21وتار

سیاسەت و وەڵامی ژیرانە

11/19/2026 1:19:00 PM
فازڵ میرانی

وەڵامی ژیرانە لە سیاسەتدا تەواو نابێت، مەگەر لە کاتی وتندا، خاوەنەکەی لە ژێر دەستدا کاغەزی کارکردنی ئامادەی بۆ ڕاگەیاندن یان جێبەجێکردن پێ بێت.

هەندێک لە ژیریی وەڵامەکان لە هەمان قسەی کەسە دەستپێشخەرەکەوە سەرچاوە دەگرێت بە مەبەستی خستنەشارمەختی بەرامبەر، کەچی کەسە ژیرەکە بە ڕستەیەکی ڕوونکەرەوە یان تەواوکەر بۆ مانایەکی قووڵتر و ئاسانتر وەڵام دەداتەوە، بە جۆرێک تیرەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەسەی یەکەم جار هاویشتی.

هەموو شارستانییەتەکان پڕن لە وەڵامی ژیرانە و لە درێژایی مێژو و گەنجینەکانی ڕابردوودا، ئێمە وەڵامی ژیرانەی ڕاستگۆمان خوێندووە و بیستووە و ئامادەش بووین، کە قووڵیی خاوەن وەڵام و زەبوونیی ئەو کەسەیان دەرخستووە کە بە ناحەق مەبەستی بووە بەرامبەرەکەی بخاتە تەڵەوە.

ژیریی یارییەک نییە کە ئەو کەسەی ژیریی تێدا نییە یاریی پێ بکات؛ خەڵک پۆل پۆلەن: هەندێکیان کاتیان نییە بۆ وەڵامدانەوە، هەندێکی تر لە بەرامبەر خۆبەگەورەزاندا بێدەنگی هەڵبژێرن، هەندێکیش لە ڕەگەزی خۆبەگەورەزانی دەستکردن، و هەنیش ئەو کەسەی کە ژیریی بە دەست هێناوە و دوای ئەوەی مێشکی هەرچەندە بیستووە یان بینیویەتی شیکردۆتەوە، لەسەر زمانی جاری کردووە، بۆیە دەستپێشخەری لە وەڵامدانەوەدا دەکات تەنانەت ئەگەر قسە یان کردارەکە ئاراستەی ئەوەش نەکرا بێت.

سیاسەت یەکێکە لە پشکێنەرە خێراکان کە کەسی ژیر لە خۆبەگەورەزانی بێوانە جیا دەکاتەوە، لە ڕێگەی تەنها لێدوانێک یان کردارێکەوە ڕەنگە کەسی ژیر لە کەسی نەزان بناسرێتەوە.

ژیریی لەگەڵ چالاکییەکانی ژیاندا درێژ دەبێتەوە، چاودێری دەکرێت لە زیندەوەراندا و دیارترینیان مرۆڤە، چونکە مێشکی ئەو بیرکەرەوەیە، یادەوەرییەکی بەهێزی هەیە، و ئامرازەکانی دەربڕینی جۆراوجۆرن و توانای داهێنانیان هەیە.

گوتم کە سیاسەت بە هەموو پڕۆژەی کار و ئامرازەکانی سەرکەوتن و خاڵە لاوازەکانی ناویدا، تاقیکردنەوەیەکی هەمیشەییە بۆ ژیریی، بەڵام بە تەنها بەوەوە کەسی ژیر سەرکەوتوو نابێت ئەگەر کردەیی بێت، مەگەر بڕێکی زۆر لە حیكمەت و ئەزموونی پێویستی پێ بێت بۆ ئەوەی ببێتە سیاسەتمەدار، هەروەها دەبێت بە ئاگادارییەوە لە واقیعدا بمێنێتەوە، و شارەزای بوارە جۆراوجۆرەکان بێت بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بجووڵێت یان لەو کاتەی بێدەنگی باشترە، بێدەنگ بمێنێت.

کەمن ئەو کەسانەی کە بە ژیریی لە وەڵام و کرداردا یان لە هەردووکیاندا ئاماژەیان بۆ دەکرێت، چونکە ژمارەی سەرکردە دڵسۆز و کاریگەرەکان بۆ ئەوانەی لە سیاسەتدا کاریان کردووە کەم بووەتەوە. نموونە بنەمایە و سەرشیو گرنگە، سەرەڕای ئەوە خەمی زۆرێک بووەتە نمایشی، شتێک بڵاو دەکەنەوە کە شایستەی نمایشکردن و بڵاوکردنەوە نییە، و هەروەها ئامانجی زۆرێک ئەوەیە کە بڵێن ئەوان ئەستێرەن و چینی بڕیاردەرن، و سەبارەت بە دەرئەنجامی کارەکانیان و کەمتەرخەمییان، ئەوا دەیانهێڵنەوە بۆ مشتومڕی بێکار کە شایەنی ئەوە نییە خەرجکردنی کات بۆ گوێگرتن یان سەیرکردنی بەفیڕۆ بڕوات.

زۆرم خوێندووە لەو وەڵامە متمانەپێکراوانەی کە لەسەر زمانی کەسانی زۆر هاتبوون، و یەکێکیان سەرنجی راکێشاندم، ئەویش ئەوەیە کە زیاد کوڕی ئەبیە، کە یەکێکە لە ناسراوترین والییەکان لە سەردەمی خەلافەتی ڕاشدین و سەرەتای دەسەڵاتی ئومەویی، ڕووبەڕووی گوشارێکی کۆمەڵایەتی بووەوە لەسەر نادیاریی بنەچەکەی (کە ئەمەش بە بێ گومان تاوانی ئەو نەبوو)، بەڵام زۆرداریی کۆمەڵگە و پەڕینەوەی ڕەچەڵەکی لە نێوان چەند پیاوێکدا کە یەکێکیان ئەبو سُفیان بوو، وای لێکرد ببێتە کاغەزێکی براوە بۆ لەناوبردنی وەفادارییەکەی، کاتێک پێشنیازی ئەوەی بۆ کرابوو کە بە ڕەچەڵەک ببەسترێتەوە، و ئەمەش وای لێکرد لە هەڵسوکەوتیدا بگۆڕێت، چونکە بەرامبەر بە هاوڵاتییان زۆر توندوتیژ و خوێنڕێژ بوو.

وا دیارە زیاد هەستی بەو پاڵنەرە سیاسیانە کرد کە دەسەڵاتیان بەخشیوە پێی ڕەچەڵەکەکە، بۆیە داوای دانپێدانانی نووسراوی لە سەرچاوەی کاریگەرتر و پەسەندتر لە ژینگەکەیدا کرد، بۆیە فێڵێکی داهێنا بۆ بەدەستهێنانی ئەوە بە ناردنی نامەیەک بۆ دایکی باوەڕداران عائیشەی کچی ئەبو بَکر و پرسیارێکی فقهی لێ کرد کە مەبەستی خۆی نەبوو، بەڵکو مەبەستی سەرەتای وەڵامەکەی بوو، نووسی: لە زیاد کوڕی ئەبو سفیانەوە بۆ دایکی باوەڕداران عائیشە، و چاوەڕوان بوو کە وەڵامەکەی بە هەمان ئەو ڕەچەڵەکە بگەڕێتەوە کە بۆ خۆی داناوە، بەڵام دایکی باوەڕداران بۆ ئەوەی نەبێتە شایەتحاڵ لەسەر بابەتێک کە یەکلایی نەبووەوە، بەو ژیرییەی کە هەڵیگرتووە وەڵامی دایەوە و نووسی: لە دایکی باوەڕداران عائیشەوە بۆ کوڕەکەی زیاد.

بەم شێوەیە خۆی وەک دایکێک خستە ڕوو وەک چۆن دایکی هه‌موو باوەڕدارێکە، و لە بەردەمیدا ڕێگەی لە گرتنی بۆ تێوەگلاندن بە دانپێدانان بە شتێک کە نە خۆی و نە کەسێکی تری خەڵک شایەتحاڵی ڕاستییەکەی نەبوون، داخست.
خۆزگە ئەو کەسانەی خۆیان بە ژیر دەزانن، کەمێک بە خۆیاندا دەچوونەوە.

*وەرگێڕانی سەردار پێنجوێنی


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن