3وتار

یەکێتی چی بکات باشە؟

11/5/2026 2:51:00 PM
رێبین عومەر

یاریزانی لێزان لە هەر یاری و گرەوێکدا ، پێویستە چۆن خاڵی بەهێز و لاوازی خۆی دەزانێت ، بە هەمان شێوە بەرامبەرەکەی خوێندبێتەوە و حسابی جدیی بۆ کردبێت . لەپاڵ بردنەوەدا خۆی بۆ دۆڕاندنیش ئامادە بکات . و بڕوای بەوە هەبێت کە دۆڕاندنی یارییەک لە یارییەکان مانای شکستی ئەم و جێهێشتنی حەڵەبی یارییەکە نی یە.

کۆکردنەوەی ٥٢ کورسی و کاراکردنەوەی تاکلایەنەی پەرلەمان ، ئەگەر لەڕوی یاساییەوە سەرکەوتن بێت، لەڕوی سیاسییەوە شکستە . شکستە لەبەر ئەوەی درزەکان دەکات بە کەلێن و لێکترازان زیاتر دەکات و دواجار دەبێتە هۆی لاوازکردنی قەوارەی هەرێم .
پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی کوردستان لە ٣٤ ساڵی ڕابردودا لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە نەبووە، و پارتی و یەکێتی بە بێ بەشداری یەکتر نەیانتوانیوە کابینەیەکی یەکگرتو پێکبهێنن . بە واتایەکی تر هەر سێ بنەمای (توافق و توازن و شراکة) کە لەبەغدا داوادەکرێت پێویستە لە کوردستانیش ڕەنگ بداتەوە.

بە گەڕانەوە بۆ باسەکەمان، یەکێتی پێویستە بابەتەکە ئەوەندە لە خۆی گەورە نەکات کە کۆتاییی هەموو شتێک بێت، هێشتا یەکێتی کارتی بەهێزی جوگرافی و سەربازی و ئەمنی دارایی بەدەستەوەیە .

بیرکردنەوە لە دروستکردنی هەرێمی سلێمانی یان جیاکردنەوەی تەواوەتی ئیدارە، لە ئێستادا زەمینەی واقعی نییە و لەوەناچێت حکومەتی زەیدی کێشەیەکی دیکە بۆ خۆی سەربار بکات و پێناچێت کارەکتەرە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان پشتیوانی بکەن.

پێویستە لەوە تێبگەین کە قۆناغی ئێستا زۆر جیاواز لە ساڵانی نەوەدەکان و سەردەمی نەشەڕ نە ئاشتی.

بۆیە باشترین بژاردە بۆ یەکێتی و پرۆسەی سیاسی ئەوەیە کە دوبارە تێهەڵچێتەوە و هەوڵ بات کابینەی نوێ هاوسەنگی تێدابێت و ڕۆڵ و بەرپرسیارێتییەکان بە ڕونی دیاربێت، لە هەمان کاتدا جۆرێک لە لامەرکەزیەتی ئیداری و دارایی بۆ پارێزگاکان لە ناویشیاندا سلێمانی بێتە ئاراوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن