کوردستانێکی غەمبار و تەماوی بەشی دوەم: تەلارەکانی کوردستان
10/31/2026 3:10:00 PM
چیا عەباس
هاوینی ساڵی ١٩٧٢ لە گەڵ خوالێخۆشبو دارا شێخ نوری بە سودفە لە بەغدا شاعیری مەزنی کورد، عەبدوڵلا پەشێومان، ناسی. لە میانی یەکتر ناسین تێگەیشت بەندە و کاک دارۆ خەڵکی سلێمانین. لە درێژەی باسکردندا گوتی: دەزانن ئێمە لە هەلێر رانەهاتوین لە خانوی دو نهۆمیدا بژین، بۆیە زۆر بە دەگمەن ئەو جۆرە خانوانە لە هەولێر دەبینرێت. نزیکەی بیست ساڵ دواتر لە کۆرێکی شیعریدا پەشێوم لە شاری لاهای لە هۆڵەندا بینی. یادەوەری ساڵی ١٩٧٢ م بەبیرهێنایەوە وگوتم: بەرێزدەزانیت ئێمەش لە سلێمانی لەو سەردەمەدا بەدەگمەن ماڵی دو نهۆمیت دەبینی، تەنها ماڵە قەدیمەکان لەچەند گەرێک نەبێت کە موڵکی دەوڵەمەندەکان بون، بەڵام ئێمە باڵەخانەی نوری عەلی مان لەسەنتەری سلێمانی هەبو سێ قات وخاوەنەکەشی نهۆمی یەکەمی کردبوە بە دەرمانخانەکەی.
کاتێک مام جلال لە سەرەتای شۆرشی ئەیلول سەردانی سلێمانی کورد لە باڵەخانەکەی نوری علی وتارێکی پێشکەش کرد کە خەڵکی سلێمانی بە جۆش و خرۆش لە بەردەرکی سەرای سلێمانی گوێبیستی قسەکانی بون، بۆ خۆشم لە سانەوی سلێمانی یەوە لە گەڵ هاوپۆلەکانم بە راکردن فریای ئەو روداوە بوین.
لەدوا سەردانم بۆ کوردستان لە هاوینی ئەمساڵ، لە هەر دو شاری هەلێر و سلێمانی،کاتیك ئەو باڵەخانە دەیان نهۆمانەم بینی، پەشێو و تەلارەکەی نوری عەلیم بەبیرهاتنەوە.
تەلاری حەسیب ساڵح (سلێمانی پاڵاس):یەکێکە لە کۆنترین و ناسراوترین تەلارە مۆدێرنەکانی شاری سلێمانی کە لە ساڵی ١٩٧٠ دەست بە دروستکردنی کرا و لە ساڵی ١٩٨٠ تەواو بو؛ بۆ ماوەیەکی درێژهێما و نیشانەیەک بوو بۆ شارەکە.لە شارەکانی کوردستان (وەک سنە و کرماشان و ورمێ لە ڕۆژهەڵات، یان هەولێر و سلێمانی و دهۆک لە باشوور) کۆمەڵێک باڵەخانەی تەلارسازی و باڵەخانە بەرزەکان لە چەند دەیەی ڕابردودا، بەتایبەت لە هەولێر و سلێمانی، پرۆژەی نیشتەجێبوون، تاوەر و تەلارە مۆدێرنەکان سەریان هەڵداوە.تەلارە گرنگە حکومی و دیپلۆماسییەکان، وەک باڵەخانەی نوێ و گەورەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر کە بەیەکێک لە گەورەترین کونسوڵخانەکان لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت و بە ستانداردە سەردەمییەکان دروستکراوە.
سەرەڕای ئابلۆقەدانی باشوری کوردستان وئەو هەموو دژایەتیەی ھەرێمی کوردستانئٔەو ئٔاوەدانیەی لە ھەرێمی کوردستانە تەنھا بە 5% بودجەی عێراق لەماوەی کەمتر لە 10 ساڵ بەدەست هێنراوە. ھەولێرلە گوندێکەوە کراوە بە یەکێک لە شارە ئارامەکانی ناوچەکە کە بەدەستی رژێمەکانی عێراق وێران کرابو.
لە نوسێنێکمدا لە ناوەراستی مانگی تەموزی ٢٠٢٥ بە ناونیشانی سپیکردنەوەی پارەو تەلارە باڵا بەرزەکان دەڵێـم: بێ یەک و دو پشتگیری لە گەشەکردنی ئابوری و شارستانی دەکەم بە مەرجێک یاسایی و رەوا و شەفاف و بۆ خزمەتی گشتیش بێت. لەم هەرێمە بچوکەی کوردستان، تایبەت دوای راگرتنی شەری ناوخۆ، گەلێک لە نهۆمەکانی تەلارەکانی ئەم و ئەو رو لە حەوت تەبەقی ئاسمان دەکەن.
ئاورێک لە مێژو دەدەمەوە، دەمێکە بۆچونێکی ناودار لە دنیادا دەڵێت لە هەر شوێنێک شەر و ئاژاوە هەبێت و باڵەخانە بەرزدەبێتەوە ئەوە بێگومان سپێکردنەوەی پارەی رەشە. عێراق و باشوری کوردستان بێبەری نەبوە و نیشە لەم دیاردە یە. لە وێرانەی عێراق سپیکردنەوەی پارە بۆتە پیشەی سەرەکی بەشێکی گرنگی سیاسەتمەتدار و بەرپرسەکانی عێراق، لەلایەن یەکێتی ئەوروپا بە وڵاتێکی ریسکانت بۆ وەبەرهێنانی دەرەکی دیاریکراوە.
زۆر لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەبواری تەلارەکانی دنیا نوسراون، وەزارەتی شارەوانی هەرێم و دەزگا یاساییەکان بەرپرسیارن لە وەڵامدانەوەی گەلێک پرسیاری رەوا سەبارەت بە تەلارەکانی هەرێم، بۆخۆم لەو باوەرەدا نیم بتوانن وەڵامی راست و یاسایی بدەنەوە.
بۆچی؟
زەویەکانی تەلارەکان موڵکی گشتی بون، لە پلەی یەکەمدا پارتی و یەکێتی لە ناوچەکانی دەسەڵاتیان رێکارە یاساییەکانیان بەفەرمی بۆ موڵکداریەتی زەوی تەلارو ڤێڵاکانیان تێپەراندوە، هیچ کەسێک بوێری ئەوەی نەبوە رکابەریان بێت، بۆیە بە ئاسانی زەوییەکان بونەتە موڵکی خانەوادەکانی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی. لە سلێمانی تەلارێکی باڵا بەرزیان پێشان دام کە کاریان تیدا دەکرد، گوتیان ئەمە تەلاری کورێکی " پێشمەرگەیەکی دێرینە". لە دڵی خۆمدا گوتم: لە خواش بەزیابێت دڵفراوانە تەنانەت ئاورێکیشی لە باوک و کور داوەتەوە.
یەقینم کە ئەم تەلارانە رۆڵیکی ئەوتۆیان لە چارەکردنی کێشەی نیشتەجێبون، تایبت بۆ چینە کەم دەرامەتەکانی هەرێم نیە. خوازیارم وەزارەت و دەزگا پەیونددارەکای هەرێم بە نیشتەجێبون و موڵک و ماڵات وردەکاریەکانی ئەم تەلارانە بۆ خەڵک رون بکەنەوە.
کەسانێک دیاردەی تەلارە باڵا هەڵچوەکان بە بەشێک لە پرۆسەی تەعریبکردنی کوردستان ناوزەد دەکەن. ئەم هەویرە ئاوی زۆر لەخۆ دەگرێت، دەزانم سەرمایەی عەرەبی، تایبەت لە کەنداو، هەرێمی کوردستان بە زەمینەیەکی بەپیت دەبینێت بۆ سەرمایەداری و خەستکردنەوەی جۆرەها دەسەڵاتەکانی. دەکرێت کورد لە باشور لەم خواستە عەرەبیە سودمەند بێت بە مەرجێک حکومەتی هەرێم " گەر کارامەیە" و دەسەڵاتدارانی ملکەچی مەرج و خواستەکانی شازادە گەندەڵ و ناوزراوەکانی کەنداو نەبن، ئایندە شایەتی روداو و گۆرانکاریەکان دەبێ. دۆستێکی ئەزیزم لە باسکردنی تەلارەکانی هەرێم گوتی: خاڵێکی ئەرێنی ئەم تەلارانە ئەوەیە سەرمادارەکان لە سەر خاکی کوردستان بنیاتیان ناون و کەسیش تەمەنی نوحی نیە بۆیە لە دوامەتافدا دەبنە مولکی میللەت.
لە ناخی دڵمەوە خوازیارم کوردستان ببێتە تەلارێکی ئێجگار باڵا بەرز، بە قەد باڵای شەم، تەلارەکانیش بۆ بە ئەنفالکراو و قوربانیانی کیمیا باران و خانەوادەکانی تێکؤشەر و شەهیدان ببنە رەمزی وەفایی و خۆشەویستی بۆیان. هیوادارم ئەمە تەنها خەون و خواستێک نەبن، چونکە هاوڵاتی کورد شایستەی هەمو شتێکە بۆی دابین بکرێت.
لە گۆرەپانی نێو تەلارەکان ناوبازارە دێرینەکانی هەولێر و سڵیمانی لە چێشتی مجەور دەچن، فرؤشیارەکان و کەلوپەلەکانیان بەسەر یەکتردا ترشاون، ئەستەمە لە شؤستە و شەقەمەکان بەسەلامەتی برۆیت، پێدەچیت شارەوانی و دەزگای کۆنترۆڵی جۆری چاوەکانی لە چەندین پێشێڵکردنی رێسا و یاساکانی تایبەت بە پاک و تەمیزی، نرخ، تەندروستی و چەندین وردەکاری تر نوقاند بێت.
لە وتاری ئایندەدا باسێ خوێندن، مرور، خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان، شوێنەکانی کرین و فرۆشتی و گؤرینەوەی دراو و چەن بابەتێکی تر دەکەم.
رۆتەردام: ٣١ ئۆکتۆبەر ٢٠٢٦
31/10/2026