رەخنە؛ لە ئاوێنەی ویژدانەوە بۆ چرای ڕزگاری (١)
5/7/2026 1:29:00 PM
عیماد ئهحمهد
لەم شەوانەدا کە تەمومژی بێمتمانەیی، دوودڵی و
ترس باڵ بەسەر ژیانی گەلی کوردستاندا دەکێشێت، چرایەکی بچووک هەیە کە دەتوانێت ڕێگاکەمان
ڕووناک بکاتەوە و ئاراستەی ڕاستمان نیشان بدات؛ ئەویش ناوی ڕەخنەیە. ئەم چرایە، ئەگەر
بە دەستی ویژدان و نیازپاکی هەڵبگیرێت، دەبێتە ڕێنیشاندەر؛ بەڵام ئەگەر کینە و
بوغز دایبگیرسێنێت، تاریکییەکە قووڵتر و شەوەکە درێژتر دەکات.
لە ژیانی ڕۆژانەماندا، ڕەخنە زۆرجار لەنێوان
دوو مانای دژبەیەکدا دەگوزەرێت: یان دەبێتە هێرشێکی بێلۆجیک و “شەلم کوێرم، کەس
نابوێرم”، یان دەبێتە ئامرازێکی چاکسازی و ڕاستکردنەوە. بەڵام لە جەوهەری خۆیدا، ڕەخنە
تەنیا وشەیەکی ڕووت نییە؛ هەڵوێستێکی ئەخلاقی، سیاسی و کۆمەڵایەتییە. هەر لەم ڕەهەندەوەیە
کە جارێک دەبێتە یاخیبوونێکی سەرکێش، جارێکی تر دەبێتە چرایەکی هێمن بۆ ڕزگاری.
ڕەخنە ئەو کاتە دەبێتە چەکی وێرانکەر، کە لە کینە،
خۆبینی یان نەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت. لەم دۆخەدا، وشەکان وەک تیر دەوەشێنرێن و دیالۆگ
دەگۆڕێت بۆ شەڕێکی بێدەنگ. ڕاستی لەناو دەچێت، چونکە هەموو شتێک لەژێر باری هەستە
نەرێنییەکاندا دەشکێنرێت.
بەڵام ڕەخنە دەتوانێت ڕۆڵێکی تر بگێڕێت؛ ڕۆڵی ڕزگارکەر،
کاتێک لە ویژدانێکی زیندووەوە هەڵدەقوڵێت و دەبێتە چرایەک کە تاریکییە شاراوەکان دەردەخات.
ئەمجۆرە ڕەخنەیە بۆ شکاندن نییە، بەڵکو بۆ بنیادنانەوەیە. ئەوکاتە وشەکان نابنە دیوار،
بەڵکو دەبنە پرد؛ نابنە بنبەست، بەڵکو دەبنە ڕێگا.
ڕەخنەی ڕاستەقینە وەک ئاوێنەیە؛ مرۆڤ وەک خۆی نیشان
دەدات، نەک وەک ئەوەی حەزی لێیەتی. ئەمە سەختترین جۆری ڕووناکییە، چونکە کاتێک ڕاستی
دەدرەوشێتەوە، هیچ شوێنێک بۆ خۆشاردنەوە ناهێڵێتەوە.
لێرەدا پرسیارێکی بنچینەیی سەرهەڵدەدات: ئایا ئێمە
بوێریی بینینی ئەم ڕووناکییەمان هەیە؟ زۆرجار مرۆڤ شەیدای وێنە خەیاڵییەکەی خۆیەتی
و بەرگەی ڕاستی ناگرێت. هەر بۆیە دەڵێن: “لە سەردەمی فێڵ و چەواشەکارییدا، وتنی ڕاستی
کردەیەکی شۆڕشگێڕانەیە.” ئەمەش فێرمان دەکات کە ڕەخنەی ڕاستەقینە هەمیشە ئاسان نییە؛
نە بۆ ئەوەی دەیڵێت، نە بۆ ئەوەی دەیبیستێت.
لە بواری سیاسییدا، ڕەخنە تەنیا مافی هاوڵاتی نییە،
بەڵکو پارێزگارییە لە دیموکراسی. ڕەخنە ڕێگری دەکات لەوەی دەسەڵات بگۆڕێت بۆ سەرکوتکارییەکی
بێسنوور. بەبێ ڕەخنە، دەسەڵات لە زریانێکەوە دەگۆڕێت بۆ لافاو؛ لە ئامرازێکی خزمەتەوە
دەبێتە کارەسات.
ڕەخنە لە هەمان کاتدا تاقیکردنەوەی ویژدانە. ئەو
کەسەی ڕەخنە دەگرێت، خۆی دەخاتە تاقیکردنەوەی ڕاستگۆییەوە؛ ئەو کەسەش کە گوێی لێ دەگرێت،
خۆی دەخاتە ناو تاقیکردنەوەی بوێرییەوە. وشەکان، ئەگەر لە ڕاستییەوە بێن، ڕێگاکان
دەکەنەوە؛ بەڵام ئەگەر لە کینەوە بێن، دەرگاکان دادەخرێن. لەم نێوانەدا، چارەنووسی
کۆمەڵگە دەنووسرێتەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک هێزێکی خاوەن
مێژوو، قوربانیدان و ئەزموونی سیاسی، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی هەیە. ئەو هێزەی کە
بە دیالۆگ، فرەیی و ڕۆحی نوێبوونەوە ناسراوە، دەبێت ئەمڕۆش پێشەنگی ڕەخنەی بنیاتنەر
بێت؛ ڕەخنەیەک کە ناڕەزایەتی دەگۆڕێت بۆ پڕۆژە، جیاوازی دەگۆڕێت بۆ هێز، و هەڵە دەگۆڕێت
بۆ وانە.
ڕۆڵی هێزە سیاسییەکان تەنیا لە بەشداریکردن لە
دەسەڵاتدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە گوێ بۆ دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک بگرن، هەڵەکانیان
بناسن، چارەسەریان بکەن و ڕێگا بۆ نوێبوونەوە بکەنەوە. ئەوکات ڕەخنە دەبێتە چرای ڕووناکی،
نەک چەکی وێرانکاری.
بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ بنەما ئەخلاقییەکانی
ڕەخنە؛ ئەو ڕەخنەیەی کە بەرژەوەندیی گشتی دەخاتە سەروو بەرژەوەندیی تایبەت، ڕاستی
دەخاتە سەروو پڕوپاگەندە، و نیشتمان دەخاتە سەروو هەموو حسابێکی تەسک.
دەمانەوێت بە میدیا، میدیاکاران، نووسەران و هەموو
خاوەندەنگێکی ئەم نیشتمانە بڵێین: تەنیا لە ڕێگەی ڕاستگۆیی و ڕەخنەی بنیاتنەرانەوە
دەتوانین کوردستان لە بنبەستەکان ڕزگار بکەین. چونکە لە کۆتاییدا، ڕەخنە یان دەبێتە
چەکێک بۆ وێرانکردن، یان دەبێتە چرایەک بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگا. هەڵبژاردن لە دەستی
ئێمەدایە: یان تاریکییەکە قووڵتر بکەین، یان چرای ڕزگاری هەڵبکەین.