چیی لەبارەی مەندەلییەوە دەزانن؟ (1)
10/6/2025 10:43:00 AM
عیماد ئهحمهد
مەندەلی لای ئێمەی
خەڵکی گەرمەسێر پێیدەوترێت مەنەلی و بە خانەقین-یش دەڵێین خانەقی، مەندەلاوی عەشیرەت
نییە، ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافییە، زۆر عەشیرەتی کوردی و عەرەبی و تورکمانیی تێدایە.
مەندەلی لە وشەی
(بندینک)ەوە هاتووە کە پایتەختی (بنی أمز) و ئیمارەتێکی کوردی بووە. مێژووی شاری مەندەلی
زۆر کۆنە، دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئیسلام، لە سەردەمەکانی بابل و ساسانییەکاندا هەبووە.
مەندەلی لەڕووی
ئیداییەوە قەزایە و یەکێکە لە کۆنترین قەزاکانی عیراق، لە سەردەمی عوسمانیی و والی
(مەتحەت پاشا)دا قەزا بووە، لە سەردەمی پاشایەتیدا سەر بە بەغدا بووە، لە دواییدا
خراوەتە سەر لیوای دیالە، پانتاییەکەی (734)كم2، لە شاری (سۆمار)ی ئێرانەوە (5)کم
دوورە و دەروازەی سنووریی هەیە لەگەڵ دەوڵەتی ئێران، گەڕەکی کۆن و شوێنی دیاری زۆرە،
وەک بازاڕی گەورە و بازاڕی بچووک و قەڵای بالی و قەڵای بویاقی و .... هتد.
مەندەلی شاری پێکەوە
ژیان و برایەتییە، بێجگە لە کورد کە زۆرینەیە، عەرەب و تورکمان لەڕووی پێکهاتە و شیعە
و سونە و کاکەیی لەڕووی مەزهەبییەوە تێیدا دەژین.
لەبەر سیاسەتی شۆڤینی
رژێمی بەعس و شەڕی عیراق -ئێران لە ساڵانی (1980-1988)، کە لە سەرەتاوە شەڕەکە بە
چڕیی کەوتبووە ناوچەکانی بەدرە و مەندەلی و خانەقین-ەوە، ئەم شارانە بووبوون بە هێڵی
پێشەوەی شەڕەکە، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە بە هۆی سیاسەتی دوژمنکاریی سەردەمی
شاهەنشای ئێرانەوە و دروستکردنی بەنداو و گرتنەوەی ئاوی رووباری (کەنکیر )، مەنەلی
دووچاری کەم ئاویی هات و زۆربەی باخەکانی وشکبوون.
دەرئەنجام (بەلەدروز)،کە
ناحییەیەکی سەربە مەندەلی بووە، لە ساڵی (1987) کرا بە قەزا و مەندەلی-یش وەکو ناحییە
خرایە سەر قەزای بەلەدروزی تازەدروستکراو.
مەندەلی شارێکی
رەسەنی کوردستانە و هاوشێوەی بەدرە و جەسان و خانەقین و پێنجوین کەوتۆتە سەر سنوری ئێران، دەستی چەپی بە بەدرە و جەسان
و دەستی راستیشی بە خانەقین-ەوەیە. لەرووی نەریت و باری کۆمەڵایەتی و شێوازی زمانەوە
لە بەدرە و خانەقین نزیکە. ژمارەیەکی دیار لە خەڵکی مەندەلی بۆ باخەوانیی و کاسبی
هاتوونەتە خانەقین و لە شارەکە نشتەجێبوون. مەرقەدی (باوەگورزەدین) لە مەندەلی، پایزانی
هەموو ساڵێک دەبێتە مەنزڵگای یاوەرانی شیعە و بەتایبەتی کاکەییەکانی خانەقین.
جاران مەندەلی بە
باخ و بەرهەمی کشتوکاڵی ناسرابوو، بێجگە لە میوەکانی دیکە زیاتر لە ملیۆنێک و پێنجسەد
هەزار داری خورمای جۆراوجۆری تێدابوو.
لە رووی سیاسییەوە،
کوردی مەندەلی درێغییان لە بەشداریکردن لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا نەکردووە،
بەسەدان شەهید و کەمئەندامی سەنگەر و زیندانی سیاسییان هەیە.
لەبەر هەڵکەوتەی
جوگرافیی و نزیکبوونی لە بەغدای پایتەختی عیراق، زووتر کەوتۆتە بەر شاڵاوی نەگریسی
(تەعریب) و (تەهجیر) و (تەبعیس) و قەڵاچۆکردن.
دوای نسکۆی ساڵی(1975)
زیاتر لە (4) هەزار خێزانی کورد لە مەندەلی دەرکران و رەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و
باشووری عیراق کران.
پیاوی تێکۆشەر و
قارەمانی زۆر لەم شارە کوردستانییە هەڵکەوتوون، وەک مولازم جوامێر و حەمید شەفی و
مامۆستا بەندەر و مولازم جەمال و سلێمان و حاجی داود و خاڵو سایەمیر و سەعدون و مەدحی و زۆری تر.