19وتار

هەرێمی کوردستان مەکەنە قوربانی بەرژەوەندی کەسی و ململانێ حیزبی !

11/26/2026 12:20:00 PM
ئەحمەد هەورامی

قەدەری کوردان خۆی لە گەمەی جیۆپۆلتیکی کۆلونێیدا دەیکات بەقوربانیەکی نموونەی، چونکە بەسەر چوار دەوڵەتی دراوسێدا دابەشکراون (ئێران – عێراق – سوریا – تورکیا) سەربەخۆی کورد بۆ هیچ یەکێک لەم دەوڵەتانە بابەتێکی خوازراو نییە ، هەربۆیە بەردەوام باجێکی گەورەیان بۆ سەربەخۆیان داوە.
فەیلەسوف/ سۆلاڤ ژیژک

کە کاتێک ناوچەکە بەدۆخێکی هەستیارو پڕ لە گۆڕانکاری و سیاسی و ئەمنیدا تێدەپەڕێت ، بەردەوام عێراق ، ناوچەکەو جیهان ڕووبەڕووی گۆڕانکاری و پێشهاتی نوێ دەبێتەوە ، ناسەقامگیری ناوچەکە گەیشتووتە ئاستێک کە هیچ پێکهاتەو وڵاتێک ناتوانێت لە داهاتووی خۆی مسۆگەر بێت.

لەسەر ئاستی هەرێمیش هاوکێشەکان زۆر لە پێشهاتە جیهانیەکان ئاڵۆزترن، لەلایەک جەنگ و ململانێی نێوان (ئێران و ئەمەریکا و ئیسرائیل) لەلایەکی ترەوە هەژموونی شیعە و سوننە و ناسەقامگیری سیاسی و سەربازی لەناوچەکەدا هێناوەتە ئاراوە.
مەترسییە سەرەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان تەنها لە دەرەوە سەرچاوە ناگرن ، بەڵکو لە قوڵایی ناکۆکییە حیزبی و خێزانە سیاسیە ناوخۆیەکانەوە هەڵقوڵاوە.

گەڕانەوە بۆ مێژوو و خەباتی دەیان ساڵەی گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی خاک و ماف زەوتکراو دەبینێن ، ئەم گەلە بەردەوام خەباتی کردووە و قوربانی داوە تا بەرگری لە مان و مافە ڕەوەکانی خۆی بکات و بە ئامانج و ئاواتە مێژووییەکانی بگات.
بەتایبەتی و دیارترین قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆیی، بۆ ئەوەی لەژێر سایەی حوکمڕانی خۆیدا بژی و ژێر دەستە نەبێت.

ئەمڕۆ گەلی کورد لە باشوری کوردستاندا لە چوارچێوەی هەرێمێکی فیدراڵیدا قەوارەیەکی هەیە، کە لە ئەنجامی دەریایەک خوێن و قوربانیدانی ڕۆڵەکانی ئەم بەشەی کوردستان دروست بووە و کەس خەیری پێنەکردن، قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان بەپێی مادەی (١١٧)ی دەستوری عێراقی وەک هەرێمێکی فیدراڵی بە فەرمی دانیپێنراوە و لە دەسەڵاتەکانی لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵیدا تێدەپەڕینێ . ئەم قەوارە خاوەن پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەیە لە چوارچێوەی دەستوردا، دەسەڵاتی یاسادان و جێبەجێ کردن و دادوەری هەیە.

قەوارەو پەرلەمان و گشت دامەزراوەکان سەرچاوەی هەرێمی کوردستانن بۆیە ئەم قەوارەی هەرێمی کوردستانە ((یەک قەوارەیەو نابێ بە دوو)) جێی هیواو ئومێدی هەرچوار پارچەی هەرێمی کوردستانە ، بەرهەمی قوربانی و ئەنفالکراوان و جینۆسایدی گەلێکی ستەم لێکراوە.

ئەمڕۆ گەلی کورد کوردستانێکی یەکگرتووی دەوێت ، کە تەنها لەهەموو ڕوویەکەوە خاک و جوگرافیا و پێوەرەکانی دادپەروەریی و ئازادی و یەکسانی و مافی مرۆڤ وەک سمبولێکی بەرزی مرۆڤ دۆستی تیا بەدی بکرێت.

قەیرانی هەرێمی کوردستان ، تەنها لەچوارچیوەی ناکۆکیەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، یان لەپێکهاتەی حکومەت و وەستانی کاری پەرلەماندا سنوردار نەماوە، بەڵکو هەرێم لە بەردەم گۆڕانکاریدایە کە لەسنوری خۆییەکانی تێدەپەڕێت و پەیوەندی بەپێی شوێنی جوگرافیەکەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێوە هەیە، جگە لەگۆڕانکاریەسیاسی و ئەمنیەکانەوە کە ڕەنگە لەناوچەکەدا ڕووبدەن.

بەردەوام بوونی هەرێمی کوردستان بەشێوازی سیاسی ئێستای لەگەڵ بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتکیەکانی وڵاتانی دراوسێ ئارام نییە، چونکە شوێنی جوگرافی هەرێمی کوردستان هەستیارە و گرنگی هەیە لەنیوان (تورکیا و ئێران و عێراقی فیدراڵیدا هەڵکەوتووە و پەیوەندی بە فایلەکانی سنورو وزەو بازرگانی و ئاسایش و ڕێڕەوە هەرێماتیەکانەوە هەیە.

ئەم جوگرافیایە بووەتە هۆی یەکگرتنی پەرژەوەندییەکانی وڵاتانی دراوسێ، لەهەمان کاتدا ئەمەش وای کردوە بەرامبەر کاریگەری هەرێمایەتی پارێزراو نەبێت . ڕەنگە بەرژەوەندیان لەمانەوەی کیانەکە نەبێت لە قۆناغی داهاتوودا هەریەکە لە تورکیا و ئێران و عێراق بەرژەوەندی تایبەتیان هەیە ، تورکیا لە ڕوانگەی ئاسایش و سنورو بازرگانی و ئێرانیش ئاسایش و سنورەکانی و چەسپاندنی نفوزی خۆی لە عێراق و هەرێم لە کاتێکدا بەغداد هەوڵ دەدات دەسەڵاتی فیدراڵی خۆی لە فایلەکانی نەوت و داهات و دەروازە سنوریەکان و دەسەڵاتە دەستوریەکانی بەهێزبکات.

ئەمەش لە پەیامەکەی عەلی زەیدیدا دیارە کە لەڕێگەی فالح فەیازەوە سەرۆکی حەشدی شەعبی عێراق بۆ سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی ناردبوو .
تاوەکو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەرداوای علی زەیدی بڕیاری نوێی خۆی ڕاگەیاند سەبارەت چۆنییەتی بەڕێوەبردنی دەروازە سنووریەکان ، کێڵگە نەوتییەکان ،غاز و داهات ، بەڕێوەبردنی ئەوناوچانە لەدەرەوەی سنووری ( 19/ ئازار / 2003 ) ی هەرێمی کوردستان.

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ناکۆکی پارتی و یەکێتی چیتر تەنها ناکۆکییەک لەسەر دابەش کردنی پۆستەکان و پێکهێنانی حکومەت نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر یەکپارچەیی دامەزراوەکان و بڕیاری سیاسی و ئەمنێ و کارگێڕی هەیە ، ناکۆکی حیزبی کاریگەری لەسەر توانای هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد و پەیوەندییەکانی دەرەوە هەیە ، ئەمە مانای وازهێنانە لەسیستەمی فیدراڵی یان گۆڕینی پێگەی دەستوری هەرێمە.

دابەش کردنی کوردستان بۆ دووزۆن چارەسەری قەیرانی حوکمڕانی نییە، بەڵکو دانپێدانانی فەرمییە بەشکستی حوکمڕانی حیزبی.

لەساڵی (٢٠٢١)دا لەکۆبونەوەیەکی زانکۆی کوردستان لە هەولێر ((چانین بلاشاردت)) نوێنەری پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ، ئاگادارییەکی توندی ئاڕاستەی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی کرد. کە نموونەیەکی کوردی بەکارهاتووی بەکارهێنا ((دۆستت ئەوەیە دەتگرێنێ )) دووپاتی کردەوە لەسەر ئەوەی کە دەسەڵات و یەکیتی ناتوانرێ فەرامۆش بکرێت، چونکە یەکێتی زەرورەتێکی بنەرەتیە بۆ پارێزگاری لە دەستکەوتەکان.

((هەرێمی کوردستان نرخی عینادی سیاسی دەدات)) ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ ڕاستی بۆچونەکانی (بلاشاردت) هاتنەدی ، هەرێمی ناخێکی گرانی ئەو عینادە سیاسیەی دا کە لەئەنجامی بەرژەوەندی کەسایەتی و حیزبایەتی تەسکەوە پەیرەوی کرد.
باسکردنەوەی دووئیدارەی ئەزموونی تاڵی ساڵانی نەوەدەکان و شەڕی براکوژی کە هێشتا برینی دابەشبوونی دەسەڵات و متمانەی بەجێهێشتووە، کە لەبنەڕەتدا بەرهەمی مێژوویەکی خوێناوی و براکوژییە، گەڕانەوە بۆی واتە شانازی کردنە بەومێژووەپڕ لەشەرمەزاریەی برا کوژی، هەر هەنگاوێک لە هەرشەوە بێتە کردار گەڕانەوەیە بۆ مێژووییەکی ڕەشی خۆکوژی ، ناشیرین و پڕ نەهامەتی ، لەوەش خراپتر، ئەمجارەیان لە ناوچەیەکدا کە زۆر لاوازتر دەبێت بەرامبەر فەلسەفەی داگیرکاری بوەستێتەوە.
گەڕانەوە بۆ خولیاکانی دووئیدارەی ، قۆڕخکردنی دەزگا نیشتمانیەکان و هەوڵدان بۆ لەتکردنی نیشتیمان لەپێناو دەسەڵاتدا ، سەربەخۆیی و دەستکەوتە مێژووییەکانی کوردی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنوسسازەوە ئایا هەست بەوە دەکەن لەماوەی ئەم دووساڵەی دوایی بەهۆی کورتبینی و ناکۆکی حیزبی و خێزانی چ گورزێکی گەورەی کەمەرشکێنی لەپرسی کورد و شکۆی خۆبەڕێوەبەری نەتەوەی کورد کەوتووە؟

بەتایبەتی بە دەرکردنی زنجیرەیەک بڕیار لەلایەن حکومەتی عێراق و کەسەرجەم دەروازە سنورییەکانی هەرێم دەخرێتە ژێر دەسەڵاتی فیدڕاڵی ، کێڵگە نەوتیەکانی جێناکۆک دەگرێنە دەست و چەندین بەرپرسی باڵای سەربازی و ئیداری لە پۆستەکانیان لادەبرێن . ئەمەش هەڕەشەیەکی حاشا هەڵنەگرە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان.

لەکاتیکدا لایەنە سیاسیەکان سەرقاڵی دەست شکانەوە و ململانێی ناوخۆیی و ماڵی کورد بەرەو لێکترازان دەچێت ، لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و لەسەر ئاستی بەرزترین پێگەی دەسەڵاتدا لە چاوپێکەوتنێکی (تۆم باراک) نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق و سوریا و (فایق زەیدان) سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لەیەکیک لە گفتوگۆکانیان باس لە هەموارکردنەوەی دەستوری هەمیشەی عێراقی ساڵی (٢٠٠٥) و گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی و سنوردار کردنی پسپۆرییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە قاڵبدانی دەسەڵاتەکانی دەکرێت بەبێ گۆڕانکاری لەسیستەمی سیاسی و ئابوری چارەسەری قەیرانەکان نایەتەدی ، بەبێ ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ بەشداری سیاسی ڕاستەقینەی خەڵک ، بەهێز کردنی ڕۆڵی دامەزراوەکان و هێنانەدی حوکمڕانی باش ، پەرلەمان کاتێک دەبێتە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک لە بەرهەمی ڕێکەوتنێکی نیشتیمانی بێت و بەرژەوەندی گشتی لەسەرووی هەموو دەسەڵاتێکەوە بێت.

ئەزموونی هەرێمی کوردستان بەرهەمی ڕەنجی تێکۆشەران و شەهیدانی کوردستانە ئەرکی هەموو لایەکمانە ڕووبەڕووی دابەشکردنی کوردستان ببینەوە.

لەکۆتاییدا گرنگ ئەوەیە ئەم ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی ڕووباریک خوێن و دەریایەک لە فرمێسکە، هیوایەکە بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان ، ئەوەی ئێستا زۆر گرنگە هەڵوێستی لەسەر بکرێت ، مەترسی گەورەی دروست کردنی ((دووئیداریی))یە، هەر هەڕەشەیەک یا هەنگاوێک بەو ئاڕاستەیەدا لەهەر لایەنێکەوە بێت بەرپرسیارە لەبەردەم نەتەوەو نیشتیماندا.   


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن