وتەبێژی پارتی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە
02:09 - 04/11/2026
زەمەن - هەواڵ
لە راگەیەندراوێکدا
گوتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند؛ پەرلەمانى کوردستان بە ئامادەبوونى
زۆرینەى پەرلەمانتاران، درێژەى بە کۆبوونەوەى یەکەمى خۆیدا و لە پرۆسەیەکى یاسایى
و دیموکراتیدا دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى هەڵبژارد.
دەقی
راگەیەنراوەكە:
وێڕاى پیرۆزباییمان
لە هەموو کوردستانیان، پیرۆزبایى لە سەرۆکى پەرلەمان و جێگر و سکرتێرى پەرلەمان دەکەین
و لەم ئەرکە نیشتمانییەیاندا هیواى سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین. ئەمە هەنگاوێکى درەنگوەخت
بەڵام پێویست بوو لەپێناو پاراستنى قەوارەى دەستووریى هەرێمى کوردستان. بەداخەوە
دوو ساڵە بەهۆى بڕیارى سیاسیى سەرکردایەتى یەکێتیى نیشتمانی و نەوەى نوێ ئەم دامەزراوە
شەرعییەى هەرێم کە نوێنەرایەتى دەنگ و ئیرادەى خەڵک دەکات پەک خرابوو.
ئەمڕۆ زۆرینەى پەرلەمانتاران
لە فراکسیۆنەکان، بە هەستکردنیان بەرامبەر بە ئەرکى نیشتمانیان و رێزگرتن لە دەنگى
خەڵک و پابەندییان بە سوێندى یاسایی، پرۆسەى دیموکراسییان سەرخست و کۆتاییان بەو بۆشاییە
یاساییە و خۆسەپاندنى کەمینەیەکى سیاسى هێنا. ئەمەش سەرەڕاى ئەوەى کە هەڕەشەى زۆر
لە هەندێ پەرلەمانتار و کەسوکارییان کراوە، کە ئەمە ئاماژەیەکى مەترسیدارە و هەڕەشەیە
لە دیموکراسى و ئیرادەى خەڵک و دەربڕى عەقڵیەتێکە کە خزمەت بە دیموکراتیزەکردنى
بوارەکانى ژیانى کۆمەڵگاى کوردستان ناکات.
هیوادارین هەموو
لایەک رێز لە ویست و ئیرادەى خەڵک و پڕۆسەی دیموکراسیی بگرن. پەرلەمانى کوردستان
شوێنى راستەقینەى دانوستانى سیاسى و یاساییە و فاکتەرى یەکڕیزى و یەکگرتنى ناوخۆى
کوردستانە. کارابوونەوەى پەرلەمان دژى هیچ کەس و لایەنێک نییە و دەرگا کراوەیە بۆ
هەموو لایەک و ئومێدەوارین دوابەدواى کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان، فراکسیۆنى
لایەنەکانى دیکەش بڕیارى ئەرێنى بدەن و بەشداربن لە پاراستنى شەرعیەت و قەوارەى هەرێمى
کوردستان، هەروەها ئەم هەنگاوە ببێتە هاندەر بۆ هەڵگرتنى بەرپرسیاریەتى هاوبەش لە
بەرەوپێشبردنى هەرێمى کوردستان لەم قۆناخە هەستیارەدا و لێکنزیک کردنەوەى هەموو بۆچوونەکان
بۆ خزمەتى خەڵک و ئایندەى کوردستان.