هەڵەبجە، کەربەلا و فێستیڤاڵی هەنار
10/31/2026 1:21:00 PM
بەختیار نامیق
لەپەراوێزی قەیرانەکاندا و دەرفەتی بەگەڕخستنی بازاڕ.
هەموومان دەزانین دۆخی ژیانی هاووڵاتییان لەژێر بارودۆخێکی سەختدا گوزەر دەکات ، نەبوونی مووچە، قەیرانی نەوت و گرانیی بێوێنە ، نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی ژیانی بە شێوەیەک بەرزکردووەتەوە کە بەرگەنەگرتووە ، جیاوازیی چینایەتی بە تەواوی ڕەنگی داوەتەوە و چینی ناوەڕاست بەرەو داڕمان هەنگاو دەنێت ، تا ئەو ڕادەیەی هەندجار وا هەست دەکرێت دوو شار لەناو یەک شاردا بوونیان هەیە ، یەکێکیان بۆ چینە باڵادەست و سەرمایەدارەکان و ئەوەی تریان بۆ زۆرینەی هەژار و زەحمەتکێش ، حکومەت و دامەزراوەکان پڕن لە گەندەڵی و چینی خوارەوە بە تایبەت گەنجان و کوڕە هەژاران ڕووبەڕووی بێکارییەکی کوشندە بوونەتەوە.
لە ناو ئەم هەموو دیمەنە ناشیرین و نابەرابەرییەدا، پرسیار ئەوەیە: ئایا هەژارەکان دەبێت دەستەوەوەستان بن؟
بێگومان نەخێر ، پێویستە لە هەندێک لاوە واز لە چاوەڕوانیی حکومەت بهێنرێت و هەوڵ بدرێت بە هێزی خۆماڵی دەرفەتی کار بڕەخسێندرێت ، دەبێت ڕێگە خۆش بکرێت بۆ ڕاکێشانی سەرمایە بۆ ناو بازاڕەکان و ئەنجامدانی مارکێتینگێکی بەربڵاو تاوەکو گەشتیاران و سەردانیکەرانی دەروەی هەرێم ڕوو لە ناوچەکە بکەن و بوار بۆ بوژانەوەی بازاڕ و ڕەخساندنی هەلی کار بڕەخسێت ، بەتایبەت کە لەم جۆرە چالاکییانەدا لانیکەم ڕێگری لە هاووڵاتییان ناکرێت و دەزگا پەیوەندیدارەکان تا ئاستێک هاوکار دەبن.
لەم ڕوانگەیەوە ئەگەرچی مەترسیدار ئەوەیە کە هەندێکجار فێستیڤاڵەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی بەرپرسان و نزیکەکانیانەوە وەک هەموو قۆرخکارییەکانی تریان دەستیان بەسەردا دەگیرێت، بەڵام دروستکردنی بازاڕ و مارکێتینگ لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاوە (وەک فەیسبووک، ئینستاگرام، تیکتۆک و سناپچات) دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ڕاکێشانی سەرمایە و بوژاندنەوەی بازاڕی ناوخۆیی.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بە نموونەیەکی زیندوو بکەین ، خۆزگا لە هەموو هەرێمدا چوار بەرپرس و قایمقامی وەکو "نوخشە ناسیح"مان هەبووایە ، ژنێک کە خۆی دەبێتە مارکێتکاری ناوچەکەی و خۆی چالاکی داهێنەرانە دروست دەکات و تەنانەت کارەسات و قەیرانەکانیش دەکاتە دەرفەتێک بۆ ناساندن و مارکێتینگێکی گەورە بۆ سنوری قەڵەمڕەوی خۆی ، بێگومان شایستەی ڕێزلێنان و پشتگیریی گەورەیە ئەو پارێزگار کە لەناو خەڵکەوە کار دەکات نەک تەنها لە پشت مێزەکانی حکومەتەوە ، نوخشەخان ئەگەر نەتوانێت بە تەنیا چارەسەری نەبوونی مووچە و گرانی بکات ، لانیکەم توانیویەتی لە خەم و ژانەکانی خەڵکدا بەشدار بێت؟، دەلاقەیەک بۆ چارەسەر بدۆزێتەوە بازاڕێک بڕەخسێنێت کە هەزاران کەس تێیدا سوودمەند بن ، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ناچار بکات بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە لەبەردەم کێشە و پێداویستییەکانی خەڵکدا ئامادە بن.
ئەوەی جێگەی نیگەرانی و ڕەخنەیە، هەڵوێستی سەرانی حکومەتی عێراق ، پارێزگار و دامەزراوەکانی پارێزگای کەربەلا بوو ، کە دەبوو وەک وەفایەک بۆ هەڵوێستی پارێزگای هەڵەبجە و هەورامان و شارەزور و لەسەر ئاستێکی باڵا بەشداری فستیڤاڵی هەناری هەڵەبجەیان بکردایە ، کە بە بەهانای ڕێوڕەسمی ڕوفاتی "ڕوقییە"وە چون و لە تەنیشت نوخشەخانەوە ئامادە بوونایە.
هاوکات سەرانی حیزبی و حکومیی هەرێمیش ، لە سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتەوە بگرە تا وەزیرەکان و بەتایبەت سەرکردەکانی وەک قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی ، دەبوو ئامادەییەکی کاراتریان هەبووایە ، چەند جوان دەبوو ئەگەر سەرکردە دیارەکانی وەکو کاک قوباد یان کاک مەسرور لەوێ بینرابوونایە و بۆ چەند دەقەیەکیش بووبایە ڕێگاکانیان پاکبکردایەتەوە یان پاڵپشتیی مەیدانییان کردایە ، ئەمە خۆی لە خۆیدا دەبووە گەورەترین مارکێتینگ و پشتگیری بۆ فێستیڤاڵەکە و بۆ جوتیارەکان و هەژاران و نوخشەخان.
سەرەڕای ئەم کەموکوڕییانە ، بینیمان کە خەڵکێکی زۆر لە خوارووی عێراقەوە ڕوویان لەو ناوچەیە کردبوو ، بەشێکیان وەک ئاراستەیەکی وەفاداری بۆ خەڵکی هەڵەبجە و بەشێکی تریشیان بۆ بەشداریکردن گەشتکردن ، ئەمەش جارێکی تر پیشانی دا کە جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئاراستەی خەڵک و هەڵسوکەوتی حکومەتەکاندا هەیە و خەڵک زۆر لە بەرپرسان لێکتێگەیشتووتر و نزیکترن لە یەکدی.
لە کۆتاییدا تاکە ڕێگەی ڕاستەقینە بۆ پشتگیریکردنی خەڵک بریتییە لە دروستکردنی بازاڕ ، ڕاکێشانی سەرمایە و هاندانی بەرهەمی خۆماڵی ، پێویستە هەموومان پشتگیری لەم خانمە چالاکە بکەین و لەپاڵ ئەودا پشتگیری لەو کەس و لایەنانەش بکەین کە لە شارەکانی تری کوردستانەوە ئەم جۆرە چالاکییانە ئەنجام دەدەن ، لە فێستیڤاڵەکانی زاخۆ و دهۆکەوە تاوەکو هەڵەبجە و کفری و خانەقین ، تا لە ڕێگەیەوە بازاڕ بۆ هەژار و جوتیارەکان بڕەخسێت و هەلی کار زیاتر ببێت.