شیعرێک بۆ دایکم و ھەموو دایکانی جیھان، بەبۆنەی ڕۆژی جیھانی ژنانەوە!
01:12 - 08/03/2026
كوولتووری زەمەن
نوسینی: چۆمان هەردی
دایکم ماندووە لە ژیان
ماندووە لە دانیشتنی سەر قەنەفە و
چاوەڕێکردنی مەرگ.
پاش ساڵەھا خزمەتکردن و
ئاوارەیی و دەربەدەری،
دایکم دەڵێت: ”ئەوەی ھەبوو بینیم و
ئەوەی پێویست بوو کردم.“
دایکم ھەموو ڕۆژێک
لە سەعاتە درێژەکانی چاوەڕوانیدا
دەچەمێتەوە ناو خۆی و
نوقمی بێدەنگی دەبێت.
ئاخر نە چاوی حوکمی بینینی جەنگی ماوە و
نە گوێی توانای بیستنی خەمی ماوە.
ھەموو جارێک کە برا دوورە وڵاتەکەم
لە باوەش دەگرێت
دەگری و دەڵێت: ”ڕەنگە ئیتر نەتبینمەوە!“
دایکم لەپاش مەرگی باوکمەوە زۆر تەنیایە.
ساڵانێک ویستی ماڵەکەی چۆڵ نەکات و
ھەموو ڕۆژێک بە ھێواشی
قاپەکانی دەشت،
فەرشەکانی دەسڕییەوە،
قەنەفەکانی دەتەکاند و
کوببە و شفتەی دەخستە فرێزەرەوە.
ھەموو ڕۆژێک پاش ئەرکی ماڵ
لە ژووری دانیشتنەکەی دادەنیشت و
چاوەڕێی ھاتنی ئێمە بوو.
جەستەی دایکم دە جار ژیانی بەخشیوە.
لەو دە منداڵە حەوتی بۆ ماون.
دایکم ئێستاش کە باسی نۆبەرەکەی دەکات
دەگری و دەڵێت: ”زۆر جوان بوو بۆ مەرگ.“
پێیەکانی دایکم بە زۆر ڕێگەدا بردوویانە
ڕێی بەردەڵانی شاخ و دەشت،
شەقامی شۆخ و ئاڵۆزی لەندەن و
ڕێگەی گەڕانەوەی وڵات.
ئێستاش ڕۆژانە لەبەر خۆرەکە دادەنیشێت و
لە خۆی دەپرسێت بۆچی
مەرگی ھاوسەرەکەی و
ھەردوو خوشکە بچووکەکەی و
مێردی کچەکەی و
کوڕە نۆبەرەکەی بینی.
دواتر خەمێک دایدەگرێت و
لە تووڕەیی خودا دەترسێت و
ڕوو لە ئاسمان دەڵێت: ”خوایە شوکور!
مەرگی ئەمانەی تر نەبینم.“
دایکم دەڵێت: ”تەمەنی درێژ خۆش نییە
دۆعا دەکات کەس ھێندە نەژی
کە لە ژیان بێزار بێت.“
ئەو ئێستش خەم دەخوات
کە بە منداڵی نەیانناردە قوتابخانە.
خۆزگە دەخوازێت بیتوانیایە
وەکوو باوکم کتێب بخوێنێتەوە و
ڕۆژەکانی ئاسانتر لێ بڕوات.
جاروبار کە زۆر بیری باوکم دەکات
دەگری و دەڵێت:
”خۆزگە بۆ ساڵێک زیندوو ئەبۆوە
تا ھەموو ڕۆژێک ماچی کەم!“
دایکم وا دەزانێت کەس پێویستی بەو نەماوە.
وا دەزانێت قسەکانی، چیرۆک و زانیارییەکانی
سوودیان بۆ ھیچکەس نەماوە.
دایکم نوقمی بێدەنگی و خاوبوونەوەی ژیانە
بیری دەچێت کە ھێشتاش
بە بچووکی و چەماوەیی و ماندوویی خۆیەوە
ھێزی ئەژنۆ و
ھۆکاری کۆبوونەوەکانی ئێمەیە.
ئەو نازانێت
لەو پەڕی سەختییەکاندا
ئارامی ڕۆحی ئێمەیە.
ئەو دەڵێت:
”کە مردم، دوای خۆم خەفەت جێناھێڵم.“
ئەو نازانێت خەفەت دوای ئەو
دەستپێدەکات
ئارامی لەگەڵ ئەو کۆچ دەکات.
دایکم نازانێت
ئەو پەتی ناوکەی ھەریەکە لە ئێمەی
بە ھەناوی ئەوەوە بەستبووەوە،
دوای مەرگی ئەو دوبارە دەڕوێتەوە و
بە بۆشایی بوونی ئەوەوە دەمانبەستێتەوە.
دایکم خۆی بە خۆی نازانێت
چ ھێزێکە
چ عەشقێکە
چ ھیوایەکە بۆ ژیان.
نازانێت بە چاوە لێڵەکانی و
گوێچکە کزەکانی و
باڵا چەماوەکەی و
دەستە چرچەکانییەوە
چەند جوانە!