12وتار

ئەوان ڕۆیشتن؛ نۆرەی ئێمەیە

10/26/2026 12:27:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

دەبێت بێ دوودڵی بڵێم نازانم لە کاتی نووسینی ئەم وتارەدا بەئاگام یان نوستووم. لەسەر بەردێک دانیشتووم و چاوم لە سێبەرەکانی دەوروبەرمە. نازانم خۆر هەڵدێت یان ئاوا دەبێت؛ تەنها دەزانم لە دنیایەکی تردام. دەنگی ئاو دەبیستم، بەڵام ڕووبارەکە نابینم.
مێروولەیەکی چاوزەق، بێ برۆ و برژانگ، مل‌باریک و پێ‌پەتی لە تەنیشتم پەیدا بوو؛ دەستی گرتم و ڕایکێشام. سەرسام بووم؛ لە دنیای ئێمەدا مرۆڤ بە هەنگاوێک کۆتایی بە ژیانی چەندین مێروولە دەهێنێت، لێرە مێروولەیەک ڕێگا بە مرۆڤێکی ونبوو نیشان دەدات.

وتی:
ـئێرە دنیایەکی ترە. پلە و سامان دەرگایەک ناکەنەوە؛ کەس بە ناونیشانەکەی لە کەسێکی تر بەرزتر نییە!
دەستم برد بۆ گیرفانم؛ ناسنامەم پێ نەبوو. ناوم لەبیر بوو، بەڵام هەرچی لە ژیانمدا کردبووم، لەگەڵم بوو.
لە کەناری ڕووبارێک، چوار پیاوی سپی‌پۆشم بینی. ئاوەکە هێندە لە ئەڵوەن دەچوو، هەستم کرد گەڕاومەتەوە بۆ ڕۆژانی منداڵیم لە خانەقین.
پرسیم:
ـ ئەمانە کێن؟
مێروولەکە وتی:
ـمام جەلال، کاک ئیدریس بارزانی، کاک عەزیز محەمەد، شێخ عوسمان.
نزیک بوومەوە. نە پاسەوانێک ڕێگای لێ گرتم و نە کەسێک پرسی: مەوعیدت هەیە؟ گوێم لە ناوی کوردستان بوو.

کاک ئیدریس بارزانی وتی:
ـ مام جەلال و من لە شاخ ئاومان بەسەر ئاگری شەڕی ناوخۆدا کرد؛ ئەو ئاشتەواییە ڕێگای بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی و یەکڕیزی لە ڕاپەڕیندا خۆش کرد. ئەمڕۆش لە شار هەمان هەنگاو پێویستە؛ دەبێت ئاگری ناکۆکییەکان بکوژێنینەوە و دەست بنێینە دەستی یەکتر. ئەوەی لە شاخ بۆ ئازادی کردمان با لە شاریش بۆ ئارامی و ژیانی خەڵک بیکەین.
شێخ عوسمان وتی:
ـیەکگرتوویی موسڵمانان لە بینینی برسییەتیی دراوسێ و گرتنی دەستی ئازاردیدەوە دەست پێدەکات؛ باوەڕەکەشی هەرچییەک بێت. ئەگەر ئازاری خەڵک دڵمان نەجووڵێنێت، چۆن بانگەشەی برایەتی بکەین؟
کاک عەزیز محەمەد وتی:
ـیەکگرتنی کرێکاران و زەحمەتکێشانیش پێویستە. ئەوەی بە ڕەنجی خۆی نان پەیدا دەکات، نابێت بۆ بژیوی سەری لەبەر کەس دانەوێنێت. مووچەی مامۆستا و کارمەند و خانەنشین مافیانە؛ نابێت بە ناکۆکیی سیاسییەوە گرێ بدرێت.
مام جەلال وتی:
ـیەکگرتنی گەلانیش پێویستە. چارەنووسمان بە یەکترەوە بەستراوەتەوە. کورد دەبێت ناوماڵی خۆی ڕێک بخات و لەگەڵ هاوبەشەکانی بە زمانی ماف و ئەرک بدوێت. گفتوگۆ کاتێک بەرهەم دەدات کە ئامادەی ڕێککەوتن و جێبەجێ‌کردنی بەڵێنەکان بین.
کەمێک بێدەنگ بوون. تەنها دەنگی ڕووبار دەهات. هەستم کرد لە ڕێگای جیاوازەوە هاتوون و لەسەر خەمێکی هاوبەش یەکیان گرتووە: ئازاری خەڵک و سەقامگیریی کوردستان. هەریەکەیان لە دەرگایەکەوە بۆ چارەسەر دەگەڕا: ڕەنگدانەوەی ئاشتەوایی، هاودڵی، دادپەروەری و هاوبەشی. یەکگرتوویی ئەوە نییە هەموومان یەک بیروڕامان هەبێت؛ ئەوەیە لەگەڵ جیاوازییەکانماندا بڕیارێک بە قازانجی خەڵک بدەین.
پرسیم:
ـبۆ ئەمڕۆی هەرێم، یەکەم هەنگاو چی بێت؟
مام جەلال وتی: بڕیاردەران لە دەوری یەک مێز کۆ ببنەوە. دیاری بکەن چی دەکەن، کێ بەرپرسیارە و کەی جێبەجێی دەکەن. خەڵکیش بزانێت چ بەڵێنێکی پێدراوە تا داوای لێپرسینەوە بکات.
کاک عەزیز محەمەد وتی:
ـحسابی داهات و خەرجی ڕوون بێت. باری قەیران هەمیشە نەکەوێتە سەر شانی کەمدەرامەتەکان. دامەزراوەکان خزمەتی هەمووان بکەن و دەرفەت بەپێی لێهاتوویی بدرێت.
شێخ عوسمان وتی:
ـمتمانە بە کردار دەگەڕێتەوە. ئەوەی هەڵەی کردووە، دانی پێدا بنێت و چاکی بکاتەوە.
کاک ئیدریسیش وتی: - ئەگەر ئیرادە هەبێت، ڕێگای چارەسەر دەدۆزرێتەوە.
لەو کاتەدا ڕەفیق حیلمی لە دوورەوە پەیدا بوو. نزیک بووەوە، دەستی خستە سەر شانی مام جەلال و وتی: - هەموومان دەزانین ناکۆکیی ناوخۆیی هۆکارێکی سەرەکیی شکستی شۆڕشەکان و ڕووخانی میرنشینەکانی کوردستان بووە، بەڵام ئێستا، دوای ئەو هەموو ئەزموونە و بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواری و هۆشیاری، بۆچی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد هەر هەمان هەڵە دووبارە دەکاتەوە؟ ئەگەر لە ڕابردوو فێر نەبین، چۆن داهاتوویەکی جیاواز بۆ نەوەکانمان دابین دەکەین؟
ویستم بڵێم ئەم قسانەمان زۆر بیستووە، بەڵام پرسیارێک لە ناخمدا سەری هەڵدا: ئەی ئێمە چەندەمان جێبەجێ کردووە؟ من خۆم، لەو شوێنانەی توانام هەبووە، چیم کردووە و دەکرا چیم بکردایە؟
مێروولەکە دەستی ڕاکێشام: 
-کاتی گەڕانەوەتە.
پرسیم:
ـئەوانیش لەگەڵمان ناگەڕێنەوە؟
وتی:
ـئەوان قسەکانی خۆیان کرد؛ ئێستا نۆرەی ئێوەیە.
چاوەکانم هەڵێنا. مۆبایلەکەم هێشتا لە دەستمدا بوو. ڕووناکییەکی کاڵ لە پەنجەرەکەوە دەهاتە ژوورەوە. لە تێبینییەکانی مۆبایلەکەمدا نووسیم:
«کوردستان پێویستیی بە یەکگرتووییەک هەیە، کە خەڵک لە ژیانی ڕۆژانەیدا هەستی پێ بکات؛ لە دەرگایەکی کراوە، مافێکی بەبێ تکا و داهاتوویەکی بێ ترس؛ دواڕۆژێکی ڕووناک!»
مۆبایلەکەم دانا. هێشتا نەمدەزانی خەو بوو یان بەئاگابوون، بەڵام دەنگی مێروولەکە ڕوون بوو:
ـ ئێستا نۆرەی ئێوەیە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن