کورتە باسێک سەبارەت بە سنە و فەتانەی وەلیدی
9/10/2025 11:23:00 AM
عیماد ئهحمهد
درەنگ وەختانی شەوە و خەوم لێناکەوێ، چاو دەنوقێنم و برژانگەکانم وەک لاولاو باوش بەیەکدا دەکەن، ئەوسا هەزار و یەک روداو و بیرەوەریی دێن بە خەیاڵمدا کە چاویش دەکەمەوە دونیا تاریک دەبینم.!
نازانم چی بکەم، بۆ ئەوەی دەهری نەبم، ناچار پەنام برد بۆ حەزێکی خاڵی رەوانشادم مامۆستا موحسین، کە مەست دەبوو بە دەنگی پەریئاسای فەتانەی وەلیدی خێرنەدیو سەبووریی دەهات. منیش لەوکاتەدا مەستبووم بە دەنگی زوڵاڵی فەتانە و گۆرانیی (ههركهس عاشق بێ…)
ههركهس عاشق بێ ههرسهرگهردانه
یارم نهدیوه ماڵم وێرانه
لهژین بێزارم عاشقی دڵدارم
رهحمێکت ههبێ بۆ دڵهی غهمبارم
تۆ گوڵی ژیانمی، ئاواتی گیانی منی
ئارهزووی ژیانمی، ئارهزووی گیانمی)
بە راستی کەوتمە دونیای سحراوی خۆمەوە، تا رۆژ وەردە تیشکی باراندە سەر تاریکی شەو!
فەتانەی وەلیدی ژنێکی دەنگخۆش و هونەرمەندی باڵای سەردەمی خۆی و رێچکەشکێن بوو، لەدایکبووی ساڵی (1953)یە لە شاری سنەی، مەڵبەندی مرۆڤدۆستی و هونەر و رۆشنبیریی. فەتانە لە سەردەمانێکدا گۆرانی پر سۆز و هەستی لە رادێویی سنە و کرماشان دەچری، کە لەو زەمانەدا گۆرانیی وتن تەنانەت بۆ پیاوانیش تارادەیەک لای هەندێ کەس بە عەیبە حیساب دەکرا.
فەتانە لە بنەماڵێکی هونەردۆست بوو، بە پشتیوانی باوکی و حەسەنی کامکار، بوو بە چرایەک لە ناو تەلاری گۆرانیی کوردیی رەسەندا، بە هۆی عەشقەوە لە دوا رۆژەکانی ژیانی تووشی نەخۆشی دەروونی بوو، کەوتە دونیای شەیدایی خۆیەوە، بە بێدەنگی تەنها گۆرانی بۆ خۆی دەچڕی!
فەتانەی ولیدی بە دەنگە زوڵاڵ و نایابەکەی دڵی زۆر کەسی خۆش دەکرد، بەڵام بەداخەوە کەس نەیتوانی دڵە حەسرەت کێشەکەی ئەو شاد بکات.
بۆ عەشق ژیا و بە عەشقیشەوە بۆ هەتاهەتایە سەری نایەوە.
دەنگی بەسۆز و ژیانی فەتانەی وەلیدی ناچاریان کردم، ئەم چەند دێڕە بە کورتیی و پوختیی بنووسم.
لە زستانی ساڵی (1987)، لەگەل جەمالی حەمەی خواکەرەم و دکتۆر قادر و تارای هاوسەرم و هانەی کچە دوو ساڵەکەمان، دوو شەو و دوو رۆژ لە ماڵی نادری شەریفی لە سنە میوان بووین. شەوان حسێنی شەریفی بە دەنگە خۆش و دەم بەپێکەنینەکەی و دەف و سەنتور و ئامادەبوونی کەسوکاریان، بە خۆشی شەومان بەسەربرد.
ئاشکرایە خۆر چۆن لە رۆژهەڵاتەوە هەڵدێت و ژیان دەبەخشێت و گشت کوردستان رووناک دەکاتەوە، ئاوها سنەش لە رووی هونەر و رۆشنبیرییەوە هەمان رۆڵ دەبینێت، بەتایبەتی بۆ کوردستانی باشوور.
سنە(سەنەندەج - کوردستان ) لە دێرزەمانەوە، رووناککەرەوەی ئاسمانی کوردایەتی و شارێکی دێرینی کوردستان و پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان بووە، یەکێکە لە شارە گەورەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و دەستە خۆشکی شاری سلێمانی و ڤیەننایە. لە رووی ئیدارییەوە، سنە ئوستانی کوردستانی پێ دەوترێت، بەردەوام خەڵکی ئەم شارە، نشتیمانپەروەر و میواندۆست و بەئەمەک بوون.
سنە بە سەیرانگای ئاویەر و حەمامی خان و مزگەوتی جامیعە و بازاڕی گۆزەر ناسراوە. شاری سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی وکامکارەکانە، شارێکە دەستی باڵای هەیە لە هونەر و وێژە و مۆسیقا و گۆرانیی کوردیدا.
لە رۆژی 2019/10/30 لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە وەک شاری داهێنەری مۆسیقا تۆمارکرا.
نازانم بۆ رۆژ دوای رۆژ، تا عومرم زیاتر بەرە ژوور هەڵبکێشێ و بەرەو پیریی، یاد و یادەوەرییەکانم شۆرڕ دەبنەوە بۆ خوارەوە، بۆ سەردەمی مناڵیم!؟
ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو مێردمناڵ بووم، لە سەربانی خانووە قوڕەکەی نەنکم (هاجەر) لە جەلەوەی شاری خانەقین، ئێوارانی هاوینان لەڕێی رادیۆ مسیوپیشییەکەی خاڵو شەهابە شال-ەوە، گوێمان لە رادیۆی کرماشان دەگرت، ئای لەو رۆژانە چەند بە دەنگی حەسەن زیرەک و ماملێ و حشمەتوڵای لوڕنەژاد و مەزهەری خالقی و عەباسی کەمەندی و فەتانەی وەلیدی و شەهێن تاڵەبانی و شوکرولڵای بابان، دڵخۆش و مەست دەبووین.
دەنگی ئەوان و هاژەی ئەڵوەن و تەقەتەقی ئاشەکەی عومەر ئاغا و بۆنی باخەکانی جەلەوە، هەموو ئەمانە بەیەکەوە دەبوون بە سمفۆنیای ژیان و هیوا بۆمان!
شوکر بۆ خوا، شارەکەی ئێمەش (خانەقین) مەڵۆیەکی لە گۆرانیی رەسەن، لە رێی هونەرمەندان خوداداد عەلی و خەلیل وەندی و ئازاد خانەقینی و بەرزان وەهاب و ستار دەشتی و حەسەن هەیاس و سەعدون کاکەیی و هەڤاڵ خانەقینی و دەنگخۆشانی تری شارەکەمەوە، خستۆتەسەر خەرمانی گۆرانیی و هونەری کوردی