شێرکۆ بێکەس؛ شاعیرێک کە هێشتا برەو بە زمانی کوردی دەدات
8/4/2026 1:16:00 PM
عیماد ئهحمهد
هەندێک مرۆڤ بە کۆچی دواییان لە ژیان دادەبڕێن، بەڵام لە رۆحماندا نامرن، هەندێک دەنگیش لە تەمەنی خۆیان درێژتر دەژین، چونکە لە گوێی میلەتاندا هێشتا دەنگدەدەنەوە، شێرکۆ بێکەسی شاعیر لەو دەنگانە بوو کە سێزدە ساڵ دوای کۆچی دواییشی، هێشتا وشەکانی لە باوەشی شاخەکان، لە دەنگی رووبارەکان، لە بۆنی باران و لە ویژدانی خوێنەری کورددا هەناسە دەدەن.
شێرکۆ تەنیا هەر شاعیر نەبوو؛ رووداوێک بوو لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا. هاتنیشی تەنیا زیادبوونی ناوی شاعیرێکی نوێ نەبوو، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بوو لە بیرکردنەوە لەسەر شیعری باڵا، کە زمانی کوردیی لە سنووری دەربڕینی هەست دەرهێنا و کردی بە زمانێک کە دەتوانێت فەلسەفە، ناسنامە، ژان، جوانی و ئازادیی لە یەک هەناسەدا دەرببڕێت. لە بنەماڵەیەکی ئەدەبیی گەورەدا پەروەردە بوو؛ کوڕی فایەق بێکەسی شاعیری نیشتمانپەروەرە کە وشەی کردبوو بە دەنگ و سەنگەری خەباتی کورد، بەڵام شێرکۆ تەنیا میراتگری باوکی نەبوو؛ میراتەکەی بە داهێنانی نوێوە دەوڵەمەندتر کرد. رێگای خۆی هەڵبژارد و بوو بە یەکێک لە گەورەترین بنیاتنەر و نوێگەرانی شیعری نوێی کوردی. لە یەک بنەماڵەدا، دوو نەوەی شیعر، بە یەک رۆح و دوو شێوازی هونەری نووسینی جیاواز، خزمەتی زمان و نیشتمان و ئەدەبی کوردییان کرد.لەناو دەستی شێرکۆدا، وشەکان تەنیا وشە نەبوون؛ بەڵکو دەبوونە گیانلەبەر. لە شیعری ئەودا دار دەدوا، بەرد بیری دەکردەوە، با نامەی ئازادیی دەنووسی، رووبار بیرەوەری دەگواستەوە و خاک بۆ منداڵەکانی دەگریا. سروشتیش بۆ ئەو تەنیا هەر دیمەنێکی جوان نەبوو، بەڵکو هاوڕێی رۆحی مرۆڤ بوو. هەر بۆیە شیعرەکانی هەمیشە بۆنی ژیانیان لێدێت، نەک تەنیا جوانیی زمان.
هەر نەتەوەیەک دوو مێژووی هەیە؛ یەکێکیان لە کتێبەکاندا دەنووسرێت و ئەوی تریان لە شیعردا. ئەگەر مێژوونووس رووداو تۆمار بکات، شاعیر پارێزگاری لە هەستی مرۆڤ لەناو رووداوەکاندا دەکات. شێرکۆ یەکێک بوو لە گەورەترین پارێزەرانی ئەو مێژووە نادیارەی کە بە چاو نابینرێت، بەڵام بە دڵ هەستی پێدەکرێت. تاڵیی ئەنفال، کیمیاییباران، شەهیدبوونی پێشمەرگە، کۆچ، نامۆیی و چاوەڕوانیی دایکەکان، هەروەها شیرینیی ئازادی، خەون و هیوای گەلێکی خەباتکار، بە شێوەیەک هەموو ئەوانەی نووسی کە بە تێپەڕبوونی کاتیش تازەیی لەدەست نادات.
شێرکۆ یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی شیعری نوێی کوردی. نوێبوونەوە لەلای ئەو تەنیا گۆڕینی قافیە و کێش نەبوو؛ گۆڕینی روانگە و شێوازی بینین بوو. هەر بۆیە کاریگەریی ئەو لە سنووری شیعر تێپەڕی و بوو بە یەکێک لە بناغەکانی بزووتنەوەی رۆشنبیریی نوێی کورد، ئەو بزوتنەوەیەی کە مرۆڤ تێیدا ئازادی و کەرامەتی مرۆڤی خستە ناوەندی بیرکردنەوەوە.
نیشتمانپەروەریی شێرکۆ لە جۆری دروشمە بەتاڵەکان نەبوو. نیشتمانی لە زمانی کوردی، لە منداڵێکی گوند، لە ژنێکی چاوەڕوان، لە پێشمەرگەیەکی شاخ، لە دارێکی تەنیای کەنار رێگا، لە بۆنی باران و لە سپێتی بەفری کوردستاندا دەبینی. بۆ ئەو، نیشتمان پێش هەر شتێک مرۆڤ بوو؛ بۆیە خۆشەویستیشی بۆ کوردستان، خۆشەویستی بۆ ژیان و رۆح بوو. هەروەها لە خەباتی گەلەکەی دوور نەبوو. لە رۆژانی شۆڕشی نوێدا وشەی کرد بە هاوڕێی خەبات، بەڵام باوەڕی وابوو کە نەتەوەکان تەنیا بە چەک ناپارێزرێن؛ بەڵکو بە زمان، هونەر، بیر و بیرەوەریش دەپارێزرێن. هەر بۆیە شیعرەکانی بانگەوازی ژیان بوون، نەک مردن؛ بانگەوازی ئازادیی بوون، نەک رق و کینە. کەسایەتیی شێرکۆ تایبەت بوو. نە هەوڵی ئەفسانەبوونیدا، نە دووبارەکردنەوەی کەسانی تر. لەژێر سێبەری ناوی هیچ شاعیرێکدا نەژیا؛ خۆی سێبەرێکی گەورەی بۆ شیعری کوردی دروست کرد، کە شاعیر تەنیا بینەری جوانی نییە؛ شایەتحاڵی ڕاستی و ویژدانی سەردەمەکەشیەتی.
بە کۆچی دوایی شێرکۆ، کوردستان تەنیا شاعیرێکی گەورەی لەدەست نەدا؛ زمانی کوردی یەکێک لە داهێنەرە گەورەکانی خۆی و ئەدەبی کوردی یەکێک لە نوێکەرەوەکانی و رۆشنبیریی کوردستان یەکێک لە ویژدانە بیدارەکانی لەدەستدا، بەڵام ئەو جۆرە کەسایەتییانە بە کۆچی دواییان نامرن؛ لە خوێندنەوەی هەر شیعرێکیدا، هەر منداڵێک کە زمانی کوردی فێردەبێت و لە هەر دڵێکدا کە ئازادیی و جوانیی خۆشدەوێت، دووبارە لەدایک دەبنەوە.
ئەمڕۆ، لە سیانزەهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەسدا، باشترین رێزلێنان بۆ ئەو تەنیا دانانی گوڵ لەسەر گۆڕەکەی نییە؛ باشترین رێزلێنان ئەوەیە زمانی کوردیمان وەک ئەو خۆشبوێت، شیعر و بیری ئازاد بپارێزین و نەهێڵین یادەوەرییە تاڵ و شیرینەکانی گەلەکەمان لەژێر خۆڵی لەبیرچوونەوەدا ون ببن، چونکە هەندێک شاعیر، دوای کۆچی دواییش، هەرگیز لە نووسین ناوەستن. شێرکۆ بێکەس یەکێکە لەوانە؛ کە هێشتا دەنووسێت، نەک بە قەڵەم، بەڵکو بە زمانی کوردی و لە دڵی هەر خوێنەرێکدا کە وشەی کوردی بە خۆشەویستییەوە دەخوێنێتەوە.
