قسەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی لەسەر دۆخی سیاسی هەرێم
03:11 - 17/11/2026
زەمەن_هەواڵ
مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی گەشتیاری، وتارێکی پێشکەشکرد و لە بەشێکی وتارەکەیدا ڕایگەیاند: زۆر خۆشحاڵم دەبینم خەڵكی دڵسۆزی سلێمانی دژی دابەشکردنی کوردستانە.
دەقی وتارەکەی مەسررو بارزانی؛
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان.
بەڕێزان ئامادەبووانی هێژا، هەمووتان بە خێر بێن، سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەین بۆ دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی گەشتیاریی گرنگ لێرە لە گۆمەسپان.
پێش چەند ساڵێک ئێرە نە ئاوی لێ بوو، نە رێگا بەم شێوەیە بوو، نە ئەم جۆرە پڕۆژانەش لە بیرۆکەی هیچ کەسێکدا بوو. لە خوا بە زیاد بێت، دوای ماوەیەک بینیمان لە هیچەوە دەریاچەیەک لێرە دروست کرا، بەنداوێک دروست کرا، رێگایەکی خێرا بە دەوری بەنداوەکەوە دروست کراوە، کە دیسان هەر بە رێگایەکی خێرا و جووتسایدی بە هەولێرەوە بەستراوەتەوە. ئەمە وا دەکات خەڵکی هەولێر، خەڵکی ئەم دەڤەرە، خەڵکی راپەڕین، سلێمانی، هەموو کوردستان چێژ لە جوانی و سروشتی جوانی کوردستان وەربگرن.
ئەمە ئامانجی ئێمە بووە لە سەرەتاوە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین. ئامانجی ئێمە بووە ئەوەی لە تواناماندا بێت بیکەین بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان ژیانێکی بەختەوەرتر بژین و چێژ لە سروشتی کوردستان وەربگرن.
من سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەکەم، هەروەها دەستەی وەبەرهێنان بۆ پشتیوانی و یارمەتیدان و ئاسانکاری بۆ کەرتی تایبەت، کە ئەم جۆرە پڕۆژانە بەجێ بگەیەنن. زۆر جار پرسیاری ئەوە دەکرێت ئەم جۆرە پڕۆژانە بە چ بودجەیەک دروست دەکرێت؟ بڕوا بکەن هەمووی بە بودجە و ئەرکی کەرتی تایبەتەوەیە. حکوومەت ئاسانکاری دەکات، بەڵام ئەم جۆرە پڕۆژانە بە رێگەی کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێن، کە ئەمە رێگەی دروستە. حکوومەت ئاسانکاری بکات، پاڵپشتی بکات، پشتیوانی بکات، و کەرتی تایبەتیش بڕوا و متمانەی بە حکوومەتەکەی هەبێت بتوانێت وەبەرهێنان بکات و ئەم جۆرە پڕۆژانە جێبەجێ بکات، خۆی سوودمەند بێت و خەڵکی کوردستانیش تێیدا سوودمەند بن، هەروەها رێگەیەکی ترە بۆ راکێشانی گەشتیارەکان لە دەرەوەی وڵات بۆ هاتنی ئێرە، هەم لە رووی بازرگانییەوە، لە رووی ئابوورییەوە یارمەتیی کوردستان بدەن، هەم لە رووی سیاسی و کولتوورییەوە تێکەڵاوبوونێک لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، لەگەڵ ئەو خەڵکەی سەردانی کوردستان دەکەن دروست بکرێت.
ئەمانە هەمووی لەو جۆرە پڕۆژانەن کە ئێمە لە سەرەتاوە هەوڵی جدیمان بۆیان داوە و زۆریشیان جێبەجێ کراون، و ئومێدمان وایە بتوانین بەردەوام بین لەوەی کە لە زۆر شوێنی تریش ئەم جۆرە پڕۆژانە جێبەجێ بکەین. لەو شوێنەی یارمەتیی دراوە، یان یارمەتیی ئیدارەی خۆجێیی هەبووە و پشتیوانی هەبووە، ئەم جۆرە پڕۆژانە بە خێرا پەرەیان سەندووە، بەڵام لە هەندێک شوێن بەداخەوە ئەو جۆرە هاوکارییە نەبووە. ئێمە ئومێدمان وایە بتوانین لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان پڕۆژەی هاوشێوەی وەکوو ئەمە جێبەجێ بکەین، چونکە بە راستی کوردستان هەر شوێنێکی جوانی و تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە و دەکرێت پڕۆژەی هاوشێوە لە هەموو شارەکانی کوردستان دروست بکرێت.
سوپاسی کۆمپانیای "ئالکۆڤ" دەکەم بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، هەروەها کۆمپانیای "مۆڤێنپیک" یان "ئاکۆر" کە ئەم هۆتێل و رێستۆرانت و ئەم ریزۆرتە بەڕێوە دەبات، بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لێرە کە دەکەوێتە خزمەتی خەڵکی کوردستان. ئەمە شوێنێکی دڵڕفێن و زۆر زۆر خۆش دەبێت، کە خەڵک دەتوانن دوای تەواوبوونی ئینشائەڵڵا چێژی لێ وەربگرن، بەڵام ئەمە بەشێکە لە پڕۆژەکە، ئەمە هەمووی نییە.
ئێمە چەندین شوێنی تریش وەکوو ماستەرپلان لەسەر گۆمەسپان ئامادە کراوە بۆ ئەوەی دواتر کۆرنیش و چەندین شوێنی تر وەکوو رێستۆرانت و کافیتێریا و ئەوانەش دروست بکرێت. کەواتە حکوومەت ئاسانکاری دەکات، رێگە ئامادە دەکات، ماستەرپلان ئامادە دەکات، ئەوەی تر لەسەر کەرتی تایبەت دەمێنێتەوە و لەسەر ئەو بازرگان و وەبەرهێنەرانە دەمێننەوە کە بتوانن بێن خۆیان پڕۆژەکانی خۆیان لەم جۆرە شوێنانە و ئەم جۆرە پڕۆژانە جێبەجێ بکەن.
من جارێکی تر دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکەم کە دەوریان هەبووە، توانیویانە ئەم پڕۆژەیە سەربخەن، ئینشائەڵڵا لە ماوەیەکی نزیکیشدا بتوانین بگەڕێینەوە بۆ کردنەوەی ئەم هۆتێلە بۆ ئەوەی بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان.
بەڕێزان، هەندێک بابەتی تر هەبوو من حەزم دەکرد خزمەتی ئێوە عەرزیان بکەم، ئەویش لەسەر وەزع و بارودۆخی ئێستا کە هەیە لە هەرێمی کوردستان. لەوانەیە زۆر کەس پرسیاریان هەبێت، یانیش بەداخەوە بە جۆرێکی تر هەندێک جار شت چەواشە دەکرێن، یان هەوڵی ئەوە دەدرێت بە جۆرێکی تر پەیامەکان بە خەڵک بگەن.
لەسەر پەیوەندیی نێوان ئێمە و حکوومەتی فیدراڵی، ئێمە بەردەوامین لەسەر ئەوەی کە داکۆکی لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکەین و، تا ئێستاش ئێمە خەریکین بۆ ئەوەی لەسەر بابەتی بودجە، لەسەر بابەتی هەموو ئەو شایستە داراییانەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە داڕشتنی موازەنەی ساڵی داهاتوو، و بە شێوەیەکی بنەڕەتیش بگەینە هەندێک ئەنجام کە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو عێراقدا بێت.
بەرامبەر بەمە هەوڵێکی جیدی هەیە دژی ئەوەی کە ئێمە بتوانین شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەین، یاخود بەپێی دەستوور بتوانین مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین و، لە لایەکی ترەوە بە پێچەوانەوە، دەیانەوێت خەڵکیش چەواشە بکەن.
لێرە من هەندێک راستی هەیە حەز دەکەم خەڵکی کوردستان لێی ئاگادار بێت. هەمان ئەوانەی کە دژی هەڵمەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەوەستن بۆ بەهێزکردنی کوردستان، بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئاساییکردنی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەولێر و حکوومەتی بەغدا، هەمان ئەو کەسانە بوون کە پێشتر هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەبێت بە خاوەنی دەستووری خۆی. ئەو کەسانە بوون لە چەندین مەجالدا هەوڵی جدییان دا کە پەرلەمانی کوردستان کارا نەبێتەوە، رێز لە هەڵبژاردن نەگیرا، سکاڵا لە دادگای فیدراڵی کرا کە بۆ حکوومەتی هەرێم پێک نەهاتووە و بۆ پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە؟
دوای ئەوەی کە هەوڵی جدی درا بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی شەرعییەتی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان کارا کرایەوە، دیسان هەمان ئەوانە سکاڵایەکی تریان کرد، بۆ پەرلەمان کارا کرایەوە؟ پێشتر دەیانگوت بۆ کارا نییە، ئێستا دەڵێن بۆ کارا کراوەتەوە؟ کەواتە خەڵک ئەبێت ئەم پرسیارە بکات: مەبەست چییە؟ ئایا مەبەست ئەوەیە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکرێت، یانیش مەبەست ئەوەیە خزمەتی ئەجێندایەکی گوماناوی بکرێت کە قەوارەی هەرێمی کوردستان بخرێتە مەترسییەوە؟
ئێمە بە هەموو هەوڵێکی خۆمان، بە هەموو توانای خۆمان لەگەڵ ئەوەین قەوارە و شەرعییەتی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، و شوکر بۆ خوا دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان، شەرعییەتی موئەسەساتی هەرێمی کوردستان ئێستا پارێزراوە.
زۆر دەستخۆشی لە خەڵكی سلێمانی هەڵەبجە دەكەم كە دژی ئەو هەڵمەتەن كە بۆ جیاكردنەوەی سلێمانی گرتوویانەتەبەر.
داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم دژی ئەو هةڵمەتە بوەستنەوە، چونكە ئەوە خیانەتە لە دەستكەوتی شەهیدان و ئەزمونی هەرێم وتێكدانی قەوارەی هەرێمی كوردستان لای هیچ كەسێك قبوڵكراو نیە.
باشترین رێگا رێگای دیموکراسییە، رێگای ئاشتییە، کە تۆ بتوانیت لە رووی سیاسییەوە رکابەرایەتیی یەکتر بکەیت. کە مومارەسەی دیموکراسیەت دەکەیت، ئەو وەختە لایەن هەیە بوختان وا دەکات دەڵێت خۆسەپێنەرن. ئایا ئەوەی زۆرینەی دیموکراسییەتی لایە خۆسەپێنەرە، یانیش ئەوەی بە ئەجێندایەکی گوماناوی، بە دەنگێکی دۆڕاو بیەوێت رێگە لە پێشکەوتنی کوردستان بگرێت؟ کامەیان خۆسەپێنەرە؟ دیموکراسیەت خۆسەپاندن نییە. دیموکراسیەت و رێزگرتن لە دەنگی خەڵک، رێزگرتن لە دەنگی زۆرینەی خەڵک، خزمەتکردنە بە قەوارەی هەرێمی کوردستان، خزمەتکردنە بە گەلی کوردستان.