پەرلەمانی کوردستان لە ٩٢ و ٢٠٢٦
11/5/2026 12:49:00 PM
فەرمان مەلا محەمەد
لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٩/٥/١٩٩٢ ، پارتی بە هەندێ هۆکاری تەکنیکی توانی بە رێژەیەکی کەم دەنگی زیاتر لە یەکێتی بێنێ. هەڵەی یەکێتی لە کەمی شارەزایی لە پرۆسەی هەڵژاردن سەرچاوەی گرتبو، بە نمونە ژمارەی وێستگەکانی دەنگدان لە دهۆک لە چاو سلیمانی و هەولێر زۆر زیاتر بو. ئەم دەنگە زۆرە کاریگەری لەسەر ژمارەی کورسی دەکرد چونکە کوردستان کرابو بە یەک بازنەی هەڵبژاردن. جگە لەوەی ساختەکاری بەرچاو هەبو. بەو رادەیەی نەوشیروان مستەفا بێتە دەنگ و بڵێ " ئەگەر لە دەڤەری بادینان پارتی مردوەکانیش زیندو بکاتەوە و دەنگ بدەن ئەوەندە دەنگی تێدا نایە". بەربەستی رێژەی ٧٪ هەڵبژاردن بوە هۆی زیادکردنی کورسیەکانی پارتی.
ئەو زۆرینە کەمەی پارتی بەدەستی هێنابو، کەشێکی دروستکرد لە دامەزراندنی حکومەتی کەمینە و زۆرینە و هێزی ئۆپۆزسیۆن. لە ناو یەکێتی نیشتمانی رایەک پەیدابو، ئەوەش زیاتر نەوشیروان مستەفا باسی دەکرد. جەنابی پێیوابو باشترە وەک هەردو حیزبی دیموکرات و کۆماری لە ئەمریکا حکومڕانی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بکەین، بەم شێوەیە دەتوانین ژیانێکی دیموکراسی بونیاد بنەین و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوین. بەڵام دیاربو ئەم رایە ناو مەکتەبی سیاسی یەکێتی پشتیوانی زۆری نەبو. لەم بارەوە جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی لە زۆر دانیشتنا گلەیی ئەوەی دەکرد کە بەشێ لە برادەرانی مەکتەبی سیاسی بەتەمای پلەو پایەن لە حکومەتدا و ئۆپۆزسیۆن بونیان پێ قبوڵ نیە. لایەنی بەرامبەریش پاساوەکەیان ئەوەبو کە پارتی لە دەسەڵاتبێت زۆر تاکڕەوانە حوکم دەکات، زیان بە یەکێتی و ئۆپۆزسیۆن دەگەیەنێ. دواجار حکومەتی ٥٠ بە ٥٠ دامەزرا، هەرێم و میللەت باجەکەیان داو، شەڕی ناوخۆ دەستی پێکرد، حکومەت و پەرلەمان بون بە دو بەش.
ئێستاش، دوای ٣٤ ساڵ، دوای ٢ دو ساڵیش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان توانی دانیشتنی پەرلەمان سازبدا و ٥٢ ئەندام پەرلەمان ئامادەی کۆبونەوەیەکی گوماناوی بون، بەمەش، ژمارەی یاسایی تەواوبو. سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا، یەکسانی دەنگی سەرۆک و جێگر و سکرتێر کەش و بەڕێوەچونی کۆبونەوەکەی زیاتر خستە ژێر پرسیارەوە.
لەگەڵ هەمو کەموکوڕیەکەدا، ئەم دانیشتنە لەروی:
١- یاساییەوە هئچ کێشەی نیە.
٢- لەبەر ئەوەی هەرێم دەستوری نیە، هیچ بەربەستێکی دیاری دەستوری نیە بۆ ئەم دانیشتنەی پەرلەمان.
٣- بە پێی رەتکردنەوەی ئەو سكآڵایانەی تا ئێستا لە دادگای فیدرالی کراوە لە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، بە هۆی ئەوەی لە کارەکانی دادگای فیدرالی نیە. بۆیە پێدەچێت سکاڵا تۆمارکردن لە دادگای فیدرالی کاریگەری ئەوتۆی لەسەر چۆنیەتی کاراکردنەوەی پەرلەمان نەبێت.
٤- ناکۆکی و پرسەکە تەنها و تەنها سیاسی و حیزبیە، ماکی کۆنە قین و تۆڵەی پێوەدیارە.
بەداخەوە، میللەت و چاودێرانی سیاسی پێشبینی دەکەن ئەم دانیشتنە لێکەوتەی سیاسی خراپی لێبەکەوێتەوە و زیاتر هەرێم بخاتە بەر مەترسی گەورەی یاسایی و سیاسی. بۆیە بەخەمەوە دوای ئەوەی لەگەڵ چەند خەمخۆرێک و شارەزایەکی یاسایی و سیاسی کەوتمە گفتوگۆ، ئەم پێشنیارانەی خوارە لام گەڵاڵە بو:
١-دەبێ هەمو لایەک دان بەوەدا بنی کە، حکومەتی ٥٠ بە ٥٠ و ئەو جۆرە حوکمڕانیەی رابردو شکستی هێناوە.
٢-سیاسەتی لاساییکردنەوەی حیزبی زیانی گەورەی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوە. بۆیە یەکێتی باشترە بە چەند مەرجێک ئۆپۆزسیۆنبون هەڵبژێرێ.
٣-مەرجی دابەشبونی دامەزراوەکانی حکومەت بە سەر هەر چوار شارەکانی کوردستان، بە نمونە: دامەزراوەی پەرلەمان، وەزارەتی ناوخۆ بێتە سلیمانی، وەزرارەتی داد و شەهیدان بێتە هەڵبجە، پلاندانان و رێگاوبان لە دهۆک ، سەرۆکایەتی حکومەت لە هەولێر.....هتد.
٤-بە هێزکردنی پارێزگاکان لە رێگەی دەسەڵاتی ناناوەندیەوە، واتە شۆڕبونەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاکان.
٥-دابەشکردنی پرۆژەکان بە شێوەی دادپەروەری بەسەر هەمو پارێزگاکان.
٦-هەوڵبدرێت حکومەتێکی تەکنوکرات دابمەزرێت.
بۆ یەکێتیش باشترە، لە قۆناغی ئۆپۆزسیۆنبونی لە ٤ ساڵی داهاتو، دوبارە بە رابردودا بچێتەوە، بۆ نمونە، بەدواداچون بکات لە هۆکاری زیاتربونی ژمارەی کورسی رکابەرەکەی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێم. یان بۆچی ناو بەناو لق و پۆپی لێدەبێتەوە.