مام جەلال بۆنی هەموو عەترەكانی دنیا لە یەك عەتردا
10/1/2025 10:07:00 AM
عیماد ئهحمهد
لەبەر دەرگای پایزێكی دیكە وەستاوین، هەموومان
چاو بە فرمێسك بۆ كۆستی ماڵئاوایی سەرۆك و رابەرمان، بە دیار شینی هەڵوەرینی گەڵا
رەنگاوڕەنگەكانی درەختەكانی ئەم پایزە دانیشتووین، ئیتر كاتی ئەوەیە بەو فرمێسكانە
رەگی یەكێتییەكەمان ئاو بدەین و لە بەهاری داهاتوودا بیكەینەوە بە درەختە هەرە سەوز
و سایە و سێبەرە هەرە گەورەكەی كوردایەتی.
پایز و سەربوردەكانی، دەمانبەنەوە سەر یادەوەریی
شەهیدەكانمان، زیندانیان و چیرۆكی بێوێنەی خۆڕاگرییان، چۆن بەیەكەوە لەگەڵ هەڵمەتی
پێشمەرگە و كۆمەڵانی خەڵك بوون بە هارمۆنیایەكی تازە و بەهاری راپەڕینیان خوڵقاند،
دەبێت ئەمڕۆش گرفت و قەیرانەكان ساردمان نەكەنەوە، بەڵكو وزەمان پێبدەن بۆ گۆڕینی
خۆمان و دەوروبەرمان، ئەمەش بە ئیلهام و گەڕانەوە بۆ حیكمەتی سیاسیی مام.
قەدەری یەكێتی وابووە لەپشت هەر سەركەوتنێك،
خوێنێك، لەپشت هەر خۆشییەك، خەمێكی قووڵ هەبووە، هەرئەوەشە وایكردووە باشتر لە خەڵكی
تر نرخی دەستكەوت و بەرهەمی خۆمان بزانین، بەڵام ئێستا پشتوپەنامان، مامی هەمووانمان
لەگەڵ نییە، كە جاران كێوێك بوو لە پشت یەكێتی و یەكێتییەكان، بەڵام ئەمڕۆ یەكێتی،
یەك سەرۆك و یەك سەركردایەتی و یەك بڕیاری نیشتمانیی هەیە، بۆیە ئێستا پێویستە رۆحی
مام و رێبازەكەی قیبلەنمامان بێ تەنیا لەبەرئەوە نا وەفادار بین بۆ رێبازەكەی، بەڵكو
لەبەرئەوەی نەكەوینە هەڵەی گەورە و ستراتیژییەوە.
سەرەڕای هەموو ئاستەنگە دەرەكییەكان، ئەوەی
وادەكات ئەم پایزەی سروشتی كوردستان، وەك پایزێكی سیاسیش بكەوێتەوە، بریتییە لە
بوونی هەندێ گەندەڵی و لاوازیی لە بەشێك لە دامەزراوەكانی دیموكراسی و نەگۆڕینی مەشروعییەتی
شۆڕش بۆ مەشروعییەتی یاسا و دەوڵەتداری و بەقوربانیكردنی ئاییندە بۆ دەستكەوتی رۆژانەی
بچووك.
بۆ تێپەڕاندنی ئەمانە، پێویستە دووبارە ئەم پایزە بكەین بە كەرەستە
و وزە و توانا بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان و بە یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستی و یەكدەنگی بۆ گەیشتن بە بەهارێكی درێژخایەنی كوردایەتی، كە
بە قەد فرەیی رەنگەكانی، فرەیی سیاسی و بۆچوون و رای ئازادی تێدا بێت و هەموومان بەیەكەوە
ببین بە هارمۆنیا و سەمفۆنیای بووژانەوەی كوردایەتی.
چەند هیوابەخشە كە دەبینین هەوڵەكان
وردە وردە خەریكە دەچنەوە سەرشاڕێی پێكەوەیی و برایەتی، هەموو زەردەخەنەیەك، پێكەوەییەك،
تەوقەیەك لەپێناوی یەكڕیزیمان و تەبایی ماڵی كورد بێت، دڵخۆشمان دەكات، با پشتیوانیی
ئەم برایەتییە بكەین و بە حیكمەت و دانایی هەموولایەك، پایەكانی دەوڵەتداری و
حوكمداریی لە هەرێمەكەمان بەهێزتر بكەین، با ململانێكانمان لەسەر زیاتر خزمەتكردنی
گەل و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵكەكەمان بێت، بە یەكدەست و بە یەكدەنگ، داكۆكی
لە مافەكان و شایستە داراییەكانی هەرێم بەپێی دەستوور بكەین، پەیوەندییەكانی هەرێم
و بەغدا باشتر بكەین.
با بەهەمان زەردەخەنەكەی مام و داناییەكەی،
نەرمی بنوێنین لەبەر كۆمەڵانی خەڵك، ئەمە شكست نییە، سازش نییە، بەڵكو گەورەیی و سەركەوتنە،
چونكە هەر سازشكردنێك بۆ هاووڵاتی و بەرژەوەندیی گشتی بێت، دەستكەوتە و مایەی
شانازییە بۆ هەرلایەك هەنگاوی بۆ بنێت.
هەشت ساڵە ئێمە بێ مام جەلالین، ئەو
مام جەلالەی تاقە درەختێك بوو، بەڵام تامی هەموو باخچەكانی دنیای دەدا، چەپكەگوڵێك
بوو لە گوڵێكدا، بۆنی هەموو عەترەكان بوو
لە یەك عەتردا، هەموو كوردستان بوو لە رابەرێكدا. تا زەمەن زیاتر بەسەر ئۆغری ئەبەدی
ئەودا تێدەپەڕێت، زیاتر لێمان نزیك دەبێتەوە. ئەمڕۆ یەكێتی و هەموو لایەنەكانی
كوردستان و عیراق پێویستییان بە حیكمەت و دووربینیی مام جەلالە، دەبا دەست بە حیكمەتەكانییەوە
بگرین و بڵێین: بۆ ئەبەد تۆ رێنیشاندەر و رابەرمانی، چونكە بە لێهاتوویی خۆت،
واتكرد ئەمڕۆ تۆ لە یەكێتی و لە هەموو جۆرە حزبایەتییەك گەورەتر بیت و بەمەش بوویت
بە سێبەرێك بۆ هەمووان.