کاتێک جەنگ بێدەنگ دەبێت… کێ مێژوو دەنووسێت؟
6/10/2026 12:35:00 PM
عیماد ئهحمهد
جەنگ هەمیشە بە دەنگی
تەقەمەنی و گڕی باروود ناگیرسێتەوە، هەروەها چارەنووسی گەلانیش تەنها لە مەیدانی شەڕدا
دیاری ناکرێت. زۆرجار، مێژووی ڕاستەقینە لەو ساتەوە دەست پێدەکات کە دەنگی چەکەکان
خامۆش دەبێت، سەربازەکان بۆ ناو خێزانەکانیان
دەگەڕێنەوە، شارە خاپورکراوەکان ئاوەداندەکرێنەوە. لەو ساتانەدا، پرسیارێکی گرنگ لە
هۆشی کۆمەڵدا دەمێنێتەوە: چی ڕوویدا؟ بۆچی ڕوویدا؟ و کێ ڕاستیی ئەو ڕووداوانە بۆ نەوەکانی
داهاتوو دەگێڕێتەوە؟
لێرەدا ملمالنێکە، لە
مەیدانی شەڕەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو یادەوەری و هۆشی گشتی؛ لە چەکەوە دەگۆڕدرێت بۆ
وشە. لەوێ شوێنی ڕۆژنامەگەری و ڕۆڵی ڕووناکبیر
دەردەکەوێت. لەم قۆناغەدا، وشە تەنها وەک ئامرازێکی دەربڕین نامێنێت؛ بەڵکو دەبێتە
بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و مێژوویی.
ڕۆژنامەوان تەنها
گواستنەوەی هەواڵ ناکات؛ بەڵکو بەشدار دەبێت لە دروستکردنی هۆشی کۆمەڵگە و پاراستنی
یادەوەریی گەلەکان لە ونبوون و لە دەستکاریکردن. هەندێ جار، وتارێک یان هەواڵێکی
دروست و ئازاد، کاریگەرییەکی هەیە زیاتر لە دەیان قەڵغان و چەک ،جۆرج ئۆروێڵ پێی وابوو کە ئەوەی کۆنترۆڵی ڕابردوو بکات، دەتوانێت
داهاتووش ئاراستە بکات. هەروەها کڵاوڤیتیز جەنگی بە بەردەوامیی سیاسەت ناساند، بەڵام
لە سەردەمی ئێمەدا، دەشێت بڵێین میدیا و زانیاریش بوونەتە بەشێکی سێیەم لەم هاوکێشەیەدا.
لە ناوچەی ئێمەدا، کە
ساڵانێکە بە تاقیکردنەوەی جەنگ، گۆڕانکاری، ململانی و قەیراندا تێپەڕیوە، کار و بەرپرسیاریی
ڕۆژنامەوان زۆر لە گواستنەوەی هەواڵ گەورەتر بووە. ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە ڕاستی
بپارێزێت لە نێوان بانگەشەی سیاسی، بەرژەوەندییە تایبەتەکان، و ئاڵۆزیی سەردەم.
لە هەمان کاتدا، ڕووناکبیر
تەنها بینەرێکی بێدەنگ نییە؛ بەڵکو ئەو کەسەیە کە پرسیارە گەورەکان دەخاتە بەردەم
کۆمەڵگە، و بە قەڵەمەکەی مانای قووڵتری بۆ ڕووداوەکان دەدۆزێتەوە. لە ئەزموونی
(ئالبێرت کامۆ)دا فێربووین، نووسین لە کاتی قەیراندا تەنها هونەر نییە؛ بەڵکو هەڵوێستێکی
ئەخلاقییە. هەروەها لە شیعر و هەستی (مەحمود دەروێش)دا دەبینین، وشە دەتوانێت ببێتە
پارێزگاریی ناسنامە و یادەوەری.
گەلێک کە یادەوەریی خۆی
نەپارێزێت، ناچار دەبێت هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە بکاتەوە. و گەلێک کە مێژووی خۆی
بەدەست بانگەشە و دەستکاریکردن بدات، کەم کەم ناسنامەی خۆی لەدەست دەدات.
بۆیە، کاتێک جەنگ بێدەنگ
دەبێت، ئاشتیی ڕاستەقینە ئەو کاتە دەست پێدەکات کە قەڵەم دەست بە نووسینی ڕاستی دەکات؛
نە بە ڕق، نە بە ترس، بەڵکو بە ویژدان.
چونکە جەنگ ڕووداو
دروست دەکات…
بەڵام ئەوە وشەیە،
مانا دروست دەکات.
و لە کۆتاییدا، مێژوو
تەنها بەهێزەکان نانووسن… بەڵکو ئەوانە دەینووسن کە بوێریان هەیە ڕاستی بڵێن
لە ناوچەیەکدا کە هێشتا
دەنگی جەنگ، قەیران و ملمالنێی سیاسی لە ئاسمانی گەلاندا دەنگ دەدات، پرسیارێکی گەورە،
هەمیشە دەمێنێتەوە: دوای خامۆشبوونی چەکەکان، کێ داستانی ئەو سەردەمە دەنووسێت؟ کێ
ڕاستییەکان لە نێوان بانگەشە سیاسییەکان، بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئاڵۆزیی
ناوخۆدا دەپارێزێت؟
ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە قۆناغێکی هەستیاردا دەژی؛ لە جەنگی کەرتی غەزە ، ئاڵۆزیی سوریا، تا گرژییە سیاسی
و ئەمنییەکانی عیراق، شەری سەپێنراو، تێکچوونی تەرازووی هێز هەموو ئەمانە ناوچەکەیان
کردووە بە مەیدانی گۆڕانکارییە گەورەکان. لە نێوان ئەم ئاڵۆزییانەدا، کورد تەنها
تماشاکەر نەبووە؛ بەڵکو لە زۆر قۆناغدا بووەتە هێزی هاوسەنگی، هێزی ئاشتی و هێزی
گفتوگۆ
لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەموو کێشە سیاسی و
ئابوورییەکان، توانیویەتی ببێتە پەناگەیەک بۆ ئارامیی سیاسی و هاوژینی. ئەمە بە ڕێکەوت
نەبووە؛ بەڵکو بەرهەمی خوێن، تێکۆشان و بیرکردنەوەی ستراتیژییە.
لە مێژووی نوێی
کوردستاندا، یەکێتی نشتیمانی ڕۆڵێکی دیاریکەر
بینیوە؛ لە شۆرش و شاخ تا دامەزراندنی دەزگا
و دامەزراوەکان، لە کاتی جەنگەوە تا قۆناغی دروستکردنی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی
حکومڕانی. ئەم ڕێکخراوە، لە مێژووی سیاسیی کورددا، تەنها هێزێکی سیاسی نەبووە؛ بەڵکو
لە زۆر ساتدا بووەتە قوتابخانەی بیرکردنەوەی نیشتمانی، هاوسەنگی سیاسی، و گەڕان بەدوای
چارەسەری عەقڵانی.
ئەمڕۆش، لە کاتێکدا
ناوچەکە بە قۆناغی نوێی ململانێ و گۆڕانکاری تێدەپەڕێت، پێویستە هەرێم ڕۆڵی خۆی وەک هێزی هاوسەنگی و دیالۆگ
بپارێزێت. چونکە هێزی گەلان تەنها بە چەک ناپێوردرێت؛ بەڵکو بە توانا و داناییان لە
پاراستنی ئاشتی، دروستکردنی دامەزراوە، سەروەری یاسا و نووسینەوەی مێژوو بە ویژدان.
جەنگ دەتوانێت سنوورەکان
بگۆڕێت…
بەڵام ئەوە قەڵەم و هۆشی
نیشتمانییە کە داهاتوو دروست دەکات.
و کاتێک جەنگ بێدەنگ دەبێت،
ئەوانە مێژوو دەنووسن کە لە کاتی ئاڵۆزیدا، لەگەڵ نیشتمان و خەڵکەکەیان وەستاون.