9وتار

(عەشیرەتگەری, بنبەسبوونی هەستی نەتەوایەتی)

11/19/2026 3:16:00 PM
ڕۆمان ئەحمەد

دیاردەی عەشیرەتگەری(تریبالیزم) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگەی کوردی بە تایبەتی، هۆکارێکی کاریگەر بووە لە داڕمانی هەستی نەتەوایەتی و درووستبوونی قەوارەیەکی یەکگرتوو.
ئەم دیاردەیە کاریگەری قووڵی لەسەر ئاستی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری بەجێهێشتووە.

راپەرینی ١٩٩١ لوتکەی سەرهەڵدانی هەستی نەتەوایەتی گەلی کورد بوو، بەڵام لە قۆناغی دوای ڕاپەریندا، بەهۆی ململانێی سیاسی، بەرژەوەندی تەسکی حزب و نەبوونی دامەزراوەی نیشتیمانی بەهێز، عەشیرەتگەری وەک ئامرازێکی سیاسی بەکارهێنرایەوە.
ئەمەش رێگر بوو لەوەی کە ناسنامەیەکی نەتەوەیی مۆدێرن و یەکگرتوو لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و سەروەری یاسا بێتە کایەوە.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی تا ئێستاش بەسەر کۆمەڵگای باشووری کوردستانەوە کاڵ نەبوونەتەوە.

حزبە سیاسییە کوردیەکان کە خۆیان بە حزبی مۆدێرن ناودەبەن، تا ئێستا نەیانتوانیوە لە عورفی خێڵەکی ڕزگاریان بێت.
لە ناوەڕۆکدا لەسەر بنەمای هاوپەیمانی عەشیرەتەکان بەرێوەدەچێت، ئەمەش وایکردووە کێبڕکێی فیکری و پڕۆژەی نیشتیمانیەوە بگۆڕێت بو شەڕی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێڵەکان.
کاتێک کۆمەڵگا دەگاتە ئەم قۆناغە هەستی نەتەوایەتی توشی ئیفلیجی دەبێت، چونکە تاکەکان باوەڕیان بە درووشمە نەتەوایەتیەکان نامێنیت و وەک ئامرازێک بۆ بەرژەوەندی خێڵەکی دەبینن.
بەرژەوەندی باڵای نیشتیمانی هاوبەش نامێنێت تا کۆمەلگە ئامادە بێت قوربانی بۆ بدات.
لە ئەگەری هەبوونی مەترسیە دەرەکیەکاندا
نەتەوە ناتوانێت یەکگرتوو بێت، چونکە هەست دەکات لایەنگری بنەماڵە و خێڵەکی زاڵە بەسەر لایەنگری نیشتیمانی.

ئەگەر لە ڕووی ئاستی سیاسی و نەتەوەیەوە سەیر بکەین، دەبینین مێژوو و شۆڕشە دیارەکانی کوردستان و میرنشینەکان دەرخەری ئەو راستیەن کە هەر کاتێک پارتێک یا سەرۆکێک لە لایەنگرانی شۆڕشەکە بۆ سەرکەوتن بەسەر ڕکابەرە ناوخۆییەکاندا پشتیان لە خەبات و شۆڕشەکە کردووە و هاوپەیمانیان لەگەڵ هێزە داگیرکەرە هەرێمیەکاندا بەستووە، بووەتە هۆی دۆڕان و لەباربردنی شۆڕشەکە و دەرفەتە مێژوویەکە.

بۆ ڕزگاربوون لەم بنبەستە و گەیشتنی نەتەوەیەک بە قۆناغی گەشەکردنی مۆدێرن، ڕاستەقینە، و هۆشیاری نەتەوەیی بەهێز، پێویستە کۆمەڵگا بگوازرێتەوە لە خێڵەکیەوە بۆ هاوڵاتیبوون، بە جۆرێک هەمووان لە بەردەم یاسادا یەکسان بن و پێوەر بۆ ماف و ئەرکەکان تەنها ناسنامەی نیشتیمانی بێت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن