نرخی بەرمیلێک نەوت زیاتر لە 40 هەزار دینار دابەزی
03:57 - 17/11/2026
زەمەن_هەواڵ
بەراورد بە چەند رۆژێک لەمەوبەر نرخی بەرمیلێک نەوت لە سلێمانی ٥٠ هەزار دینار و لە هەولێر نزیکەی ٤٠ هەزار دینار دابەزیوە و پێشبینی دەکرێت زیاتریش دابەزێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بەپێی بەدواداچوونەکانی ''زەمەن'' نەوتێکی کوالیتی بەرز ئەمڕۆ بەرمیلی ٣٥٠ هەزار دیناردەفرۆشرێت، لە کاتێکدا دوو رۆژ پێشتر گەیشتبووە ٤٠٠ هەزار دینار.
بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری دابەزینەکەشی، هۆکارەکەی دابەشکردنی نەوتی حکومییە، خەڵکێکی زۆریش ئێستا نەوت ناکڕن و چاوەڕوانی دابەشکردنن، بۆیە خواستیش لەسەری کەمبووەتەوە.
هاوکات، دوێنێ لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە پارە خراوەتە سەر هەژماری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق بۆ ئەوەی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن و هەموو رێکارەکان بۆ هاتنی نەوتەکە تەواو کراون و چاوەڕوان دەکرێت لە زووترین کاتدا نەوت لە عێراقەوە بگاتە هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.