بەرێوەبەری ناحیەیەك لەكاتی وەرگرتنی بەرتیل لەخاوەن مۆلیدەیەك دەستگیركرا
03:56 - 22/11/2026
زەمەن_هەواڵ
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، بەتۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل، بەڕێوەبەری ناحیەی سەڵاحیە لە پارێزگای دیوانیە دەستگیرکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بلاویکردەوە، تیمەکانی بەشی لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردن و وردبینی لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دەستەکە لە دیوانیە، توانیویانە بەڕێوەبەری ناحیەی سەڵاحیە دەستگیر بکەن، دوای ئەوەی بڕە پارەیەکی لە خاوەنی مۆلیدەیەکی ئەهلی لە ناحیەکە داواکردبوو، لە بەرامبەر بەڵێنێکدا کە سزای دارایی بەسەر مۆلیدە ئەهلییەکانی سەر بەودا نەسەپێنێت، سەرەڕای ئەوەی کە هیچ سەرپێچییەکی ئەنجام نەدابوو.
دەستەکە ئاماژەی بەوەشداوە، کە بەڵگەنامەی دەستگیرکردنی یاسایی ئامادەکراوە و تۆمەتبار لەگەڵ بەڵگەنامەکەدا خراوەتە بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دیوانیە کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی، کە بڕیاری دەستگیرکردنی بەگوێرەی حوکمەکانی بڕیاری ژمارە 160ی ساڵی 1983ی هەموارکراو جێبەجێکراوە.