ئەڵوەن ئۆرکێسترایەکی ئەبەدی لە بیرەوەریی رۆحدا
4/20/2026 11:43:00 AM
عیماد ئهحمهد
پێش هەموو شتێک بە کورتی و پوختی دەڵێم:
لە مۆسیقا و ئاواز و گۆرانی
لە منداڵییەوە تا پیری
لە خۆشییەوە تا ناخۆشی
هەمیشە لەگەڵمان دەژی،
وەک سایەیەک کە جێمان ناهێڵێت.
مۆسیقا تەنیا رێکخستنی دەنگەکان نییە لە چوارچێوەی کاتدا؛ بەڵکو زمانی یەکەمی گەردوون و دوا پەناگەی رۆحی مرۆڤە. پێش ئەوەی مرۆڤ فێری ئەلفوبێی ئاخاوتن ببێت، لەگەڵ لەرینەوەی سروشتدا کەوتە گفتوگۆ؛ لە هەناسەی با لە ناو قامیشەکانەوە، تا چریکەی باڵندەکان کە یەکەمین وانەی ئاوازیان بە گوێی مێژوودا چرپاند. مۆسیقا ئەو هێزە ئەفسانەییەیە کە کات رادەگرێت و شوێن واتادار دەکات.
لە روانگەی فەلسەفییەوە، نیتچە دەڵێت: «بەبێ مۆسیقا، ژیان هەڵەیەک بوو»؛ چونکە مۆسیقا تەنیا هونەر نییە، بەڵکو بەرجەستەبوونی ویستی مرۆڤە بۆ مانەوە و پاراستنی ناسنامە. هەر نەتەوەیەک کە مۆسیقایەکی زیندووی هەبێت، خاوەنی ناسنامەیەکی نەمری مێژووییە؛ بە تایبەتی کاتێک ئاواز دەبێتە باڵێک بۆ گەیاندنی وشە و شیعر بۆ لوتکەی هەست.
سروشت خۆی گەورەترین ئۆرکێسترایە؛ هەر درەختێک لەبەردەم بادا شمشاڵێکە و هەر کانییەک «ئەڵوەن ئای ئەڵوەن»-ێکی بەردەوامە. مرۆڤیش کاتێک دەستی بۆ ساز و تەمبوور برد، تەنیا ویستی ئەو سیحرە دووپات بکاتەوە کە لە شنەی گەڵاکاندا دەبیسترا. بۆ ئێمە مۆسیقا تەنیا دەنگ نییە، بەڵکو بیرەوەرییەکی زیندووە، بۆنی خاکی خانەقین و تامی خورما و هاژەی «ئەڵوەن»ی تێدایە. ئەڵوەن تەنیا رووبارێک نییە، بەڵکو ژێنەرێکی رەوانی مۆسیقایە کە بە درێژایی مێژوو ئاوازی ژیانی بۆ مرۆڤ و سروشت ژەنیوە.
مۆسیقا لە گەرمەسێر تێکەڵەیەکە لە ئازار و ئومێد؛ دەنگێکە لە باخەکانەوە هەڵدەقوڵێت، لە ئامێزی میهرەبانیی دایکاندا دەبێتە لایەلایە و لە کۆڕی دانایاندا دەبێتە مەقامی قەتار و ئەڵاوەیسی. ئەم مۆسیقایە هاوسەفەری هەموو وێستگەکانی تەمەنمانە؛ لە منداڵیدا «ئاسایش»ە، لە هەرزەکاریدا «هاوار و شۆڕش»ە و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیشدا «ماڵی بیرەوەری»یە. کاتێک لە تەمەنی بێدەنگییدا گوێ لە ئاوازێکی کۆن دەگرین، تەنیا دەنگ نابیستین؛ بەڵکو ئەو کاتانە ئەو مرۆڤانە و ئەو شوێنانەش دەژێنینەوە کە کات لێی زەوتکردووین. مۆسیقا پزیشکی بێدەنگی ناخە و کلیلی دەرگای دەروونە، ئەگەر شیعر گیانی نەتەوە بێت، ئەوا مۆسیقا لێدانی دڵی ئەو نەتەوەیەیە.
منداڵ بووم، پێش ئەوەی ناسنامەم بۆ دەربکەن و لە قوتابخانەی «نەهزە» لە خانەقین ناونووس بکرێم، رۆژێک لە کەناری ئەڵوەن، بە دەنگی رادیۆی دەستی رەوانشاد مەحەمەد سایەخان،کە چرای وەفا و دڵسۆزی بوو، گوێم لە گۆرانییەکی فەرید ئەترەش بوو کە دەیگوت: «أنا عمرٌ بلا شبابٍ وحياةٌ بلا ربيع». لەو کاتەدا نە عەربیم دەزانی نە لە ناوەرۆکی شعر و گۆرانی تێدەگەیشتم، بەڵام هەستێکی ناسکی خودایی لە ناخمدا هەڵقوڵا و نەمدەزانی بۆ ئاگرێک لە هەناوم داگیرسا و چاوەکانم بوون بە کانیی گریان؟
پاڵم دا بە دیواری ماڵی ساڵح مەجید عەبدەوە،«دەستەو زرانی» دەستەو ئەژنۆ دانشتم و رووم کردە رووباری ئەڵوەن و «کۆپری گەورە» پردی گەورە، چاوەکانم پڕ بوون لە فرمێسک. بە سەر دەستم فرمێسکەکانم سڕیی، بۆ ئەوەی کەس هەست بە لاوازیم نەکات، بەڵام ئەو ساتە، یەکەمین وانەی تێگەیشتنم بوو لەوەی کە مۆسیقا دەتوانێت دڵی مرۆڤ بەبێ وشە بشکێنێت.
دوای ساڵانێک، کاتێک واتای ئەو گۆرانییە تێگەیشتم، کە دەڵێت: «من تەمەنێکی بێ گەنجی و ژیانێکی بێ بەهارم» زانیم کە مۆسیقا تەنیا گوێگرتن نییە؛ بەڵکوو ئەزموونی ژیانە. لەو کاتەوە هەوڵمداوە لە خۆشیی گەنجێتی و جوانی بەهار بێبەش نەبم، بەڵام کاریگەریی مۆسیقا و گۆرانیی هێشتا وەک خۆی لە ناخمدا ماوەتەوە. تا ئێستاش بە بیستنی هەندێک ئاواز و گۆرانیی کوردی و عەرەبی و فارسی، چاوەکانم پڕدەبن لە فرمێسکی شیرین.
شیعر و مۆسیقا دوو رووی یەک راستین؛ یەکێک بە وشە دڵ دەکاتەوە و ئەوی تریان بە ئاواز. کاتێک ئەم دووانە یەکدەگرن، ژیانی راستەقینە دەخولقێت، هێزێک کە خەم دەگۆڕێت بۆ هیوا و بێدەنگی دەگۆڕێت بۆ دەنگێکی پڕ مانا.
دەتوانین بڵێین: مۆسیقا تەنیا هاوڕێیەکی بێدەنگ نییە؛
ئاوی ژیانە کە لە ناو رۆحماندا بەهێمنی دەڕوات.