مەحمود عوسمانی بۆ وا ئەکات؟
10/31/2026 2:48:00 PM
دانا حەمەعەزیز
مەحمود عوسمان شایەتحاڵێکی زیندوی ڕوداوەکان و بەشێکی گرنگە لە پیلانگێڕیی و بڕیارە چەوتەکان ی سەردەمی خۆی، کە ئاشبەتاڵی بە شۆڕش کرد و گەورەترین کارەساتی نەتەوەیی بەسەر کورد هێنا.
مەحمود عوسمان دوای ئاشبەتاڵ و بەدرێژایی پەنجا ساڵی ڕابردوو هەندێك ڕاستی وتوە و زۆر نهێنی لەسەر دزێوی و بێ هەڵوێستی سەرانی شۆڕش درکاندوە، چاوەڕوانیش ئەکرا لە کۆتاییەکانی تەمەنی دا و وەک دوا شایەتحاڵ جوانتر و بە زمانێکی ڕونتر مێژوی ڕوداوەکان وەك خۆی بۆ خەڵکی کوردوستان بگێڕێتەوە.
بەدرێژایی مێژوی شۆڕشی کورد، جگە لە نەوشیروان مستەفا هیچ سەرکردەیەکی کورد داوای لێبوردنی لە میللەت نەکردوە، لە کاتێکدا زۆر سەرکردە و سیاسی کورد هەیە لەپای خیانەت و ناپاکیان، دەبوو هەموو ژیانیان لەودیو شیشەکانی زیندانەوە بەسەربردایە، هەربۆیە داوای لێبوردن لە مەحمود عوسمان یش چاوەڕوان کراو نیە! بەڵام ئەوەی چاوەڕێمان ئەکرد لە دوا ساتەکانی تەمەنی دا لانی کەم ڕوداوەکانمان وەك خۆی بۆ بگێڕێتەوە و بیکات بە دیاری بۆ نەوەکانی داهاتوومان.
بردنی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بۆ لای شا کە مەحمود عوسمان و موحسن دزەیشی لەگەڵ دا بوە، ڕوداوێکی مێژویی زۆر گرنگە و زۆر لەوە زیاتر هەڵئەگرێت کە مەحمود عوسمان لە "خۆ بە پاڵەوان کردنی خۆی دا" کورتی بکاتەوە. بۆ ئێمەی هاوڵاتی کوردوستان زۆر گرنگە بزانین ئەم دیدارە لەگەڵ شا چۆن بوە، لە دانیشتنەکەدا هەڵوێستی مەلا مستەفا وەك سەرۆك و ڕابەری ئەوکاتەی ئێمەی کورد لە بەرامبەر شا دا چی بوە و چی بە شا وتوە؟
کۆی دانیشتنەکە لە ئەرشیف ی دیدارەکانی شا دا لە "کاخی نیاوران" وەک خۆی پارێزراوە، لە چەندین شوێنیش بڵاوکراوەتەوە، دکتۆر مەحمودیش لە چەندین بۆنەدا باسی کردوە، بەڵام چەند جوان بوو لە دوا ساتەکانی تەمەنی دا وەکو خۆی بۆ خەڵکی کوردوستانی بگێڕێتەوە!
لە لاپەرە ٢٩ ی کتێبی "لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ" بە ڕونیی و وەك خۆی باسی ئەم ڕوداوە کراوە:
لە ١٢ ی ئازاری ١٩٧٥ مەلامستەفا و مەحمود عوسمان و موحسن دزەیی بران بۆ دیدەنی شا، دوای ئەوەی مەلا مستەفا دەستی شا ماچ ئەکات، شا ڕێگەیان پێ ئەدات دانیشن....، لەبەرامبەر قسەکانی شا دا، مەلا مستەفا وتبوی "ئێمە میللەتی تۆین، مادام تۆ لە ڕێکەوتنەکە ڕازیت و قازانجی ئێرانە کە دایکی ئێمەشە، هیچمان لەسەری نیە، ئێمە لەژێر فەرمانی ئێوەداین، بڵێ بمرن ئەمرین و بڵێ بژین ئەژین، ئێمە دڵسۆزی ئێوە بوین، دلسۆزی ئێوەین و بە دڵسۆزی ئێوە ئەمێنینەوە...".
بێگومان ئەمە ناخۆشە بۆ ئێمەی کورد، بەڵام بەشێکە لە مێژوومان، ئەبێت وەک خۆی بیگێرینەوە بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوومان پەندی لێوەربگرن.
لە گێڕانەوەی ئەمجارەی دا، مەحمود عوسمان تەنها ئەو ئەڵێت کە مەلا مستەفا لەو قسانەی ئەو بەرامبەر شا کردوێتی ترساوە، بۆیە دوایی مەلا مستەفا پێی وتوە "تۆ بۆ وا ئەڵێیت، لێرە دەستبەسەرمان ئەکەن"، دیارە ئەمەش بۆخۆی زۆر هەڵئەگرێت، بەڵام مەحمودعوسمان خۆی لێ نادات!
بەداخەوە زۆربەی قسەکانی ئەمجارەی مەحمود عوسمان لەگەڵ قسە و نوسینەکانی کۆن ی یەکناگرنەوە، ئەوەش جێگەی داخێکی گەورەیە ئەم کەسایەتیە لە کۆتاییەکانی تەمەنی دا نە بەزەیی بە خۆیدا دێتەوە و نە ڕوحم بە مێژوی میللەتەکەی ئەکات. ئەو لە گێڕانەوەی روداوەکانی ١٩٦٤ دا ئەڵێت ڕەحمەتی مەلامستەفا لەگەڵ بەغدا ڕێکەوت و بە پشتیوانی سپای عێراق هێرشی کردە سەر باڵی مەکتەبی سیاسی و یەکەمین شەڕی ناوخۆی هەڵگیرساند، کەچی پوختەی قسەکانی، پەیامی سوپاس گوزاریە بۆ پارتی کە بە پارەی دزراوی میللەت کەناڵێکی هەر بە ناوی ئەو ساڵە شومەوە 964 بۆ هیوای کوڕی کردۆتەوە!