ئایا یەکێتی لە ئەمڕۆوە چی دەکات؟! دەرچوون، یان خولانەوە لەناو بازنە بەتاڵەکەدا؟!
11/5/2026 1:22:00 PM
عەبدوڵای مەلا نوری
ئەوەی دوێنێ پارتی ئەنجامی دا، لە شێوەدا سەرکەوتنە، بەڵام لە جەوهەردا هیچ نییە جگە لە درێژکراوەی ئەو فۆرم و تاکتیکە باوەی کە بە درێژایی مێژووی کاری لەسەر کردووە؛ زنجیرەیەک لە مانۆڕی سیاسی کە هەر کاتێک پێویست بکات، بە شەڕی ناوخۆ، داخستنی پەرلەمان، یان پەلکێشکردنی دەستی هێزە ئیقلیمییەکان وەڵامی قەیرانەکان دەداتەوە، کە ئەمەیان خەتی مەلایی ڕابەرایەتیی دەکات. ئەو ڕەفتارەی کاتی خۆی ڕەوانشاد کاک نەوشیروان زۆر بە وردی بە "ئیبتزازی سیاسی" ناوزەدی کردبوو.
لە بەرامبەر ئەم هەڵسوکەوتەی پارتیدا، یەکێتیش هەر لە سەردەمی مام جەلالەوە (بە ڕابەرایەتیی خەتە جەلالییەکە)، ڕێک فۆرمێکی تری هەمان سیاسەتی پارتی پەیڕەو کردووە؛ سیاسەتێک کە نەبووەتە جێگرەوە و بەدیل، بەڵکو بووەتە تەواوکەر و پاڵپشتیی درێژەدان بە هەمان یاریی پارتی. هاوکێشەکە لای یەکێتی هەمیشە کورتکراوەتەوە لە نێوان دوو جەمسەردا: یان تەسلیمبوون بە ئیرادەی پارتی، یان بیرکردنەوە لە پەنابردن بۆ فاکتەری دەرەکی.
ئەگەر بە مێژوودا بچینەوە، بۆ نموونە: ئەوەی ناونرا "ڕووداوەکانی ٦٦"، هەڵهاتن و دەرئەنجامی فۆرمێک لە گوشاری پارتی بوو دژ بە هێڵی جەلالی؛ لە بەرامبەردا، ڕووداوی ٣١ی ئابیش دوا کارتی هەرزانی پارتی بوو بۆ خۆپاراستن و لێدان لە هێز و هەژموونی یەکێتی (کە لای ئێمە هەموو کردەیەکی لەم جۆرە خیانەتە، کە ئێرە جێگەی ئەم باسە نییە).
ئەم یارییە بەردەوامەی "مشک و پشیلە" نە کۆتایی بە هیچ لایەکیان دەهێنێت و نە هیچی بۆ میللەتەکە لێ سەوز دەبێت، بەڵکو هەردەم گەلەکەمان وەک نێچیرێکی لاواز و بێهیوا لەم جوگرافیایەدا دەهێڵێتەوە، چونکە بناغەکەی لەسەر بنەمای ڕق، تۆڵەسەندنەوە و بەرژەوەندیی حزبی دامەزراوە، نەک لەسەر بیرکردنەوەی ستراتیژی و فیکری سیاسی؛ کە ئەمەش باشترین خزمەتە بە ئەجێندای داگیرکەران.
دوێنێ پارتی بە هێزی دارایی و موخابەراتیی خۆی پەرلەمانی خستەوە کار. ئێستاش، وەک دەبیستین، سەرۆکی یەکێتی و ئەنجومەنی سەرکردایەتییەکەی؛ کە زۆرێکیان بەردەوام بە ملکەچی و سەرلەقاندنەوە قسە بە دڵی سەرۆکەکەیان دەکەن، گەرمن و پڕن لە تووڕەیی (کە خۆشتان دەزانن ئەوانەی بە دڵی سەرۆکەکان قسە دەکەن و خۆیان سوور دەکەنەوە لە هەر کەس زیاتر ڕەگەزی تەسلیمبوونیان تێدایە).
جا ئەم کەشوهەوا دیسانەوە هەم ململانێی یەکێتی و پارتی و هەم میللەتەکەش دەباتەوە ناو هەمان خول و بازنەی بەتاڵ، هەمان یاریی تاقیکراوە و هەمان ئەنجامی ماڵوێرانکەر. کارەساتی گەورە ئەوەیە ئەگەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتیی یەکێتیدا (عەقڵ و سەبر) غایب بێت و بەیاننامەی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی و هەنگاوەکانی داهاتوویان بە ڕق، بەرچاوڕەشی و پەنابردن بۆ تۆڵەسەندنەوە ئاڕاستە بکرێت.
یەکێتی پێویستی بە وەرچەرخانێکی فیکری و سیاسییە. دەبێت بیر لە تاکتیکێک بکاتەوە، کە نەک تەنها ئەندامانی یەکێتی، بەڵکو جەماوەر خاوەنداریی لێ بکەن. بەدیلی ئەم دۆخە لای دادگای فیدراڵی و هێزی چەکدار نییە، لە دوپاتکردنەوەی تاکتیکەکانی (میرە دەسەڵاتخوازەکان) میرنشینی باباندا نییە، بەڵکو کلیلەکەی لەناو بەدبەختی و ئازار و ژانی خەڵکدایە.
بۆ بردنەوەی یارییەکان، بۆ گۆڕانکاری رێشەیی دەبێت حزب خەمە ڕاستەقینەکانی خەڵک بکاتە جەوهەری ڕوانگەی خۆی: گرانیی سووتەمەنی و بژێویی ژیان، باری قورسی باج لەسەر شانی کاسبکاران، وێرانبوونی سیستەمی تەندروستی و پەروەردە، گرانیی کارەبا، نەدانەوەی پاشەکەوت، و گەندەڵی لە ڕادەبەدەری خۆتان و پارتی؛ ئەمانەیە کە دەتوانن خەڵک بەهێز بکەن و دۆستان یان نەیارانت دیاری بکەن.
ئەم پرسانە دەبێت ببنە وەرقەی گوشار بۆ ئەوەی سەرجەم کۆمەڵگە بەرەنگاری دێوەزمەی ئەم سیستەمە ببنەوە، کە خۆتان تێیدا پایەیەکی سەرەکین. جەوهەری "سۆسیال دیموکرات"بوونی ڕاستەقینە لێرەدا دەردەکەوێت، لە پاراستنی ژیان و کەرامەتی هاووڵاتییاندا، نەک لە ململانێی مەلایی و جەلالیدا.
ئەو تۆپەی هەموو جارێک پارتی هەڵی دەدات، ئەگەر ئێوە نەیگرنەوە و تێی هەڵنەدەنەوە، ئیدی وردە وردە کۆتایی بەو یارییە سەخیفە دێت کە ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵە ئێوە و پارتی دەیکەن و کورد باجەکەی دەدات.
کاتێک یەکێتی وەک حزبێکی سەرگەردان، بێ شوناس و دوور لە پرەنسیپ هەنگاو دەنێت، بەڵێ، بە قەولی ئارێز عەبدوڵاکان، فیلە؛ بەڵام فیلەکەی خاوەن شکۆ، فیلێکی کوێر! کەواتە پەلە مەکەن لە بڕیارەکانتاندا، بیر بکەنەوە، مەساری یارییەکە بگۆڕن، هەوڵ بدەن خاوەنداری لە خواست و پێداویستییەکانی خەڵک بکەن. بیروڕوئیای ئەو بەناو حکومەتەی کە ئێستا لە هەرێم کار دەکات و هەموو شتێک ڕادەستی کەرتی تایبەت و مافیاکانی یەکێتی و پارتی دەکات، وا خەڵک خەریکە لە سەرچاوە ئەسڵییەکەیەوە، لە ئەمریکاوە، بە ڕابەرایەتیی هێڵی سۆسیالدیموکراسیی پێشکەوتوو، فڕێی دەدەنە ناو زبڵدانی مێژوو.