18وتار

دۆخی سیاسیی: رەشەبا یان شنەی با؟

11/26/2026 12:28:00 PM
د.نیاز نەجمەدین

چۆن ئەتوانم گلەیی لە «با» بکەم، کە خۆم پەنجەرەکەم کردۆتەوە؟(دەڵێن مەحمود دەروێش وای وتوە). 

حوکمڕانانی ئێمە پەنجەرەکەیان کردەوە و با خۆی کرد بە ماڵەکانماندا. ئێمە دەزانین ئەوەی دێت دەکرێ رەشەبا بێت، نەک شنەبا. عەلی زەیدی هەموو هەنگاوەکانی باش نین. باشترین نمونە ئەوەیە تا ئەمڕۆ دینار نەچۆتە ئەو شوێنەی ویستراوە لە کاتێکدا هیچ مانگێک نیە سەخت بەسەر خێزانەکاندا تێنەپەڕێ، بەتایبەت ئەوانەی قەرزی خانوبەرەیان لەلایە. ئەم بڕیارانەی ئێستای عەلی زەیدیی سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش زۆر لە ناکاو بوو، ئەگەرچی لابەلا پەیامی دەنارد. ئەم هەنگاوانە هێندەی تر ترس و نادڵنیایی لە ئابوورییەکەدا دروست دەکات، ناهێڵێت بە ئاسانیی بەهای دینار بچێتە شوێنی مەبەست (واتە ١،١٥٢ بۆ یەک دۆلار). ناهێڵێ وەبەرهێنان بجوڵێ و ترس لە خەرجکردن هێندەی تر ئابوورییەکە بەرەو پوکانەوە و خاوبوونەوە دەبات لە ماوەی کورتخایەندا. دەکرا لای کەم پەیامێکی روونی پێش وەختی بۆ خەڵکی هەرێم بناردایە( بۆ نمونە: خەڵکی هەرێم، دوو هەفتەتان ماوە، ئەگەر حکومەتی هەرێم چارەسەری فڵان شت نەکات، سوپا دەنێرم!).. 

بەڵام وەک چۆمسکیی دەڵێ: 

 ئەگەر ئەتەوێ میللەتێک کۆنتڕۆڵ بکەیت، لە پێشدا دوژمنێکی خەیاڵیی بۆ دروست بکە کە لە خۆت ترسناکتر دەرکەوێ، پاشان خۆت وەک فریادڕەس بناسێنە.
وا تێدەگەم ئەو هەوڵە کە دەوڵەتی عێراق وەک دوژمنێکی ترسناکتر بناسێنێ، نەزۆکە. ئەمە دادی حوکمڕانانی ئێمە نادات. 

ئێستاش باشترین شت بۆ سەرکردایەتیی ئارامیی و خۆدوورگرتنە لە شەڕ. مێژووی ئێمە پڕە لە گیانفیداکردن و خەڵک بە کوشتدانی بێفەڕ. ددان بە خۆداگرتن و چاکسازیی ریشەیی باشترینە. بیانکردنەوەی متمانە لە نێوان خەڵک و حکومەت و پاشان حکومەتی هەرێم و عێراق باشترینە. ئەمەش قوربانیدانی دەوێ، سەبر و ئارامیی دەوێت. ئەمانەش پێویستیان بەوەیە ددان بەوەدا بنێن لە لایەک نەفامن، لە لایەکی ترەوە چڵێسی دەسەڵات و پارەن بۆیە هەرێمەکە بە دەستیانەوە دەناڵێنێ و وا خەریکە هەرەس دەهێنێت. 
دۆخەکە لەمڕۆدا هیچ باش نیە. ئاو و سەوزایی لەسەر بارانی سروشتیی وەستاوە، داهات لەسەر نەوت، نەوت لەسەر گەروی هورمز یان بۆریە نەوتێکی شلۆق، کارەبا و روناکیی پشت بە غاز دەبەسن، غاز پشت بە کۆرمۆر کە بە درۆنێک لە کار دەکەوێ، ئیدی بەو شێوەیە بەشە گرنگەکانی ژیانمان هەمووی بە یەک شتەوە بەندە و لە هەر ئان و ساتێکدا دەوەستێ و ناسەقامگیر دەبێ. کۆمەڵگەیەکیشمان هەیە هێندە شڵەژاو و سەرلێشێواوە بە دەستی خۆی دەیەوێ دیکتاتۆریەت دروست بکاتەوە. 
لەناو هەموو ئەماندا، دەشێت ئەوەی دێت تەنها رەشەبا نەبێ، بەڵکو شنەی بایەکیش بێ و ئەو سەرخۆشبوونەی دەسەڵاتدارانی کوردیی تێیکەوتون، بەربدات. دەکرێت هەندێ گۆڕانکاریی بە ناچاریی بهێنێت، ئەگەرچی کاتی دەوێت. دەکرێت لە هەڵەکانمانەوە فێر ببین، دوبارەی نەکەینەوە و رێگەیەکی باشتر بگرین.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن