نێوان چەک و قەڵم
5/17/2026 12:34:00 PM
عیماد ئهحمهد
وشە تەنها ئامرازێکی دەربڕین نییە؛ بەڵکو کردەوەیەکی بونیادنەرە. پەیوەندی نێوان نووسین، ڕۆژنامەگەری و کرداری سیاسی، یەکێکە لە ئاڵۆزترین پەیوەندی و مشتومڕی کولتووری سەردەمی هاوچەرخە. ئەم پەیوەندییە تەنها گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکو پرۆسەی دروستکردنی هۆشیاری و نەخشاندنی چارەنووسی نەتەوایەتییە.
لە مێژووی گەلی کورددا، ئەزموونی (ی.ن.ک) وەک نموونەیەکی تایبەت دەردەکەوێت؛ چونکە ئەم ڕێکخراوە تەنها لە دڵی سەنگەر و چەکەوە لەدایک نەبوو، بەڵکو لە ناو بیر، وشە و هۆشیاریی ڕۆشنبیرییەوە سەری هەڵداوە. پێش ئەوەی پێشمەرگە لە چیاکان جێگیر بێت، قەڵەم و بیر لە سەنگەری فکردا ئامادە بوون.
چیا لە ویژدانی کورددا هەمیشە شوێنی خۆپاراستن بووە، بەڵام بۆ یەکێتی، چیا هەروا یەکەمین چاپخانە و یەکەمین قوتابخانەی ئازادی بوو. لە سەردەمی شاخدا، ڕۆژنامەگەری تەنها پیشە نەبوو، بەڵکو شێوازێک بوو بۆ خەبات و بەرگری. کاتێک پێشمەرگە چەکەکەی هەڵدەگرت، ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسیش گۆڤار و بڵاوکراوەی نهێنی هەڵدەگرت، بۆ ئەوەی دەنگی شۆڕش بگەیەنێت بە لادییەکان، شارەکان و ویژدانی جیهان.
لە سەرەتای دامەزراندنی یەکێتی، سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵانی دەستەی دامەزرێنەران و سەرکردایەتی یەکێتی نشتیمانی لە ناو وڵاتدا، پێش ئەوەی سیاسەتمەداری دیار بن، ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسی ناسراو بوون. بەم شێوەیە، یەکێتی بنەمای قوتابخانەیەکی فکری دانا، کە تێیدا ڕۆشنبیر تەنها بینەر نەبوو، بەڵکو بەشداربوو لە دروستکردنی بڕیار.
لە ڕابردوودا، ڕۆژنامەگەری بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ئەو "سییەی" وابوو کە شۆڕشگێڕان لە چیاکاندا هەناسەیان پێ دەدا. نووسین تەنیا خولیایەکی فیکری نەبوو، بەڵکو بەیاننامەیەک بوو بۆ بەرگری. کاتێک پێشمەرگە تفەنگی هەڵدەگرت، ڕۆشنبیرەکەش بڵاوکراوەی نهێنی و ڕۆژنامەی(الشرارە) و (کۆمەلە) و (ڕێبازی نوێ)ی هەڵدەگرت؛ بەمەش سەختیی چیاکانیان گۆڕی بۆ مینبەرێکی ئازاد بۆ دوواندنی جیهان.
لە کاتی تەنگانەدا، ڕاگەیاندن یەکەمین هێڵی بەرگری بوو؛ چونکە یەکگرتوویی گوتار، ڕێگری لە هەرەسی مەعنەوی دەکرد.
لە کاتی سەقامگیریداش،(رادیۆ، کوردستانی نوێ، تەلەفزیون، سوشیال میدیا)تەها راگەیاندنێکی بێ ئامانج و وشەیەکی رەق نەبوو، بەڵکو ئامرازی ئاوەدانی، گرنگی بە مافە مەدەنییەکان، فرەیی کولتووری و کرانەوەی فکری بوون.
ڕاگەیاندنی یەکێتی تەنها بۆ ناوخۆ نەبوو، بەڵکو پردێک بوو بۆ پەیوەندی لەگەڵ بیرمەندان و نووسەرانی جیهانی عەرەبی و نێودەوڵەتی. ئەمە وایکرد پرسی کورد تەنها بە زمانی چەک نەناسرێت، بەڵکو بە زمانی بیر، یاسا و مافیش بناسرێت.
لە بارەی ڕۆژنامەگەرییەوە وتراوە؛
“ڕۆژنامەگەری جوانترین پیشەیە، ئەگەر بزانیت چۆن مێژوو دروست بکەیت.”
“سیاسەت هونەری گونجاندنە، بەڵام ڕۆژنامەگەری هونەری ئاشکراکردنی ڕاستییە.”
ئەمڕۆ، لە سەردەمی ئاشتی و دامەزراوەییدا، ئەو وشەیە لە ئامرازی خەباتی چەکدارییەوە گۆڕاوە بۆ ئامرازی بونیادنان. ڕۆژنامەگەری لە قۆناغی ڕزگاریخوازییەوە گەیشتووە بە قۆناغی دەوڵەتداری؛ لەوێدا کە ئەرکەکەی چاودێریکردنی ئەدای سیاسی، پاراستنی بەها دیموکراسییەکان و چەسپاندنی ئازادی و ئاشتیی کۆمەڵایەتییە.
لە ژێر سێبەری ئەو ئاڵۆزی و مەترسییانەی ئەمڕۆی ناوچەکە، ڕۆژنامەگەریی بەرپرسیار لە هەر کاتێک زیاتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەواشەکاری، پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و بەرگری لە قەوارە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەزموونی یەکێتی نیشانی دا کە پەیوەندی نێوان قەڵەم و سیاسەت، پەیوەندییەکی لاوەکی نییە؛ بەڵکو تەواوکارییەکی بوونییە. چەک دەتوانێت سەرکەوتنێکی سەربازی بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەوە وشەیە کە دەوڵەت بنیاد دەنێت و ئاشتییەکی بەردەوام دەپارێزێت.
ئەو گەلانەی مێژووی خۆیان بە قەڵەم ناخوێننەوە، زوو دووبارەی هەمان هەڵە دەکەنەوە. بەڵام ئەو نەتەوانەی باوەڕیان بە وشە هەیە، دەتوانن مێژوو نەک تەنها بخوێننەوە، بەڵکو داهاتووش بنووسن.
زۆرجار ئەو مەرەکەبەی بیر بنیاد دەنێت، لەو فیشەکەی قەڵا دەپارێزێت بەهێزترە.
لە کۆتاییدا، پێویستە ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاو بێت کە مێژوو تەنها کۆمەڵێک ڕووداوی وشک نییە لە پشت سەرمانەوە، بەڵکو تاقیگەیەکە بۆ تێگەیشتن لە ئێستا. ئەرکی ئێمە وەک تاک و وەک کۆمەڵگە، لەوەدا کورت دەبێتەوە کە چۆن بتوانین لە ڕێگەی دیالۆگێکی فیکریی قووڵ و چاکسازییەکی ویژدانییەوە، مانا بۆ ژیان و خەبات بگەڕێنینەوە. ئەگەرچی گەشتەکە پڕە لە ئاستەنگ، بەڵام مرۆڤایەتی هەمیشە لەو شوێنەدا درەوشاوەتەوە کە توانیویەتی عەقڵ و ئەخلاق بکاتە قیبلەنمای ڕێگەکەی. با ئەم نووسینە تەنها دەنگێک نەبێت لەناو دەنگەکان، بەڵکو بێتە سەرەتایەک بۆ ڕامان و هەنگاوێکی کردەیی بەرەو ئایندەیەکی ڕۆشنتر.