مەزهەبی هەمەجۆر.
بەڵام بەداخەوە، لە سەردەمی رژێمی بەعس و دکتاتۆرییەتدا بە سیاسەتی کاولکردنی شارەکە، کەوتنە بڕین و کەمکردنەوەی باخەکان و دەربەدەرکردنی خەڵکی رەسەنی خانەقین.
لەم ساڵانەی دواییدا، بەهۆی کەمیی ئاوی ئەڵوەنەوە بەشێک لە باخەکان وشکبوون. هەروەها بە هۆی چاوچنۆکیی هەندێ خەڵک و بێباکیی دەسەڵاتدارانی شارەکەوە، باخەکانی خانەقین کەوتنە بەر شاڵاوی بڕین و سوتاندن و کردنیان بە عەرەسە و بیناسازی.
ئەمەش خۆی لەخۆیدا تاوانێکی گەورەیە دژ بە ژینگەی و داهاتی وڵات و شاری خانەقینە بێ نازەکەمان. کە لەڕاستیدا رەوای هەق نییە بەرپرسانی دڵسۆز و خەڵکی رەسەن و بەشەرەفی خانەقین، بەرامبەر ئەم تاوانە گەورەیە دەستەوەستان و بێ دەنگ راوەستن.