عەقاری.....
8/25/2025 2:37:00 PM
عیماد ئهحمهد
(2-2)
لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ (بڕوات و نەیەتەوە)، پێش رێکەوتننامەی واشنتون وەفدێکی سۆسیال ئەنتەرناسیۆنال هاتە کوردستان و سەردانی یەکێتی و پارتییان کرد بۆ راگرتنی شەڕ و بەرقەرارکردنی ئاشتی، دوای سەردانی سلێمانی و هەولێر و بینینی هەردوولا و سەردانی لایەن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی و دام و دەزگای ئیداری و زانکو و پەیمانگە و خوێندگەکان، کۆمەڵێک بیرۆکە و تێبینی و پێشنیار لایان دروست بووبوو لەسەر هەردوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی(سەوز) و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی(زەرد)، وەک دۆستێکی کورد، پێش گەڕنەوەیان بۆ ئەوروپا،داوایانکرد کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ مام جەلال سازبکەن بۆ گەیاندنی تێبینی و پێشنیارەکانیان. ئەوەبوو لە ماڵی مام جەلال لە گردی ئەندازیاران، مام جەلال و چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی لەگەڵیاندا کۆبوونەوە، پوختەی قسەکانیان ئەمە بوو: ئەگەر زوو فریا نەکەون، ئاشتی بەرقەرار نەکەن و ئیدارات یەک نەخەنە، تووشی کارەساتی نەتەوایەتی گەورە دەبن، جیاوازیی هەر دوو ناوچەکە رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبێت لەڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و رۆشنبیرییەوە، کۆمەڵگەی کوردی لەت دەبێ و سەرەڕای چوار پارجەکەی کوردستان، لەتێکی دیکە زیاد دەکەن، سەرکردایەتی سیاسی کورد لێپرسراو دەبێت بەرامبەر بە مێژووی گەلەکەی، ئەگەر هەوڵی جدی بۆ چارەسەرکردنی نەدات.
داخەکەم تائێستا ئاسەواری دوو ئیدارەیی هەر ماوە و خەڵکی کوردستان پێوەی دەناڵێنن و باجەکەی دەدەن. بێگومان لە دێرزەمانەوە بە هۆی دابشکردن و داگیرکردنی کوردستانەوە، دوای شەڕی چاڵدێران، ئینجا دوای شەڕی یەکەمی جیهانییەوە وڵاتمان تووشی زەرەر و زیانێکی گەورە بووە و بۆتە بەڵایەک تائێستا بەدەستیەوە دەناڵێنین.
هەروەها لە دوای راپەرینیش، ماوەیەک چەند لایەنێکی ناوەوە و دەرەوە ویستیان ناوچەی هەڵەبجە بکەن بە زۆنێکی قاوەیی، بەڵام شوکر بۆ خوا سەری نەگرت، بە هیمەت و فیداکاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. هەروەها دوای رووخاندنی رژێمی دکتاتۆریەت لە عیراق، بەشێکی بەرفراوانی دیکەی کوردستان بەناوی ناوچە کێشە لەسەرەکان لە هەرێم دابڕێنران، تا ئەم نزیکانە بە هۆی بزووتنەوەی چەکدارییەوە ناوچەیەکیش کەوتە ژێر کۆنترۆڵی (pkk). ئەم دابەش بوونە مەترسیی گەورەی بۆ سەر یەکبوونی خاکی کوردستانی باشوور هەبوو، ئێستاش مەترسیی کوشندەیە بۆ سەر خەڵکی کوردستان.
ئاشکرایە سیستمی فیدرالی لە بنەرەتدا خۆی لە دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەت و خاکدا پوخت دەکرێتەوە لە نێوان ناوەند و هەرێمدا و بە دەستور رێکدەخرێت. کوردستانێکی بێ ئەمن و ئەمان و ئاسایش و لەتکراو و پڕ کێشەی سیاسی و دارایی و کۆمەڵایەتی سەرکردایەتی کوردستان و دەسەڵات لەم هەلومەرجەدا، چۆن دەتوانێ مافەکانی هەرێم بە پێی دەستور، بە ئاسانی مسۆگەر بکات، کە تەرازوی هێز لەم رۆژگارەدا، دەرئەنجامی سیاسەتی نادروست و هەڵەی کوشندە، لە بەرژەوەندی هەرێمدا نییە.
سەرخستنی پرۆژەی سیاسی و ئابووری و ئیداری هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی ناهەمواری هەرێمی کوردستان، بێش هەموو شتێک دەبێت ناو ماڵی خۆمان رێکبخەین و خەڵک ئاشتبکەینەوە و ئومیدیان پێبدەین، لە سەرووی هەموویانەوە دەبێت کوردستانی باشوور یەکبخەینەوە و سنووری ئیداری و سیاسی خۆمان دیاریی بکەین تا لەگەڵ ناوەند یەکگرتنەوەی ئارەزومەندانەی شایستە بە گەلی عیراقی ئیتحادی و گەلی کوردستان فەراهم بکەین.
لە کۆتاییدا، بە وتەیەکی زێرین دوایی بەم کورتە باسە دەهێنین؛ هێز لە یەکبووندایە و کارەساتیش لە دوو بەرەکییدا.