21وتار

سەمای ڕۆح لە ئاوێنەی تەمەندا

5/14/2026 2:12:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

مرۆڤ، دوای تێپەڕبوونی ساڵانێک لە تەمەندا، کاتێک لە نشێوو هەورازەکانی ڕابردووی خۆی دەڕوانێت، تێدەگات ژیان تەنها کۆکردنەوەی ژمارەی ڕۆژ و مانگ و ساڵ نییە؛ بەڵکو گەشتێکی درێژە بەدوای مانا، بەدوای ناسینی خۆ، و لە بنەڕەتدا بەدوای جوانیدا. ئەو جوانییەی، نە تەنها لە ڕووخسار و شکڵدا دەبینرێت، بەڵکو لە قووڵایی ڕۆح، لە جەوهەری بوون، و لەو شتانەدا حەشار دراوە کە زۆرجار چاوەکانمان بە خێرایی بەسەریاندا تێدەپەڕن.

ئەمڕۆ، کاتێک لە ئاوێنەی تەمەندا سەیری خۆم دەکەم، زیاتر لە هەر کاتێک تێدەگەم گەورەترین پەیام بۆ مرۆڤی ماندووی ئەم سەردەمە ئەوەیە: بێهیوایی، گەورەترین خیانەتە کە مرۆڤ دەتوانێت لە ڕۆحی خۆی بکات. چونکە ئەوەی مرۆڤ بە زیندوویی ڕادەگرێت، تەنها هەناسە نییە… هیواشە. هیوا، ئەو مۆسیقا ناوەکییەیە، تەنانەت لە بێدەنگترین چرکەساتەکانیشدا، ئاوازی مانەوە دەژەنێت.

ژیان و مردن، دوو ڕووی یەک تابلۆی مەزنن. ئەگەر ڕەشیی مردن نەبێت، سپێتی و ڕووناکیی ژیان ئەو هەموو مانایە نابەخشێت. ئێمە لەبەر ئەوە عاشقی ژیانین، چونکە دەزانین کاتییە؛ و هەر ئەم کاتیبوونەشە شکۆیەکی هەتاهەتایی بە ساتی ئێستا دەبەخشێت. بۆیە نابێت ڕێگا بدەین تەمومژی بێهیوایی پەنجەرەی ڕۆحمان تاریک بکات؛ چونکە مرۆڤ، تا کاتێک بتوانێت گوڵێک بۆن بکات، گوێ لە ئاوازێک بگرێت، یان ئەستێرەیەک لە ئاسماندا سەیر بکات، تامی ئەسرینی چاوان بکات… هێشتا شکستی نەخواردووە.

کاتێک سەیری سروشت دەکەین، گەورەترین وانەی خۆناسی دەخوێنینەوە. جوانی لە نەمامێکدایە کە لە ناخی خاکەوە سەرهەڵدەدات بۆ ئەوەی بگاتە تیشکی خۆر. لە چرۆیەکدایە کە بە ئارامی لەسەر لقێکی دار دادەنیشێت. لە باڵندەیەکدایە کە لە ئاسمانی ئازادیدا سەمای بوون دەکات. لە گوڵێکدایە بێ هیچ وشەیەک، وانەی جوانی و بێدەنگی دەڵێتەوە.

لە شنەبای بەیانیاندا، هەناسەی نوێبوونەوە هەیە. لە ئەستێرەکانی شەواندا، پەیامی ئەوە هەیە کە تاریکی، هەرچەند قووڵ بێت، ناتوانێت ڕووناکییەکی بچووک بکوژێنێتەوە. شاخەکان فێری بەرگریمان دەکەن، دۆڵەکان فێری نەرمی و لێبوردەیی، و ڕووبارەکانیش فێری ئەوەمان دەکەن کە بۆ گەیشتن بە دەریا، دەبێت بەردەوام بڕۆیت.

هەندێ جار مرۆڤ تەنها لە ژێر سێبەری دارێک دادەنیشێت؛ بێ قسە، بێ کتێب، بێ مۆبایل و ئایپاد ، تەنها خۆی و بیرەوەرییەکانی. لەو ساتەدا، تابلۆی یادەوەرییەکان بە خۆرسک دەبن بە شیعر؛ دەنگی هاوڕێیانی لەدەستچوو، بزەی دایک، چاوی یار، گەنجیی تێپەڕیوو، و خەونەکانی ساڵانی دوور. لەوێ ڕۆح ؛ بێ وشە دەست بە قسەکردن دەکات.

مۆسیقا و ئاواز، زمانی هاوبەشی گەردوونن. گۆرانییەک دەتوانێت مرۆڤ بگەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی گەنجی، بۆ یەکەم خۆشەویستی، بۆ شەوانێک کە دڵ هێشتا بە سادەیی خەونی دەبینی. مەقامێک دەتوانێت مێژوو لە ناو دڵدا زیندوو بکاتەوە. چونکە ڕۆحی مرۆڤ، هەمیشە تینووی جوانییە.

بەڵام گەورەترین جوانی، لە دڵی دایکدایە؛ ئەو دڵەی کە یەکەمین قوتابخانەی میهرەبانی و مرۆڤدۆستییە. و دواتر، لە دڵی یار؛ ئەو ئاوێنەیەی کە مرۆڤ تێیدا جوانترین و نادیارترین لایەنەکانی خۆی دەبینێت.

دوای ساڵانێک لە ئەزموون، گەیشتوومەتە ئەو ڕاستییەی کە خۆناسی، گەورەترین جۆری جوانییە. کاتێک مرۆڤ بزانێت کێیە و بۆچی لێرەیە، ئیتر نە لە مردن دەترسێت، نە لە تەنهایی. چونکە دەزانێت هەموو گوڵێک، هەموو باڵندەیەک، هەموو دارێک، هەموو ڕووبارێک… بەشێکن لە خێزانی گەورەی بوون.

من، وەک کۆیلەیەکی گوێڕایەڵی ڕۆحی خۆم، دوای ئەم تەمەنە، زیاتر لە هەر کاتێک باوەڕم بەوە هەیە کە ژیان کورتترە لەوەی بە غەم بگوزەرێت؛ بەڵام هێندە درێژە بتوانیت  تابلۆیەکی جوانی لێ دروست بکەیت؛ تابلۆیەک لە میهرەبانی، ئەشق، و ئومێد و خۆشەویستی.

با بێهیوایی و بێئومێدی، وەک گژوگیایەکی بێسوود، لە باخچەی دڵمان هەڵکێشین. با عاشقی جوانی بین. چونکە گەردوون، تەنها عاشقی ئەو ڕۆحانەیە… کە تەنانەت لە نێو ئازارەکانیشدا، فێری سەمای ڕووناکی دەبن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن