6وتار

هۆکارەکانی ڕەزامەندی ژن بۆ ئەوەی مێردەکەی ژنێکی دووەم بهێنێت

11/22/2026 12:14:00 PM
رەهێڵ دزەیى

بابەتی هاوسەرگیریی دووەم یەکێکە لە بابەتە کۆمەڵایەتییە هەستیارەکان لە کۆمەڵگای کوردیدا هەمیشە جێی گفتوگۆ و ناکۆکی بووە. 
پرسیارێکی گرنگ لێرەدا دێتە پێشەوە: 

 ئایا هەر ژنێک کە ڕازی دەبێت، بەڕاستی لە ناخی خۆیەوە ڕازییە، یان بەهۆی بارودۆخی ژیان و فشارە  کۆمەڵایەتییەکانەوەیە؟ 
یان لە پشت ئەو ڕەزامەندییەدا دەریایەک لە خەم، ترس، بێدەنگی و قوربانیدان هەیە؟
 چین ئەو هۆکارانەی وادەکات ژنێک ڕازی بێت مێردەکەی ژنێ دووەم بهێنێت؟ 
بێگومان هەر ژنێک بارودۆخ و بیرکردنەوەی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە ناتوانین هەموو ژنان بە یەک چاو سەیر بکەین. 
(هەر کاتێک ژن لە دڵەوە ڕازی بوو هاوسەرەکەی ژنی دووەم بێنێت، دەبێ هاوەسەرەکەی دڵنیابێت کە هاوژینەکەی هیچ هەستێکی خۆشەویستی بۆ ئەو نەماوە). 
ژن ئەگەر هاوسەرەکەی خۆی خۆشبووێ هەرگیز ناتوانێت و بەرگەی ئەوە ناگرێ  ژنێکی تر بێتە ژیانی هاوسەرەکەی. 
ئەگەر هاوسەرەکەی هەر سور بوو لەسەر ئەوەی ژنی دووەم بێنێت، ئەوە یان لێی جیادەبێتەوە، یان  چەند هۆکارێک هەن دەبنە هۆی ڕەزامەندی ژن بۆ ئەم بڕیارە.

1. پاراستنی خێزان و منداڵان.

 هەندێک ژن بەهۆی خۆشەویستییەکی قووڵ بۆ منداڵەکانی و ویستی پاراستنی خێزان، ڕازی دەبێت مێردەکەی هاوسەری دووەم هەبێت، چونکە پێی وایە ئەم بڕیارە لەوانەیە ببێتە هۆی بەردەوامبوونی ژیانی هاوبەش و نەڕووخانی خێزان.

٢.نەبوونی منداڵ.
ئەو ژنانەی بە هەر هۆکارێک بێت نەتوانن نەوە بخەنەوە، لەوانەیە لە دڵەوە یان بە فشار و پەستانی کۆمەڵگا ڕازی بێت مێردەکەی ژنێکی تر بهێنێت بۆ ئەوەی منداڵی هەبێت. 
نابێت لەبیر بکەین، بەهای ژن بە توانای منداڵبوونی دیاری ناکرێت.

٣.نەبوونی خۆشەویستی و پەیوەندییەکی بەهێز
هەندێک جار پەیوەندیی نێوان هاوسەرەکان بەهۆی کێشە و ناکۆکییەکان لاواز دەبێت و تا وایلێدێ ئەو هەستەی هەیان بوو بۆ یەکتر نامێنێ. لەم بارودۆخەدا ژن لەوانەیە پێی وا
بێت هێنانی ژنێکی دووەم وابکات کێشە و ئاواژوەییەکانی نێوانیان نەمێنێ و ژیانێکی ئارامتری هەبێت.

٤.فشار و نەریتی کۆمەڵگا
لە کۆمەڵگای کوردیدا نەریت و بۆچوونی خێزان و کۆمەڵگا کاریگەرییەکی زۆر لەسەر بڕیارەکانی ژن هەیە. 
ژن لەبەر ترسی قسەی خەڵک، لەدەستدانی پێگەی کۆمەڵایەتی، یان فشارەکانی خێزان ڕازی دەبێت بە بڕیارێک لە ناخیەوە پێی ڕازی نییە.

٥.هۆکاری ئابووری و پێویستییەکانی ژیان.
بەشێکی زۆر بەهۆی بارودۆخی ئابووری، پێویستییەکانی ژیان، ترس لە داهاتوو و تەنیای،  یان نەبوونی پشتگیریی خێزانی، بڕیاری قبووڵکردنی هاوسەرگیریی دووەمی مێردەکەی دەدات. 
ڕەزامەندی ژن بۆ ئەوەی مێردەکەی ژنێکی دووەم بهێنێت، بابەتێکی سادە نییە و نابێت بە شێوەیەکی گشتی حوکمی لەسەر بدرێت. هەر ژنێک چیرۆک و هەست و ئازار و هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە.
گرنگترین شت ئەوەیە، هیچ ژنێک بەهۆی ترس، فشار یان ناچارییەوە، ناچار نەکرێت بڕیارێک بدات لەگەڵ کەسایەتی و هەستەکانی نەێتەوە. 

لە کۆتاییدا پرسیارەک لە پیاوان دەکەم. 
ئایا پیاوان دەکرێ لە یەک کات دوو ژنت بە هەمان ئاست خۆشبووێ؟ 
لەسەر بنەمایی وەڵامەکانتان وتاری داهاتووم بە ناونیشانی: 
ئەو هۆکارانە چین وا دەکات پیاو بڕیاری هێنانی ژنی دووەم بدات؟


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن