15وتار

ئەو مادە دەستوورییانە چین باسی جووڵاندنی هێز و سنوورەکان دەکەن؟

11/21/2026 11:48:00 AM
هیوا جەمال

_ئایا هێزی فیدراڵی دەتوانێت سەربەخۆ بچێتە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان؟ 
_چۆن هێزی ئەمنی دەتوانێت بچێتە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان؟

بەپێی دەقی دەستووری هەمیشەیی عێراق کە لە ساڵی ٢٠٠٥ پەسەندکراوە، پرسی جووڵاندنی هێزە چەکدارەکان، پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان و دابەشکردنی دەسەڵاتە ئەمنییەکان لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستاندا لە چەند مادەیەکی سەرەکیدا رێکخراوە. بەهۆی فرەڕەهەندیی ئەم مادانەوە، هەردوو حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر خوێندنەوەی دەستووریی تایبەت بە خۆیان بۆ چۆنیەتیی جێگیرکردنی هێز لەسەر سنوورەکان هەیە. 

-ئەو مادە دەستوورییانە چین  باسی جووڵاندنی هێز و سنوورەکان دەکەن؟ 

 لە دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥دا، چوار مادەی سەرەکی پەیوەندیی راستەوخۆیان بە جووڵاندنی هێز و بەڕێوەبردنی سنوورەکانەوە هەیە: 
مادەی ١١٠ (بڕگەی دووەم) – دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکوومەتی فیدراڵی: ئەم بڕگەیە دەسەڵاتی تایبەت (حەسری) دەداتە حکوومەتی فیدراڵی بۆ داڕشتنی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی و جێبەجێکردنی، لەوانەش دروستکردنی هێزە چەکدارەکان و بەڕێوەبردنیان بە مەبەستی مسۆگەرکردنی پاراستن و دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکانی عێراق و بەرگریکردن لێی. 

مادەی ١٢١ (بڕگەی یەکەم و پێنجەم) – دەسەڵاتەکانی هەرێم: بڕگەی یەکەم مافی پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن دەداتە هەرێم لە دەرەوەی دەسەڵاتە حەسرییەکانی فیدراڵی. بڕگەی پێنجەمیش بە روونی حکوومەتی هەرێم بە بەرپرس دادەنێت لە دامەزراندن و رێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم وەک پۆلیس، ئاسایش و پاسەوانی هەرێم (حرس الإقليم - پێشمەرگە). 

مادەی ١١٤ (بڕگەی یەکەم) – دەسەڵاتە هاوبەشەکان: ئەم مادەیە بەڕێوەبردنی گومرگەکان (کە بەشێکی سەرەکیی دەروازە سنوورییەکانن) دەکاتە دەسەڵاتێکی هاوبەش و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت بە هاوئاهەنکی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمەکاندا بەڕێوەببرێت و بە یاسا رێکبخرێت.

مادەی ٧٨ و مادەی ٦١ (بڕگەی نۆیەم) – فەرماندەیی گشتی و باری نائاسایی: مادەی ٧٨ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دیاری دەکات، بەڵام مادەی ٦١ مەرجی ئەوەی داناوە کە راگەیاندنی شەڕ و باری نائاسایی پێویستی بە داوای هاوبەشی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و رەزامەندیی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە. 

— ئایا هێزی فیدراڵی دەتوانێت سەربەخۆ بچێتە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان؟ 

 دەقی دەستووری عێراق رستەیەکی یەکلاکەرەوەی تێدا نییە کە بە وردی رێکارەکانی چوونی هێزی فیدراڵی بۆ نێو خاکی هەرێم دیاری بکات، بەڵکو ئەو وردەکارییانەی بۆ یاساکانی دواتر بەجێهێشتووە.

-چۆن هێزی ئەمنی دەتوانێت بچێتە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان؟

 بەپێی چوارچێوەی دەستووری و ئەو رێکارانەی لە واقیعدا پەیڕەو دەکرێن، چوون و جێگیربوونی هێزە ئەمنییەکان لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستاندا لە رێگەی سێ میکانیزمی سەرەکییەوە دەبێت: 
هاوئاهەنگی و رێککەوتنی هاوبەش (میکانیزمی کارپێکراو): بەپێی بنەمای فیدراڵیزم و مادەکانی ١١٤ و ١٢١، جووڵاندنی هێز لە سنوورەکانی هەرێمدا لە رێگەی هاوئاهەنگیی نێوان وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی فیدراڵی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت. بۆ نموونە، لیواکانی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور (ناوچەی یەک) کە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان جێگیرن، لە رووی کارگێڕی و داراییەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقن، بەڵام ئەفسەر و کارمەندەکانیان لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن.

دەرکردنی یاسای تایبەت لە پەرلەمان: دەستوور لە مادەکانی (٩ و ١١٤)دا ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە یاسای تایبەت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەربچێت بۆ دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتە هاوبەشەکان و رێکخستنی پەیوەندیی نێوان هێزە چەکدارەکانی فیدراڵی و هێزەکانی پاسەوانی هەرێم (پێشمەرگە). 

باری نائاسایی یان شەڕ (مادەی ٦١ / بڕگەی نۆیەم): لەکاتی بوونی هەڕەشەی دەرەکیی گەورە یان دەستدرێژیی سەربازی بۆ سەر سنوورەکانی وڵات، سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی دەتوانن داوای راگەیاندنی باری نائاسایی یان شەڕ بکەن. ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ پەسەندی بکات، ئەوا فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەسەڵاتی فراوانتری دەبێت بۆ جووڵاندنی هێز بە مەبەستی بەرگریکردن لە سەروەریی وڵات، کە ئەویش هەر پێویستی بە هەماهەنگیی مەیدانی هەیە لەگەڵ هێزەکانی هەرێمدا. 

لە رووی دەستووری و کردەییەوە، دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ پاراستنی سنوورەکانی بە ئەرکێکی فیدراڵی وەسف کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا دانی بە بوونی هێز و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستاندا ناوە؛ بۆیە جێگیرکردنی هەر هێزێکی ئەمنی یان سەربازی لە سنوورەکانی هەرێمدا بەندە بە بوونی رێککەوتنی سیاسی و ئەمنی و فەرماندەیی هاوبەش لەنێوان بەغدا و هەولێردا.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن