ئەوەی حسابی پاکە، لە محاسەبە بێباکە!
10:49 - 03/07/2026
كولتووری زهمهن
فارس نەورۆڵی
خوێندنەوەیەک بۆ نا میلکەی ( موحاسەبەی نیابەت ) ئەمین زەکی بەگ
مێژوونووس و سیاسیی گەورەی کورد، ئەمین زەکی بەگ،
لە ساڵی ١٩٢٨دا کە ئەو کاتە نوێنەری کورد بوو لە پەرلەمانی عێراق، نامیلکەیەکی بەناوبانگی
بە ناوی "موحاسەبەی نیابەت" نووسی؛ لە سەرەتای نامیلکەکەشدا بەم ڕستە زێڕینە
دەستی پێکردووە: «ئەوەی حسابی پاکە، لە محاسەبە بێباکە».
ئەمین زەکی بەگ ئەم نامیلکەیەی لە سەردەمێکدا
نووسی کە کوردستان لەژێر سایەی پادشایەتیی عێراق و ئینتیدابی بەریتانیادا بوو.
ئامانجی ئەو لەم بەرهەمە، وشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردی، ناساندن و دیاریکردنی وەزیفەی
پەرلەمانتار، و ئاشناکردنی خەڵک بوو بە چەمکەکانی "پەرلەمان و دەنگدان".
ئەو پێناسی "مەندوب" (پەرلەمانتار) و ئەرکەکانی دەکات و پێیان دەڵێت: «ئەرکی
ئێوە خزمەتکردنی گشتییە»، هەروەها جەخت دەکاتەوە کە ئیتیکی پەرلەمانتاری بریتییە لە
دەستپاکی و ئازایەتی.
زەکی بەگ لە ڕێگەی "موحاسەبەی نیابەت"ەوە
مەبەستی بوو کلتووری (دامەزراوەیی و دیموکراتی) لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا گەشە پێبدات؛
بەتایبەت بۆ داکۆکیکردن لە ناسنامەی کورد لە چوارچێوەی یاسادا لەو سەردەمەدا کە کێشەی
کورد لەناو حکومەتی مەلەکیدا تازە سەری هەڵدابوو. ئەو داوای لە مەندوبانی کورد دەکرد
پەرلەمان بکەنە سەکۆیەک بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد، و هانی دەدان کە هەمیشە پەیوەندییەکی
بەهێزیان لەتەک خەڵکدا هەبێت.
ئەم نامیلکەیەی کە نزیکەی سەدەیەک پێش ئێستا
نووسراوە، هێشتا بۆ دۆخی سیاسیی کوردی سەدەی ٢١یش هەر زیندووە. ئەو کاتە باسی لەم
دیاردانە کردووە:
سستیی نوێنەران.
خەمساردی بەرامبەر بە مافە گشتییەکان.
ڕاکردن بەدوای ئیمتیاز و بەرژەوەندیی تایبەتی و گوێنەدانە مافی گشتی.
نەبوونی لێپرسینەوە لەلایەن دەنگدەرانەوە.
بۆیە ئەم نامیلکەیە تەنها ناچێتە خانەی بەڵگەنامەیەکی
مێژووییەوە، بەڵکو دەستوور و پێوەرێکی ئەخلاقی و سیاسییە کە پێشکەشی ئەو سەردەمە و
نەوەکانی دوای خۆیشی کراوە، بۆ ئەوەی بزانن چۆن خزمەت بە نیشتمان و هاونیشتمانیان
بکەن. ئەم بەرهەمە ئەوەشمان پێ دەڵێت کە ڕۆشنبیرانی کورد لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە
خاوەنی دیدگایەکی پێشکەوتووخوازانە بوون و دڵسۆزانە بۆ کوردستان تێکۆشاون؛ ئەوان
دروشمی (دیموکراسی، حوکمی ڕەشید و بنەمای لێپرسینەوە)یان کردبووە بەرنامە و بە
کردار کاریان لەسەر دەکرد.
ئەمین زەکی بەگ لە کۆتایی نامیلکەی (موحاسەبەی
نیابەت)دا نووسیویەتی: «ئیتر تەمەنام لە قاپی خوای تەبارەک و تەعالا ئەمەیە، کە
خاسیەتی برایەتی، ئیدراک، فەزیلەتی دووربینی و ئیخلاسمان زیاتر کات و دڵمان لەتەک یەکتر
چاک و پاک بفەرموێ، لە موسیبەتی حەسەد و غەرەز و لە بەڵای نیفاق و ئیختیلاف دایم بەدوورمان
بکات، (والسلام علی من اتبع الهدی)». See les
s