هەڤاڵان.. وەرن بۆ زگار
10/30/2025 12:48:00 PM
عیماد ئهحمهد
لەم رۆژانەدا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عیراق، سەردانی چەند بازنە و کۆمیتەیەکی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانیمان کرد، بۆ پشتیوانی و پاڵپشتی هەڤاڵانمان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، کە بۆ هەرێمەکەمان چارەنووسسازە.
بێگومان مژدەی سەرکەوتنی پێشوەخت دیار و ئاشکرایە، مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە! هەموو هەڤاڵان هەریەکە و لە سنووری بازنەکەی خۆیدا وەک هەنگ چالاکیی خۆیان ئەنجام دەدەن بۆ سەرخستن و سەکەوتنی ئەم پرۆسەیە.
سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئامانجی سەرەکیی، سەرکەوتنی خودی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە و بەرێوەچوونیەتی بێ کێشە و دەستێوەردان و کەموکوڕیی، بۆئەوەی پیشانی هەموو دنیای بدەین کە ئێمەی کورد چەند هەوڵی سەرخستن و سەرکەوتنی پرۆسەی دیموکراسی و ئازادیی لە خەباتی سیاسییدا دەدەین.
چەند خۆشحاڵ و شاد بووم بە بینینی هەڤاڵانی دێرینی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی، کە ساڵانێک بەیەکەوە لە چوارچێوەی رێکخستندا کارمان دەکرد، بەشێکیان گەنج بوون ئێستا چوونەتە تەمەنەوە، هەندێکیش ئەوکات بەتەمەن بوون ئێستا بەتەمەنتر بوون، بەڵام بە هیممەت و رۆحیەتی جارانی گەنجیی کار دەکەن. بەندە (29)ساڵ لەمەوبەر لێپرسراوی ئەو مەڵبەندە بووم و لەگەڵیان شانمان دابووە ژێر باری خزمەتکردنی ئەم شارە میهرەبان و پڕ سەروەرییە.
خوایە … چەند خۆشە کە باوەش بە هەڤاڵە دێرینەکانی خۆتدا دەکەیت و بۆنی ئارەق و عەتری خەباتی ئەو رۆژگارە سەختانە دەکەی. بێگومان زیاتر دڵنیابوومەوە کە رێبازەکەی رەوانشاد مام جەلال لە دەستێکی ئەمیندایە و نەوە بە نەوە ئاڵاکەی بەرزتر و گەشاوەتر رادەگرن، ئێمەی یەکێتی دەڵێین ساڵ بە ساڵ خۆزگەمان بە ئەم ساڵ! نەک وەک ئەوانەی دیکە، بڵێین ساڵ بەساڵ خۆزگەمان بە پار.!!
لای هەمووان ئاشکرایە، شێوەی خەبات لە دنیادا گۆڕاوە، ئامرازی خەبات ئێستا تاقیکردنەوەی ئەزموونی مەدەنی و سیاسی و دیموکراسی و پەرلەمانی یە، ئەم شێوە خەباتەش بۆ ئێمەی خەڵکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نوێیە. بەهۆی پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵاتی و سیاسی و فەرهەنگی، خەباتی دیموکراسی و پەرلەمانی سەدان ساڵە لە وڵاتانی خۆرئاوا هاتۆتە کایەوە، بۆتە پرۆسەیەکی رەگ داکوتاو لە زۆربەی دامودەزگاکانی وڵات و دەسەڵاتدا،بەڵام لای ئێمە نوێیە و هێشتا نەمامە و لە بەردەم رەشەبای دواکەوتندایە. راستە لە رووکەشدا خەباتی پەرلەمانیی لەوێندەرێ و لێرە لە یەک دەچن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا جیاوازن، چونکە بە دوو فەرهەنگی جیاواز جێبەجێ دەکرێن، فەرهەنگی ئەوان پێشکەوتووە و ئەوەی ئێمەش دواکەوتووە. بێگومان بەردەوامیی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عیراقی فیدرال و هەرێمی کوردستاندا زیاتر ئەم شێوە خەباتە جێگرتر دەکات و دەبێتە ئامرازی گۆڕانکاریی راستەقینەی کۆمەڵگا و دەبێت بە دیفاکتۆی دەستاودەستی دەسەڵات و چەسپاندنی دیموکراسیەت لە وڵاتدا.
هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن خەڵک زیاتر نرخی دەنگی خۆی دەزانێت و خول دوای خول، ئاشناتر دەبن بەم ئەزموونە پڕ بایەخە، کە دەنگ بە چ لایەنێک، یان بە کام کاندید بدات تا نوێنەری راستەقینەی ئەو بێت لە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیەدا کە خزمەت بە نیشتمان و گەل دەکات و داخوازییە گشتییەکانی ئەو مسۆگەر دەکات.
چەند ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت، سودی زیاتر دەبێت و کەمو کورتییەکانی روو لەکەمی دەکەن، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پڕ بە گەروو هاوارمان دەکرد و دەمانوت؛ هەڤاڵان وەرن بۆ سەرام بۆ لێکردنەوەی خورمای دارە باڵا بەرزەکانی خانەقین، وەرن بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن.
لە رۆژانی پایزی هەموو ساڵێکدا لە باخەکانی خانەقین خورما لێ دەکرێتەوە، خەڵکی تریش بەدەستە جەمعی و بە هەرەوەز، خورمای سەر زەوی کۆدەکەنەوە، بەمەش دەوترێت( زگار)، بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی عیراق وەک جارەکەیتر دەڵێین: هەڤاڵان وەرن بۆ زگار، بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمە شیرین و پڕ لە شیلەکەی یەکێتیەکەتان، لە پێناو سەرکەوتن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عیراق و مسۆگەرکردنی مافی رەوای خەڵک و زامنکردنی موچە و بودجەی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستور و دروستکردنی پەیوەندییەکی تەندروست و هاوپەیمانێتییەکی شایستە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عیراق، بەمەش گیانی گشت شەهیدان شاد دەکەین و رێبازەکەی یەکێتیی نیشتمانی رۆشنتر دەکەین.
ئەم ئامانجە نشتیمانی و پیرۆزە، بە یەکریزی و یەکدەنگی ناو ماڵی خۆمان و چەپکە گوڵەکەی مام جەلال و بە هیممەت و ماندوبوونی کادران و ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دێتەدی، بۆئەوەش دەبێت لە رۆژی دەنگداندا خۆیان و کەسو کاریان و هەموو کۆمەڵانی خەڵک بچن بۆ دەنگدان و دەنگی خۆتان بدەن بە لیستی ( ٢٢٢)ی یەکێتی و گەردنی خۆتان ئازاد بکەن.