پرسیارەکانی مام هادی و ئاسک و شێرەکەی فريدمان
10/26/2025 11:43:00 AM
عیماد ئهحمهد
کەش و هەوا باش بێت، ئێواران لە باخچەی خانوەکەمان دادەنیشم و بە گۆرانی و مۆسیقا زاخاوی مێشکم دەدەم. جارێک خەیاڵ دەمبات بۆ لای جوانیی درختەکان و بۆنی خۆشی گوڵەکان، جارێکیش بۆ لای سەمای باڵندەکانی ئاسمانی شینی پایز. دیسانەوە، هەستم بە سیخۆرمەکەی (سەمیر)ی برام کرد، بیر و هۆشم بۆ دێی سێوسێنان لە قەرەداغ فڕی، کە شوێنی لە دایکبوونی (هانە)ی نۆبەرەمان بوو. یاد و یادگاریی حاجی محەمەدی مجەوەر و فایەقی دوکاندار و باجی عەولە و دادە جەیران بەخێر، چەند قەرزاری خۆشەویستی و هاوکاریی ئەوانین. لە (22/ 3/ 1988)دا دێی سێوسێنان بەر بۆردومانی کیمیاویی دوژمنی بەعس کەوت، دەیان کەسی بێتاوان بریندار بوون و (66)کەس شەهید بوون، لە ناویاندا (30)منداڵ هەبوون.
سێوسێنان پشتی داوە بە شاخی کەڵۆش-ەوە و رووی کردۆتە قۆپی تەکیە، جاران لە سەردەمی شۆڕشی نوێدا، دێیەکی گەورە بوو، ئێستا ناحییەیە و سەر بە قەزای قەرەداغە. هەزار خۆزگەم بەو رۆژانە، عەسران لەگەڵ مامۆستا موحسین و کاک عەلی شامار و وەسفیە خان و دکتۆر قادر ...لە بەرهەیوانەکەی ماڵی کاک بەکری حاجی سەفر، لەسەر ئەرز دادەنشتین و باسی وەزعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دونیامان دەکرد و تاکە سەرچاوەشمان رادیۆکەی کاک بەکری حاجی سەفەر بوو.
لەو رۆژگارەدا لە پایزی ساڵ(1985)، لە دێی سێوسێنان، مام هادی هەورامیم ناسی و بووین بە ئاشنا و تا ئەمرۆش پەیوەندییمان هەر ماوە. مام هادی پێشمەرگەی دێرین، لە ساڵی (1947) لە تەوێڵە لە دایکبووە، پیاوێکی سپی رەنگ، دەموچاو وردیلە، لەشولار بچووک و قسە خۆش و دەنگ نەرم و چاوتیژ و دەست رەنگین، دابونەریتی هەورامیی پاراستبوو.
بە قسەی نەستەق و جوانی خۆی، ماری لە کون دەردەهێنا! بە شاخی کەڵەکێویی دەسکی چەقۆ و بە داری گوێز لانکە و بێشکەی دروست دەکرد. پێش ئاوابوونی خۆر لە نزیک حەوزی مزگەوتەکە مام هادی-م بینی، سەیرێکی کردم و وتی: «نازانم بۆ بارودۆخی هەرێمی کوردستان وای لێهاتووە؟ برا لە رقی برا چل هۆقە خوێ دەخوات! وڵاتەکەشمان لە بەردەم گەلەگورگدایە!»
لەم رۆژانەدا، چاوم بە نووسینێکی تۆماس فریدمان کەوت، زۆر جوان و نایاب بوو، وەک بڵێیت بۆ هەرێمی کوردستانی نەخشاندبێت، بەمەش دەتوانم دڵی مام هادی ئاسودە بکەم، فریدمان دەڵێت: «هەموو بەیانیانێك لە ئەفریقیا ئاسكێك بەخەبەردێت و دەبێت خێراتر لە شێر رابكات، گەر وانەكات تیادەچێت. هەروەها هەموو بەیانیانێكیش شێر كە بەخەبەردێت، دەبێت خێراتر و بەگوڕتر لە ئاسك، رابكات ئەگینا لە برسا دەمرێت.» گرنگ نییە تۆ كامیانیت، ئاسك یان شێر، بەڵام گرنگە لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا دەبێت هەڵپە بكەیت و رابكەیت، چونکە ژیان پێشبڕكێیەكی رۆژانەی بەردەوامە، سا ئەگەر لە هەوڵی بەدەستهێنانی ئامانجەكانتدا بیت، وەك شێرێك كە بەدوای نێچیردا رادەكات، یاخود لە هەوڵی پارێزگارییكردندا دەبیت لە ژیانت، وەك ئەو ئاسكەی لە مەترسیی هەڵدێت.
لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا، دەربازبوون لە جووڵەنەكردن نییە، چونكە مانەوە لە شكست و دۆڕان و نەمان لەم زەمەنەدا وادەکەن، گوێ بە هەست و تەنانەت بوون و نەبوونت نا درێت. ئەم جەرەیان و خولگەی رۆژانەیە پێویستی بە هەوڵدانی بەردەوام و نەرمیی نواندن و هێز و خۆگونجاندن و توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان هەیە جا لەهەر شێوازێك، یان لەهەر پۆستێكدا بیت، بۆیە هەموو بەیانیانێك دەبێت ئامادەبین بۆ راكردن بەرەو مانەوە، بە هێز و هزری خۆگونجاندنەوە، چونكە ژیان چاوەڕێی كەسە دوودڵ و لاوازەكان ناكات. ئەم دەربڕینەی فریدمان وانەیەکە بۆ هەموو تاکێکی کورد و بەتایبەتی بۆ بڕیار بەدەستەکان. تۆماس فریدمان نووسەر و رۆژنامەنوسێکی گەورەی ئەمریکییە، ساڵی (1953) لەدایکبووە، دەستی باڵای هەیە لە رووماڵکردنی رووداوەکانی دونیا بۆ رۆژنامەی (نیۆرک تایمز) و چەندین خەڵاتی باڵای وەرگرتووە. کتێبێکیشی بەناونیشانی (لە بەیروتەوە بۆ قودس)، خەڵاتی نیشتمانیی ئەمریکی بۆ نووسینی چیرۆکئامێز لە ساڵی (1989)دا بەدەستهێناوە.
دیسانەوە مام هادی-م لە نزیک دوکانەکەی فایەقی کۆستکەوتوو بینی، ئەو دوکاندارەی (دوو منداڵی جوان و پەریئاسای لە تەمەنی پەپوولەدا بە ژەهری کیمیاوی لە سێوسێنان شەهید کرابوون)، بە دەنگە پر سۆزەکەی وتی: عیماد ئەرێ ئێوە هەست بە ئازاری خەڵک دەکەن؟! نە موچەی مانگانە مسۆگەرە، نە دامودەزگاکانمان بێ عەیب و عارن، نە گەنجانیش دڵیان بە وڵات خۆشە، هیوایان بە وڵات نەماوە، رێگای هات و نەهاتی دەریای ئیجە دەگرنەبەر، ئێوە هەست بەمانە دەکەن؟!
منیش وتم: چیخۆف-ی رۆماننووس و پزشکی رووسی دەڵیت «ئەگەر هەستت بە ئازاری خۆت کرد ئەوە زیندوویت و ئەگەر هەستت بە ئازاری بەرانبەرەکەت کرد، مرۆڤیت»، بێگومان ئێمەش پێویستە مرۆڤ بین و هەست بە ئازاری خەڵکەکەی خۆمان بکەین.