17وتار

ئەوەی زەمەن نایبات

11/26/2026 12:15:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

هەندێ جار هەست دەکەم زەمەن شەمەندەفەرێکە؛ پێش ئەوەی چاو بکەمەوە، بەڕێ کەوتووە و من لە فارخۆنێکدا خۆم دۆزیوەتەوە. لە پەنجەرەکەیەوە ماڵێک، کۆڵانێک، ڕووبارێک و دەستێک دەبینم کە لە دوورەوە ماڵئاوایی دەکات. شەمەندەفەرەکە دەڕوات و من هێشتا هەوڵ دەدەم ڕووخساری ئەو کەسە بناسمەوە کە لەسەر سەکۆکە ماوەتەوە.

لە خۆم دەپرسم: ئێمە لە ناو زەمەنداین، یان زەمەن لە ناو ئێمەدایە؟ ئەگەر من ڕێبوارم، بۆچی ئەو کۆڵانەی جێم هێشتووە هێشتا لە ناخمدا درێژ دەبێتەوە؟ بۆچی دەنگێ دایکم «گەوهەر» کە ساڵانێکە بێدەنگ بووە، هەندێ شەو لە هەموو دەنگەکانی دەوروبەرم ڕوونتر دەیبیستم؟

لە پەنجەرەوە، درەختەکان وا دەردەکەون کە بەرەو دواوە ڕادەکەن؛ کەچی ئەوە منم لێیان دوور دەکەومەوە. لە ژیانیشدا زۆر جار دەڵێین شارەکە گۆڕاوە، خەڵکەکە گۆڕاون، ڕۆژگار نامۆ بووە. کەمتر لە خۆمان دەپرسین: ئەو چاوەی پێی سەیریان دەکەین، خۆی چەند گۆڕاوە؟

زەمەن لەسەر کاتژمێر بە یەک ئاراستە دەڕوات، بەڵام لە ناخماندا ڕێگای زۆری هەیە. بۆنی نانێکی گەرم دەمباتەوە بۆ بەیانییەکی منداڵی؛ گۆرانییەکی خوداداد عەلی دەرگای گەنجایەتیم لێ دەکاتەوە و نیگای ساکۆی کچەزاکەم بیرم دەباتە ناو ڕۆژێک کە هێشتا نەهاتووە. لەسەر کورسییەکەی خۆم دانیشتووم، بەڵام لە چەند سەردەمێکدا دەژیم. لە ساتێکدا منداڵم، باوکم و باپیرەم؛ هەر یەکەیان قسەیەکی هەیە و ئەوانی دیکە گوێی لێ دەگرن!

زەمەنی منداڵی بۆ من ڕەنگی قوڕی خانوەکان، سەوزی باخەکان، شینی ئاوی ئەڵوەن و تۆزی کۆڵانە باریکەکانی هەیە. نیوەڕۆیەک هێندە درێژ بوو کە دەکرا لە کەناری ڕووبار چەند جار تێیدا دنیایەک دروست بکەین و بیڕووخێنینەوە. چاوەڕوانیی جەژن کۆتایی نەدەهات و هاوین وەک دەشتێکی بێ‌سنوور لەبەردەممان درێژ دەبووەوە. ئەو کاتە ساڵمان نەدەژمارد؛ بە یاری و هاوڕێ و دۆزینەوەی شوێنێکی تازە، ڕۆژمان دەپێوا.

لە گەنجیدا خەونەکانمان لە فارخۆنەکە گەورەتر بوون و هەر وێستگەیەکمان بە سەرەتای ڕێگایەکی مەزن دەبینی. پێمان وابوو کاتی زۆرمان هەیە؛ بۆ خۆشەویستی، بۆ خەبات، بۆ هەڵەکردن و چاککردنەوەی هەڵەکانیش. هەندێ قسەمان بۆ دواتر هەڵدەگرت و هەندێ سەردانمان دوا دەخست؛ ئاگامان لەوە نەبوو هەموو دەرگایەک هەمیشە کراوە نامێنێت.

ئێستا دەنگی چەرخەکان بە جۆرێکی دیکە دەبیستم. ڕۆژەکان خێرا تێدەپەڕن، بەڵام هەندێ چرکە قووڵتر دەبن. پیاڵەیەک چا لەگەڵ حەمید ئەکبەر لە چایخانەکەی ئەبو شکور، دەستی نەوەیەکم لە ناو دەستم، یان بەیانییەکی ئارام، دەتوانێت ڕۆژێکم پڕ بکاتەوە. ئیتر تەنها دووریی ڕێگا نابینم؛ سەیری ئەو گوڵەش دەکەم کە لە تەنیشت هێڵە ئاسنینەکان ڕواوە و پێشتر سەرنجم نەداوەتێ.

ڕەنگە هەر بۆیە کاتژمێر نەتوانێت هەموو زەمەنی مرۆڤ بپێوێت. کاتژمێرێکی چاوەڕوانی لەبەردەم دەرگای نەخۆشخانە، لەگەڵ کاتژمێرێک دانیشتن لەگەڵ خۆشەویستێک یەکسان نییە. میلەکان هەمان بازنە دەبڕن، بەڵام دڵ هەمان ڕێگا نابڕێت.
لەم گەشتەدا چی لەگەڵ خۆمان دەبەین و چی جێ دەهێڵین؟ لە سەرەتاوە کەشکۆڵەکانمان بە ناو، پلە، سامان و خەون پڕ دەکەین. دواتر تێدەگەین هەندێ شتی بچووک بەشێکی گەورەی ژیانمانیان لە خۆیاندا هەڵگرتووە؛ نامەیەکی کۆن، دەنگی پێکەنینێک، یان وشەیەک کە کەسێک لە ڕۆژێکی سەختدا پێی وتووین. کاغەزەکە ون دەبێت و خاوەنی دەنگەکە نامێنێت، بەڵام ئەوەی لە دڵماندا بەجێیان هێشتووە هەر دەمێنێت.

ماڵێک جێ دەهێڵین و ڕووناکیی پەنجەرەکەی لە چاوماندا دەمێنێت. هاوڕێیەک لەدەست دەدەین و دوای ساڵانێک دەبینین بە وشەی ئەو دڵنەوایی لە کەسێکی دیکە دەکەین. هەندێک لەوانەی لە وێستگەکاندا دابەزیون، هێشتا بە شێوەیەکی نادیار لەگەڵمانن. ئێمەش لە ژیانی ئەوانی دیکەدا شتێک بەجێ دەهێڵین؛ برینێک، دڵێکی ئارامکراوە، یان وشەیەک کە لە کاتی خۆیدا گوتوومانە.

جارێک لە خەیاڵمدا لە زەمەنم پرسی:

 «دەکرێت کەمێک بوەستیت؟ هێشتا قسەیەکم ماوە بە کەسێک بڵێم.»
تەنها دەنگی چەرخەکان هات. سەیری کورسیی بەرامبەرم کردم؛ بەتاڵ بوو. ئەوسا تێگەیشتم هەندێ قسە کە زۆر دواکەوت، دەبێت تەمەنێک لە ناخماندا بیڵێینەوە، بێ ئەوەی بگاتە گوێی ئەو کەسەی بۆی هەڵمانگرتبوو.
لەوەتەی هەوڵ دەدەم تەنها سەیری ڕێگای تێپەڕیوو نەکەم. لە تەنیشتمدا هێشتا کەسانێک دانیشتوون؛ یەکێک پێویستی بەوەیە گوێی لێ بگرم و یەکێکیش تەنها دەیەوێت هەست بکات تەنها نییە. دەتوانم ڕووم لەوان بکەم، پیاڵەیەک چایان بۆ داوا بکەم و ئەو وشەیە بڵێم کە نابێت بۆ وێستگەی دواتر بمێنێت.
شەمەندەفەرەکە هەر دەڕوات. لە پەنجەرەکەوە سێبەری ئێوارە کەوتووەتە سەر دەستم. دەستێکی بچووک دێت و پەنجەکانم دەگرێت. سەرم هەڵدەبڕم؛ شای کورەزام شتێکم پیشان دەدات کە من نەمدیبوو. خۆم نزیک دەکەمەوە و بە چاوی ئەو سەیری دەرەوە دەکەم.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن