جوانییەک بۆ چاو، بەهایەک بۆ ژیان
10/25/2026 11:45:00 AM
عیماد ئهحمهد
لەسەر کاغەز، «جەمال» و «کەمال» تەنیا بە پیتێک لە یەکتر جیاوازن؛ هەریەکەیان پێنج پیتن و چواریان هاوبەشن، بەڵام لە ژیاندا، ئەو جیاوازییە بچووکە هەندێک جار دەبێتە مەودایەکی دوور؛ مەودای نێوان رووخسار و رەوشت، بەڵێن و کردار، ئەوەی دەیبینین و ئەوەی بە ئەزموون دەیناسین.
جەمال سەرنجمان رادەکێشێت؛ کەمال وای لێدەکات بمێنینەوە. جوانییەک هەیە لە یەک نیگادا دەبینرێت، جوانییەکیش تەنیا بە تێپەڕبوونی کات خۆی ئاشکرا دەکات. یەکێکیان چاو تێردەکات، ئەوی تریان دڵ دڵنیا دەکاتەوە. کاتێک هەردووکیان کۆ دەبنەوە، رواڵەت و ناوەرۆک یەکتر تەواو دەکەن.جەمال لە رووخساردا سەرنج رادەکێشێت، بەڵام کەمال لە دڵ و رەوشتدا خۆی دەردەخات؛ رووخسار بە تێپەڕبوونی ساڵان دەگۆڕێت، بەڵام جوانیی رەوشت دەتوانێت قووڵتر ببێتەوە.
لە تێڕوانینی مەولانای رۆمیدا، جوانی بە رووخسارەوە سنووردار نابێت؛ لە پاکیی دڵ و جوانیی رەوشتدا دەردەکەوێت. کەمالیش بە خۆناسین و پەروەردەکردنی ناخ پێکدێت؛ ئەوەی جوانیی لە سەرنجێکی تێپەڕەوە دەگۆڕێت بۆ بەهایەکی پایەدار.
دایکم «گەوهەر»، کاتێک ژنێکی دەبینی کە تەنیا لە دوورەوە جوان دەهاتە بەرچاو، دەیوت: «دوورکوژە!» ئەمڕۆ ئەو وشەیەی دایکم بیرم دەخاتەوە کە جوانیی لە دوورەوە سەرنج رادەکێشێت، بەڵام بۆ ناسینی مرۆڤ دەبێت نزیکتر ببینەوە. رووخسار بە نیگایەک دەبینرێت؛ رەوشت بە مامەڵە و تێپەڕبوونی کات دەناسرێت. پەندێکی عەرەبی دەڵێت: «القرد بعين أمه غزال»؛ واتە بێچووی مەیموون لە چاوی دایکیدا ئاسکە. کوردیش دەڵێ: ژیشک بێچووی خۆی بە خۆیەوە دەگوشێ و دەڵێ ئای لەم نەرم و نۆڵە!
خۆشەویستی چاوی خۆی هەیە؛ هەندێک جوانیی دەبینێت کە چاوی خەڵکی تر نایانبینێت، بۆیە تێڕوانینمان بۆ جەمال و کەمپڵیش یەکسان و نەگۆڕ نییە؛ بە گۆڕانی سەردەم و شوێن، ئەزموون و دیدی مرۆڤ دەگۆڕێت. ئەوەی لە چاوی یەکێکدا جوانە، رەنگە لە چاوی یەکێکی تردا ئاسایی بێت؛ ئەوەش کە ئەمڕۆ بەتەواوی دەزانین، سبەی کەم و کوڕییەکانیمان بۆ دەردەکەوێت، بەڵام ئەم جیاوازییەی دیدە، نابێت وا بکات رواڵەت لە جێگەی ناوەرۆک دابنێین، یان بە خۆشەویستی چاو لە کەم و کوڕییەکان بپۆشین. لەسەر خوانیش، رەنگ و بۆن و تام هەر یەکەیان بەشێک لە چێژی خواردن پێکدەهێنن. چێشت سەرەتا بە چاو دەخورێت، پاشان بۆنەکەی ئیشتیها دەورووژێنێت و دواتر تامەکەی حوکم دەدات. خوانێکی رازاوە، ئەگەر چێشتەکەی بێتام بێت، تەنیا بۆ ساتێک سەرنجمان رادەکێشێت. چێشتێکی خۆشتامیش، ئەگەر بە ناپاکیی پێشکەش بکرێت، ئارەزووی خواردنمان ناهێڵێت.
لە باخچەدا، دارێک بە قەد و باڵا و گەڵای سەوزەوە راوەستاوە، بەڵام میوەی نییە. نابێت بە بێ بەهای بزانین؛ سێبەر دەبەخشێت و باڵندە لە لقەکانیدا هێلانە دروست دەکات، بەڵام ئەگەر بۆ میوە چاندبێتمان، جوانیی گەڵاکانی چاوەڕوانیی ئێمە پڕ ناکاتەوە. ئەگەر میوەش بدات و تام و بۆنی نەبێت، زۆریی بەرهەمەکەی بە تەنیا دڵمان خۆش ناکات.
گوڵێکی بێ بۆنیش جوانە، بەڵام کاتێک نزیکی لووتمانی دەکەینەوە، هەست دەکەین چاوەڕوانییەکەمان وەڵام نەدراوەتەوە. بەهای هەر شتێک بە سروشتی خۆی و بەوە دەپێورێت کە لێی چاوەڕوان دەکەین. لە هەموو دارێک داوای میوە ناکرێت، بەڵام لە دارێکی میوەدار چاوەڕوانیی بەرهەم ئاساییە. لە مرۆڤدا، ئەم پەیوەندییە قووڵترە. رووخسارێکی جوان لە یەکەم دیداردا سەرنجمان رادەکێشێت، بەڵام ئەگەر لە پشت ئەو رووخسارەوە زمانێکی ئازاردەر و دڵێکی بێ بەزەیی هەبێت، جوانییەکە وردەوردە لە چاوماندا کەمڕەنگ دەبێت. کەسێکیش هەیە لە یەکەم دیداردا سەرنجمان راناکێشێت، بەڵام لە رۆژێکی تەنگانەدا دەستمان دەگرێت؛ لەو رۆژەوە بە چاوێکی تر دەیبینین. رەوشت، شێوازی بینینی رووخساریش دەگۆڕێت. رووخسار بەشێکی بەهرەی سروشتە، بەڵام رەوشت لە هەڵبژاردنە بچووکەکانی رۆژانەماندا دەردەکەوێت؛ لە قسەکردن لەگەڵ بێ دەسەڵاتێک، لە پاراستنی نهێنیی هاوڕێیەک و لە وەفاداربوون بەرامبەر بەڵێنێک کە کەس ناچارمان ناکات جێبەجێی بکەین.
لە سیاسەتدا، جیاوازیی رواڵەت و ناوەرۆک دەگاتە ژیانی هەزاران مرۆڤ. وتارێکی رقەوان، دروشمێکی بریقەدار و هۆڵێکی پڕ لە چەپڵە دەتوانن وێنەیەکی سەرکەوتوو پیشان بدەن، بەڵام لە دەرەوەی هۆڵەکە، خانەنشینێک چاوەڕوانی مووچەیە، نەخۆشێک پێویستی بە دەرمانە و گەنجێک بەدوای کاردا دەگەڕێت. ئەوان بە گوێی خۆیان بەڵێن دەبیستن، بەڵام بە ژیانی خۆیان ئەنجامەکەی دەپێون.
لە سیاسەت و ژیانی کۆمەڵگاشدا «دوورکوژ» کەم نین؛ دروشمێک لە دوورەوە دڵ دەبات و بەڵێنێک ئومێد دەبەخشێت، بەڵام کاتێک دەچینە ناو وردەکارییەکانی ژیان، دەردەکەوێت لە پشت ئەو جوانییەوە چەند کردار و بەرهەم هەن. قوتابخانەیەکی جوان بە مامۆستای لێهاتوو و خوێندنی باش تەواو دەبێت؛ نەخۆشخانەیەکی نوێ بە چارەسەر و رێزگرتن لە نەخۆش؛ دەسەڵاتیش بە دادپەروەری و خزمەتکردن. جوانیی بینا و گوتار بەهای خۆیان هەیە، بەڵام ناتوانن جێگای ئەو ئەرکە بگرنەوە کە بۆ جێبەجێکردنی دروستکراون.
کەمالی سیاسی بە مانای نەبوونی هەڵە نییە؛ لە توانای بینینی کەم و کووڕی، بیستنی رەخنە و راستکردنەوەی هەڵەدا دەردەکەوێت. دەسەڵاتێک کە خۆی بە تەواو بزانێت، دەرگای فێربوون لە خۆی دادەخات. هەندێک جار دانپێدانانێکی راستگۆیانە و هەنگاوێکی چاکسازی، زیاتر لە دەیان وتاری رازاوە متمانە دەگەڕێنێتەوە.کۆمەڵگاش هەمان تاقیکردنەوەی لەبەردەمدایە. شار بە شەقام و باخچەی جوانەوە خۆشە، بەڵام ئەگەر منداڵێک نەتوانێت بە سەلامەتی شەقامەکە ببڕێت، یان کەسێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت نەتوانێت بچێتە ناو باخچەکە، جوانییەکە هێشتا ناتەواوە. بەهای شار لە شێوازی ژیانی دانیشتووانەکەشیدا دەردەکەوێت، بەتایبەتی ئەوانەی دەنگیان کەمتر دەبیسترێت.
لە ئەدەبدا، وشەی جوان دەرگای دەق دەکاتەوە، بەڵام بۆ مانەوە لە یاددا، پێویستە هەستێک بجووڵێنێت، بیرێک بەئاگا بهێنێت، یان پرسیارێک بەجێ بهێڵێت. دەقێک کە تەنیا بە وشە رازابێتەوە، لەوانەیە چاو سەرقاڵ بکات و دڵ بەتاڵ بهێڵێتەوە. بیرۆکەیەکی قووڵیش، ئەگەر لە زمانێکی ئاڵۆز و وشکدا گیر بکرێت، رێگای گەیشتن بە خوێنەر لە خۆی دەگرێت. مەحوی گوتەنی:
سەر کە جۆشێکی نەبێ من زڕکەتاڵم بۆ چییە؟
دڵ کە هۆشێکی نەبێ شووشەی بەتاڵم بۆ چییە؟
هونەریش هەمیشە جوانییەکی ئارام پیشان نادات. تابلۆی رووخسارێکی ماندوو، یان چیرۆکی ماڵێکی هەژار دەتوانێت کاریگەر بێت، چونکە وا دەکات شتێک ببینین کە پێشتر بە تەنیشتیدا تێپەڕبووبووین؛ جوانیی بەرهەمەکە لە راستیی دەربڕین و قووڵیی بینینەکەیدایە. هەندێک جار هونەر پرسیارێک لە مێشکماندا دەهێڵێتەوە کە ئاراممان ناکاتەوە. رۆشنبیریش بە ژمارەی کتێبە خوێندراوەکان و زۆریی ناوە لەبەرکراوەکان ناپێورێت. زانین دەبێت توانای تێگەیشتنمان فراوان بکات، گوێمان بۆ بیری جیاواز بکاتەوە و لە حوکمدانی پەلە رامانبگرێت. ئەگەر خوێندنەوە تەنیا خۆبەزلزانین زیاد بکات، دەبێت بپرسین: لەو هەموو پەڕەیە، چی گەیشتووەتە ناو ژیانمان؟
منیش کاتێک قەڵەم دەگرم بە دەستەوە، هەمان پرسیارم لەبەردەمدایە: ئەم وشانە تەنیا جوانن، یان شتێک لە ئەزموون و راستیی ژیان هەڵدەگرن؟ ئایا لە دوای خوێندنەوەیان، شتێک لە دڵی خوێنەردا دەمێنێتەوە؟
جەمال و کەمال دەتوانن دەستی یەکتر بگرن؛ وەک وشەی جوان و هەڵوێستی بەجێ؛ وەک خوانێکی پاک و نانێکی خۆشتام. کێشەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە بەڕواڵەت رازیی دەبین و لە ناوەرۆک ناپرسین.
بیر لە دارخورمایەکی کەناری ئەڵوەن دەکەمەوە؛ بە قەدێکی بەرز و سەعافە جوانەکانییەوە راوەستاوە. کاتێک خوشەکانی بە قورسایی بەرهەم دادەنەوێن و دەستێک بە خورماکانی دەگات، چاوەڕوانیی ساڵێک وەڵام وەردەگرێت.
ئێمەش لە ژیاندا، لەگەڵ ئەوەی چۆن دەردەکەوین، دەبێت بپرسین: چی دەبەخشین؟