45 کوردستان

بەشەخۆراكێك زیاد كرا

12:56 - 01/11/2026

زەمەن - هەواڵ

 

 برنج و شەكر و پاقلەمەنیی نوێ گەیشتووە و ئەمساڵیش لەبری هەشت، نۆ بەشەخۆراك دابەش دەكرێت.

لەما مووسەوی بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی كەرەستە خۆراكییەكان لە وەزارەتی بازرگانی ڕای گەیاند، كارمەندانی كۆمپانیاكە دەستیان بە ڕێكارەكانی دابەشكردنی بەشەخۆراكی حەوتەم كردووە.

ئەوەشی خستەڕوو كە بەشەخۆراكەكە بە تەواوی مادە خۆراكییە سەرەكییەكان دەگرێتەوە، لەوانە برنج، شەكر، زەیت، دۆشاو، پاقلەمەنی و ئارد.

مووسەوی ئاماژەی بەوەش كرد كە وەزارەت بڕیاری داوە ئەمساڵ نۆ بەشەخۆراكی تەواو دابین بكات، لە جیاتی هەشت بەشەخۆراكی ساڵانی پێشوو، بە مەبەستی زیادكردنی پشتگیریی خۆراكی بۆ خێزانەكان و بەهێزكردنی ئاسایشی خۆراك.

بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە ئاشكرای كرد، شەش كەشتی بە بڕێكی زۆر لە برنج و شەكر و پاقلەمەنی گەیشتوونەتە بەندەرەكانی عەقەبەی ئوردن و لازقیەی سووریا، بڕیارە بارەكانیان دابگیرێن و بەشێكیان بۆ بەشەخۆراكییەكان تەرخان بكرێت و بڕی زیادەشیان هەڵبگیرێت بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی دابینكردنی خۆراك.

هەروەها پشتڕاستی كردەوە كە كێشەكانی كەمیی دۆشاو چارەسەر كراون، كۆگەیەكی گەورە لەم مادەیە دابین كراوە.

مووسەوی دووپاتی كردەوە كە تیمە چاودێرییەكانی وەزارەت بەدواداچوون بۆ پرۆسەی دابەشكردنی دۆشاو دەكەن، بۆ ڕێگریكردن لەوەی بریكارەكان ئەم مادەیە بفرۆشن یان بەشێوەیەكی تر مامەڵەی پێوە بكەن؛ چونكە ئەمە پێشێلكارییە و دەكرێت ببێتە هۆی لێپرسینەوەی یاسایی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن