لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ؛ لە چایخانەیەکی خانەقینەوە بۆ وانەیەکی سیاسی
2/28/2026 3:19:00 PM
عیماد ئهحمهد
لە کاتێکدا ناوچەکە و کوردستان و عێراق بە ئاڵۆزییەکی
قووڵی سیاسی، ئابووری و ئاسایشیدا تێدەپەڕێت، گەڕانەوە بۆ بیرەوەرییەکان تەنیا هەستیارکردنی
مێژوو نییە؛ بەڵکوو هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی وانەیەک کە بتوانێت رێگامان نیشان بدات.
هەندێک جار ئەم وانەیە لە زانکۆ و پەیمانگە
و کۆنفرانسەکانەوە پەیدا نابن، بەڵکوو لە چایخانەیەکی گەرموگوڕ، یان لە جەرگەی شارێکی
سنووریی کوردستاندا سەرهەڵدەدەن.
لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، لە چایخانەی حەسەنە
شەل لە خانەقین، ژیان بە سادەیی خۆی دەڕۆیشت؛ بۆنی چایی و تووتن، دەنگی تەختە و پیاڵە
و گفتوگۆی نیوان دوو پیاوی دنیا دیدە کە هەر یەکەیان دنیایەکی تایبەت بە خۆی هەبوو.
لەو رۆژانەدا، کلای عەلی خانی قسە خۆش و دانسقە و مەشەی داودی باوکی سێ شەهیدی دەستی
نازم گزازی خوێنرێژ، دانیشتبوون و باسی شەڕفرۆشیی ئەبو هانی، پیاوی ئەمنییان دەکرد.
کلای عەلی خان بە فسکەیەک وتی: «بە سیاسەت
دەتوانین لە بەڵای ئەبو هانی خۆمان لابدەین.»
مەشەی داود بە سادەیی وەڵامی دایەوە: «من لە سیاسەت
نازانم.»، کلای عەلی خان وتی: «لەگەڵ شەڕفرۆش شەڕمەکە. هەموو کارێک بە تەکبیر و
دانایی، لە کات و شوێنی خۆیدا بکە… تەقدیری مەوقف، بزانە.» تەقدیری مەوقف لە ناو دەنگی
پیاڵە و ژێرپیاڵە و بۆنی چایی و دووکەڵی جگەرەدا هاتەئاراوە، بەڵام لە ناو مێشک و
هۆشمدا تا ئەمڕۆ جێگیر بووە. «تەقدیری مەوقف» بەواتای لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ، واتاکەی سادە بوو: هەموو راستییەک دەبێت
لە کاتی خۆیدا بوترێت، هەموو هەنگاوێک دەبێت لە شوێنی خۆیدا بنرێت. سیاسەت تەنیا بڕیار و دروشم نییە؛ سیاسەت زانینی کات و شوێن و هاوسەنگیی
هێزە.
بۆ زانیاریتان لە دەڤەری گەرمەسێر، ئەوەی بچێت
بۆ کەربەلا و نەجەف پێی دەڵێن (کەلای)، ئەوەش کە بچێت بۆ مەشهەد پێی دەوترێت (مەشەی)،
(حاجی)یش دیارە کێیە.
دوێنێ شەو لە خەونمدا مولازم عومەر عەبدوڵا-م بینی،
لە شارباژێر لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی دێرین لە سەیران بووین. خەوەکان زۆرجار دەرگایەکی
کراوەن بەسەر رابردوو دا. لە خەونەکەمدا، مولازم عومەر بە هەمان خەندەی جوان و
چاوانی پڕ لە خۆشەویستی، لەسەر بەردێک دانیشتبوو، قسەی بۆ دەکردین. بەڕاستی لە ناو
شۆڕش و مەجلیس و قۆناغە هەستیارەکاندا، ئەو هەمیشە پیاوێکی خۆشمەعشەر و رەفیقدۆست
و خاوەنهەست بوو.
ئۆقرەم نەگرت، بۆ بەیانی لەکاتی پێشنیوەڕۆدا تەلەفەنم
بۆ کرد، لە ئەحواڵیم پرسی و باسی خەونەکەم بۆ کرد و پرسیاری حیکایەتەکەی رەوانشاد
فوئاد عارف-م لێکرد، بەسوپاسەوە جارێکی دیکە بۆیگێڕامەوە، لە گفوگۆکەمانەوە زانیم
شوکور تەندروستی باشە و دەنگی زووڵاڵە.
ساڵی 1985، لە سەردەمی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی
ناو کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، زۆر کەس پێیان وابوو توندوتیژیی چارەسەرە، بەڵام
مولازم عومەر و هەندێک هاورێی تر، برای بەرژەوەندیی گشتی بوون. ئەگەر لەو کاتەدا هەموومان
بە هێمنی و بە هەستکردن بە لێپرسراوەتی بڕیارمان بدایە، ئێستا نە دابرانەکە بەم شێوەیە
دەبوو، نە یەکێتییەکەشمان. گەورەترین ئازایەتی ئەوەیە کە مرۆڤ بتوانێت لە کاتی قەیران
و ناکۆکیدا بە هێمنی و دووربینی بڕیاربدات.
لەیەکێک لە دانیشتنەکاندا، مولازم عومەر باسی
وریایی و وردیی فوئاد عارفی بۆ کردین. کاک
فؤاد پیاوێکی سیاسیی کورد بوو کە لە چەندین
سەردەمی جیاوازدا توانای پاراستنی پێگەی خۆی هەبوو؛ بە سازش نا، بەڵکوو بە زانینی
کات و شوێن و بارودۆخ. لە سەردەمی پاشایەتی و شۆڕشی 14ی تەمموز، دوای عبدولکەریم
قاسم، تەنانەت لە سەردەمی سەدامدا، ئەو بە دروستی هەستی بە ئاڵوگۆڕی قۆناغەکان دەکرد.
کاتێکیش مولازم عومەر پرسیاری لێ دەکات، چۆن ئەم هەموو گۆڕانکارییانەی بەسەر خۆیدا
تێپەڕاندووە.؟ لە وەڵامدا وتبووی: «بەردەوام تەقدیری مەوقف، دەزانی.»
ئەمڕۆکە هەرێمی کوردستان لە بەردەم فشارە
ئابوورییەکان، ناکۆکییە سیاسییەکان و ئاڵۆزییە ناوچەییەکاندا وەستاوە، هەمان وانە
دووبارە دەبێتەوە. پەیوەندییە ناوخۆییەکان و پەیوەندی لەگەڵ بەغداد هەستیارن. عیراق
خۆی لەناو ململانێی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا دەسوڕێتەوە و هەمیشە مەترسی
دەرەوەی لەسەرە. لە ناوخۆشدا، نەبوونی یەکدەنگیی
و بێ متمانەیی دەتوانێت زیاتر لە هەر هێزێکی دەرەوە زیانمان پێ بگەیەنێت.
مەترسییەکانی ئەم قۆناغە دوو جۆرن، یەکەم: هەڵوێستی
توند و بڕیاری خێرا کە لە هەستەوە سەرچاوە دەگرێت؛ دووەم: سازشی بێ بنەما، یان بێدەنگیی.
تەقدیری مەوقف واتا هاوسەنگیی نێوان ئەم دووانە؛ بزانیت چ کاتێک پێویستە بجووڵێیت
و چ کاتێکیش پێویستە رابوەستیت.
چایخانەیەکی بچووک لە خانەقین، فەلسەفەیەکی گەورەی
لێوە سەرچاوەی گرت: سیاسەت تەنیا مەیدانی دروشم و هەست نییە؛ مەیدانی بیرکردنەوە و
ئەندیشە و پێشبینییە. ئەگەر لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق بتوانن لەم
قۆناغەدا بە حیکمەت و یەکریزیی و یەکدەنگی هەنگاو بنەن، دەتوانن گۆڕانکارییەکان بکەن
بە دەرفەت، بەڵام ئەگەر هەڵسەنگاندنی بارودۆخ (تەقدیری مەوقف) لەدەست بدەن، دەرفەتەکان
دەبن بە مەترسی.
لە کۆتاییدا دەڵێین: ئازایەتی گرنگە، بەڵام
دانایی و زانایی گرنگترن. ئەوەی داهاتوو دروست دەکات بەتەنیا هێز نییە؛بەڵکو زانینی
کات و شوێنە. فەلسەفەکە سادەیە، بەڵام قووڵە: (تەقدیری مەوقف) بزانە، پاشان هەنگاوبنێ.