گۆرینی ئارستەی سیاسی و حزبی ئەندامی پەرلەمان
11/12/2026 1:10:00 PM
هیوا حامید
دیدێکی یاسایی:
دانیشتنی رۆژی٢٠٢٦/١١/٤ ی پەرلەمانی کوردستان شەپۆلێک هەڵوێست و پرسیاری سیاسی و یاسایی بەدوای خۆیدا هێنا، یەکێک لەو پرسیارانەی کە زۆرترین پانتایی میدیاکان و تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی داگیرکرد، رەوایەتی گۆرینی ئاراستەی سیاسی و حیزبی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بوو. بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن و هەڵوێستە سیاسیەکان لەمەڕ پرسیارێکی وەها هەستیار و جێگە بایەخی رای گشتی، بەرمەبنای زانیاری دروست بێت، وەک توێژەرێک هەوڵ دەدەین لە میانی ئەم نوسینەدا دیدێکی یاسایی بۆ چۆنیەتی رێکخستنی لەیاسا بەرکارەکاندا بخەینە روو.
سەرەتا بەپێویستی دەزانم سەرنجی خوێنەر بۆ خاڵێکی گرنگ رابکێشم، ئەوەیش ئەوەیە بابەتی دەنگدانی ئەندامی پەرلەمان لە پرۆسەیەکی یاساکاری دیاریکراودا بەدەرە لەو کورتە توێژینەوەی ئێمە، چونکە ئەوە تارادەیەکی زۆر کۆدەنگی لەسەر رەوایەتی هەیەو جیاوازیەکی ئەوتۆ لە نێوان یاساناسان و یاسادانەراندا نییە، ئەوەی جێگەی شەن و کەوکردنی ئەم توێنەوەیە گۆرینی ئاراستەی سیاسی و حزبی ئەندامانی پەرلەمانە.
تەوەری یەکەم: بنەما فکری و فەلسەفییە دەستورییەکانی راجیایی سەبارەت بەم بابەتە.
زۆرن ئەو بنەمایانەی بوونەتە مایەی راجیایی سەبارەت بە پرسی گۆرینی ئاراستەی سیاسی و حزبی ئەندامی پەرلەمان. بەڵام دوان لەو بنەمایانە شادەماروپاڵنەری سەرەکی ئەم راجیاییەن، ئەوانیش:
-ئازادی رادەربرین و لایەنداری سیاسی و حزبی : ئەندامی پەرلەمان وەک هەر تاکێکی کۆمەڵگە خاوەنداریەتی کۆمەڵێک مافی بنەرەتی دەستووری دەکات، لەوانە مافی ئازادی رادەربرین و لایەنداری بۆ گروپ و ئاراستەیەکی سیاسی، هەر کۆت و بەندێک لەیەکێک لەو مافانەی کەم بکاتەوە پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤەو دەستووری زۆرینەی هەرە زۆری وڵاتانی سیستەم دیموکراسی رەتیدەکەنەوە، ئەمەش پاڵیناوە بە گروپێک لە یاساناسان تا بڵێن جگە لە ویژدان و رێسا یاساییەکان، ئەندامی پەرلەمان ژێرباری هیچ کۆت و بەندێک نییە لە پایەدەکردنی ئەرکی پەرلەمانیدا.
-رێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەرو سەقامگیری سیستەمی سیاسی:
هەڵبژاردن وێستگەیەکی یاسایی و سیاسی گرنگە لە ژیانی سیاسی و دیموکراسی نوێنەرایەتیدا، تیایدا دەنگدەر ئیرادەی خۆی لەرێگەی دەنگەوە دەگۆرێت بۆ کورسی پەرلەمانی، ئەندامی پەرلەمان نوێنەرایەتی دەنگی دەنگدەر لەلایەک و هاوسەنگی و هەموچەشنی سیاسی نێو کۆمەڵگە دەکات لە پەرلەماندا، ئەمەش وایکردوە بەشێک لە یاساناسان پێیان وابێت دواجار ئەدامی پەرلەمان نوێنەرایەتی دەنگدەرانی دەکات و سەربەست نیە لە گۆرینی ئاراستەی سیاسی و حزبی، چونکە نا هاوسەنگی دێنێتە کایەوە لە نێوان ریژەی دەنگی لایەنەکان و بەرکەوتەیان لە ژمارەی کورسییەکان بە پێی سیستەمی هەڵبژاردنی پەیرەو کراو. بەمەش پەرلەمان رەنگدانەوەی راستەقینەی ئیرادەی دەنگدەران نابێت و بنچینەی نوێنەرایەتیکردنی گەڵ دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
تەوەری دووەم: راجیایی لەرێکخستنی دەستووری و یاسایی گۆرینی ئاراستەی سیاسی و حزبی
بەسەرنجدان لە دەستوور و یاسای وڵاتان بۆمان دەردەکەێت کە سێ ئاراستەی یاسایی هەن بۆ رێکخستنی ئەم بابەتە، ئەوانیش:
-رێگەدان بە گۆرینی ئاراستەی سیاسی و حزبی:
هەندێک وڵات لەرێگەی دەستوور یان یاسا کارپێکراوەکانیەوە بێت، بە رەهایی رێگەدەدەن ئەندامانی پەرلەمان لە ماوەی ئەنادمییەتیاندا ئاراستەی سیاسی و حزبی خۆیان بگۆرن. بەنمونە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، فەرەنسا، بریتانیاو هی دیکەش. ئەگەر سەرنج بدەین ئەو وڵاتانەی دیموکراسییەت لە ئاستێکی باڵای پێگەیشتوییدایە زۆرینەی ئەوئاراستەیە پێکدەهێنن.
-رێگەدان بە گۆرینی ئاراستەی سیاسی و حزبی مەرجدار:
بەشێکی دیکە لە وڵاتان لە چوارچێوەی کۆمەڵێک مەرج و رێ و شوێندا رێگە دەدەن بە گۆرینی ئاراستەی سیاسی و حزبی ئەندامی پەرلەمان، هەندێک لەو مەرجانە پەیوەستن بە ماوەو کاتەوەو بۆ نمونە لە عیراق ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران تا پێکهێنانی حکومەت بەدەر لە فراکسیۆنەکەی، بۆی نییە بچێتە ناو فرکسێۆن یان هاوپەیمانییەتێکی دیکە، لە باشوری ئەفریقیا لە ماوەیەک لە ماوەکان، ئەندامی پەرلەمان تەنها لە پازدە رۆژی یەکەمی مانگی سێپتێمبەری ساڵی دووەم یان چوارەمی خولی پەرلەمانی بۆیان هەبوو لەشێوەی گروپ ئاراستەی سیاسی و حزبی خۆیان بگۆرن بەمەرجێک رێژەیان لەسەدا دەی کۆی ئەندامانی فراکسیۆنەکەیان کەمتر نەبێت. لە هیندستان بەهەمان شێوە رێژەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی هەر فراکسێۆنێک بە گروپ بۆیان هەیە حزب یان ئاراستەی سیاسیان بگۆرن. لە نیوزلەندە گۆرینی ئاراستەی سیاسی و حزبی ئەندامی پەرلەمان مەرجدارە بە رەزامەندی فراکسیۆنەکەی. هەندێک وڵاتی دیکە رێگەدەن بە دەستەکارکێشانەوەی ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنەکەی بەمەرجی ئەوەی نەچێتە ناو فراکسیۆنێکی دیکەوە، بۆ نمونە پورتوگال، بەلجیکاش هەمان رێچکەی گرتۆتەبەر لە ژوری دووەمی پەرلەمانەکەی.
-رێگەنەدان بە گۆرینی ئاراستەی سیاسی و حزبی:
هەندێک وڵات بەروونی لە دەستوور یان یاساکانیاندا ئاماژەیان بە نایاسایی بوونی گۆرینی ئاراستەی سیاسی و حزبی ئەندامانی پەرلەمان کردوە، ئەگەرچی هەندێک لەوانیش هەندێک ریزپەریان کردوە لەو رێسا گشتییەدا بۆ نمونە وڵاتانی میسر، بەنگلادیش، مالیزیاو هی دیکەش. مالیزیا تەنها ئەوکاتە رێگەی داوە ئەگەر هاتوو ئەندامی پەرلەمان لەریزەکانی حزبەکەی دەربکرێت.
تەوەری سێیەم: رێکخستنی ئەم بابەتە لە هەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستان تا دەرچوونی پەیرەوی ناوخۆی بەرکاری پەرلەمانی کوردستان ساڵی ٢٠١٨ بەر لە هەموارکردنەوەی، ئەم بابەتە رێکخستنی یاسایی بۆ نەکرابوو، بەڵام لە ماددەی(١١٠) برگەی دووەمی ئەم پەیرەوەدا وێرای جەختکردنەوە لەسەر ئازاد بوونی ئەندامی پەرلەمان لە کاری پەرلەمانیدا، رێگەی گرتوە لە گۆرینی ئاراستەی سیاسی و حزبی ئەندامان، بەجۆرێک هەنگاوێکی لەوجۆرە دەبێتە مایەی لەدەستدانی ئەندامییەتی لە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام لە هەمواری یەکەمی پەیرەوەکە لە ساڵی ٢٠١٩ جارێکی دیکە ئەم برگەی لابراو هەرێمی کوردستان کەوتە بۆشاییەوە لەرێکخستنی ئەم پرسەدا.
تەوەری چوارەم: لێکەوتەکانی گۆرینی ئاراستەی سیاسی و حزبی
یاسادانەری ئەو وڵاتانەی رێگەیان نەداوە بە گؤرینی ئاراستەی سیاسی و حزبی ئەندامان یان بە مەرج رێگەیان داوە، سەبارەت بە لێکەوتەکانی هەنگاوێکی لەو جۆرە یەکڕا نین و بەسەر دوو ئاراستە دابەش بوون، ئەوانیش:
-لە دەستدانی ئەندامییەتی:
بەشێک لەو وڵاتانە بەروونی لە یاساکانیاندا ئاماژەیان بە لێکەوتەکانی ئەم هەنگاوە کردوە کە لەدەستدانی ئەندامیەتیە لە بارێکدا فراکسیۆنەکەیان بگۆرن، هەندێک لەوانە راستەوخۆ بە گرتنەبەری ئەم هەنگاوە ئەندامییەتی لەدەست دەدەن وەک ئەوەی لە مالیزیا هەیە یان وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەبوو بەر لە هەموارکردنەوەو لابردنی. هەندێکی دیکەیان لەدەستدانی ئەندامییەتەکەیان پەیوەست کردوە بە بە داواکاری فراکسیۆنی پێشوویان و تەنها لەو بارەدا ئەندامییەتی لەدەست دەدەن کاتێک فراکسیۆنی پێشویان ئەو داوایە بکات، بۆ نمونە نیوزلەندا،هەندێکیشیان تەنها لە باری چونە ناو فراکسیۆنی دیکە ئەندامییەتەکەیان لەدەست دەدەن و لە بارێکدا ئەگەر بەسەربەخۆیی بمێننەوەو نەچنە فراکسیۆنێکی دیکەوە، پارێزگاری لە ئەندامییەتیەکەیان دەکەن.
-دیاری نەکردنی لێکەوتەکانی گۆرینی ئاراستەی سیاسی و حزبی:
بەشێکی دیکە لە یاسا دانەری ئەو وڵاتانە رێگەیان نەداوە بە گۆرینی ئاراستەی سیاسی و حزبی ئەندامانی پەرلەمان ئاماژەیان نەکردوە بە لێکەوتەکان، لە بارێکدا ئەندامی پەرلەمان هەنگاوێکی لەمجۆرەی گرتەبەر، بۆ نمونە عیراق، یاسادانەری عیراقی ئاماژەی بەوەکردوە کە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بۆی نییە بەر لە پێکهێنانی حکومەت فراکسیۆنەکەی بگۆرێت، بەڵام ئاماژەی نەکردوە بەوەی لێکەوتە یاساییەکانی ئەم هەنگاوە چین ئەگەر ئەندامێکی ئەنجومەن ئەم کارەی کرد.
تەوەری پێنجەم: هەڵوێستی دادگای ئیتیحادی لەمەڕ ئەو پرسەو ئەگەرەکانی
لە بارێکدا فراکسیۆنێک یان کەسێکی زیانمەند بوو لە هەنگاوی گۆرینی ئاراستەی سیاسی و حزبی ئەندامێکی پەرلەمان ئەم کەیسە بەرێتە دادگای ئیتیحادی کە ئەگەری رودانی زۆرە لەو بارودۆخە سیاسی و یاساییە ئاڵۆزەی هەرێمی کوردستانی پێدا گوزەر دەکات. وەک توێژەرو چاودێرێک بۆ ئاراستەی بیرکردنەوەو بریارەکانی دادگای ئیتیحادی، پێمان وایە ئەم ئەگەرانە یارای رودانیان هەیە:
-ئەگەر دەقێکی دەستووری یان یاساکارییەکی دیکە هەبێت ئەوا پشتبەست بەو دەقە بریارەکانی دەردەکات. وەک ئەوەی لە عیراق هەیە لە ئەگەری رودانی پرسێکی لەمجۆرە ئەگەری بەهێز ئەوەیە هەر لێکەوتەیەک لە ئەنجامی گۆرینی فراکسیۆنەوە هاتبێتە کایە هەلدەوەشێنێتەوە.
-لە ئەگەری نەبوونی دەقێکی دەستووری و یاساکاریدا وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەگەری زۆرە دادگای ئیتیحادی بەرمەبنای دوو پێوەر بریار بدات ئەوانیش:
آ-گەرانەوە بۆ بنەما دەستوورییەکان، کە ژیانی دەستووری و سیاسی عیراقیان لەسەر بونیاد نراوە ، لە راستیدا ژمارەیان زۆرەو لێرەدا بواری ئاماژەپێدانیان نییە.
ب-سەرنجدان لە سیاقاتی مێژوویی پیادەکردنی کردارەکی ئەم پرسە، ئامانج وئەنجامگیریەکان و کاریگەری و لێکەوتەکانی لەسەر سەقامگیری ژیانی دەستووری یاسایی.