33 جیهان

هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە ئاسمانی عێراقەوە مانۆڕی سەربازیی دەکات

01:04 - 01/11/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بە بەشداریی دەیان فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی سووتەمەنی هەڵگر، چەندین گەشتی ئاسمانییان بەسەر ئاسمانی سووریا و عێراقدا تا نزیک سنوورەکانی ئێران ئەنجام داوە.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد، سوپای وڵاتەکەیان سەرجەم ئامادەکارییە سەربازییەکانی بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ لەگەڵ ئێران تەواو کردووە و تەلئەڤیڤ و واشنتن لە گفتوگۆی چڕ و هەماهەنگیی مەیدانیدان بۆ دیاریکردنی ئامانجەکانی هەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی، بەڵام بڕیاری کۆتایی بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ لە دەستی سەرۆکی ئەمریکادایە.

ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" لە زاری سەرچاوە سیاسییەکانەوە بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل ئامادەکارییە بەرگری و هێرشبەرییەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ لەگەڵ تاران گەیاندووەتە قۆناغی کۆتایی. بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، هەرچەندە ئیسرائیل لە گەڕێکی دیکەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نزیک بووەتەوە، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازیی ئەو وڵاتە بە تەنیا خاوەنی بڕیاری دەستپێکردنی جەنگ نین، بەڵکو پرسەکە بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە نێوان گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران یان پەنابردنەوە بەر هێرشی سەربازی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل، بەتایبەت کە هێشتا دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامن.

ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل تەنیا لە چوارچێوەی پلانی سەر کاغەزدا نەماونەتەوە؛ هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بە بەشداریی دەیان فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی سووتەمەنی هەڵگر، چەندین گەشتی ئاسمانییان بەسەر ئاسمانی سووریا و عێراقدا تا نزیک سنوورەکانی ئێران ئەنجام داوە. ئەم جووڵە سەربازییانە کە زیاتر لە جارێک دووبارە کراونەتەوە، وەک مەشق و ڕاهێنانێک بوون بۆ تاقیکردنەوەی ڕێڕەوە گریمانەکراوەکانی هەر هێرشێکی داهاتوو بۆ سەر ئێران.

لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلی لە زاری ئەفسەرێکی باڵای سوپاوە گواستییەوە: "دوای هەفتەهایەکی درێژ لە ئامادەکاری، پلانە سەربازییەکانمان بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئەمریکا نوێ کردووەتەوە، بەڵام بڕیاری کۆتایی بۆ هەڵگیرسانەوەی جەنگ دژی ئێران لە دەستی سەرۆک ترەمپدایە."

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی کە پشتی بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی بەستووە، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، فشار دەخاتە سەر ترەمپ بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس، هێرشە سەربازییەکان دەست پێ بکەنەوە. لە بەرامبەردا، سەرکردەی وڵاتانی نێوەندگیر لە هەوڵ و فشاردان بۆ ئەوەی واشنتن و تاران بگەنە ڕێککەوتنێکی سیاسی.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە فەرماندە باڵاکانی سوپای ئیسرائیل لە پەیوەندیی ڕۆژانە و چڕدان لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکانیان بۆ داڕشتنی ئامانجی کردەیی و جێبەجێکراو. جەختیش کراوەتەوە کە ئەگەر بڕیاری جووڵەی سەربازی بدرێت، ئەوا ئۆپەراسیۆنی ئەمجارە لە ڕووی قەبارەی هێز و جۆری ئامانجەکانەوە جیاواز دەبێت لە هێرشەکانی پێشوو.

لە ناوخۆی ئیسرائیلیشدا، گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پارتی "یەشار" ڕایگەیاند، هێشتا جەنگ لەگەڵ نەیارەکانیان کۆتایی نەهاتووە و ئامانجەکانیش نەهاتوونەتە دی. ناوبراو جەختی کردەوە کە تا پێکهێنانی حکومەتی نوێ و سوێندخواردنی یاسایی، پشتگیری لە هیچ جووڵەیەکی سەربازی ناکات، مەگەر مەترسییەکی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ هەبێت کە هەڵنەگرێت مامەڵەکردن لەگەڵیدا دوا بخرێت.

پەیوەست بە ئامادەکارییەکانی واشنتن، ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" ئاشکرای کردووە، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری و دان کەین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەش، چەند بژاردەیەکی سەربازیی بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران خستووەتە بەردەم ترەمپ، بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەو بارەیەوە بدرێت.

هاوکات، ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ١٠ فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیی ئەمریکی گەیشتوونەتە بنکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل. ئەمەش لە چوارچێوەی پردێکی ئاسمانیدا دێت بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی و بەهێزکردنی پێگەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری سەرهەڵدانەوەی پێکدادانەکان.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان، نەبوونی ئامانجێکی ستراتیژیی ڕوونی ئەمریکایە بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی؛ چونکە بەئامانجگرتنی بنکە ئەتۆمییەکان، سیستەمی مووشەکی و تواناکانی سوپای ئێران لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە، بە مانای ڕووخانی دەسەڵاتی ئێران یان گۆڕینی سیاسەتەکانی نایەت. هەروەها پێشبینی دەکرێت واشنتن هەڕەشەی سەربازی وەک کارتێکی فشار بەکاربهێنێت بۆ ناچارکردنی تاران بە قبووڵکردنی ڕێککەوتنێک بە مەرجی قورستر، لە کاتێکدا تەلئەڤیڤ پێی وایە هەر ڕێککەوتنێک نیگەرانییەکانی ئەوان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکە و سیستەمی مووشەکی و پڕچەککردنی ئێرانەوە چارەسەر نەکات، کۆتایی بە هەڕەشەکان ناهێنێت.

جگە لەوەش، هۆشداری دراوە لە ئەگەری فراوانبوونی بازنەی جەنگەکە بۆ بەرەی لوبنان و هاتنەناوەوەی "حیزبوڵڵا" بۆ ناو شەڕەکە، هاوشێوەی ڕووبەڕووبوونەوەکانی پێشوو. ئەم سیناریۆیەش دەبێتە هۆی درێژەکێشانی ماوەی جەنگەکە و دروستکردنی بارگرانی و فشاری زۆر لەسەر سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل و کەمبوونەوەی کۆگای مووشەکە بەرگرییەکانیان.

جێی باسە، زنجیرەی ئەم ڕووبەڕووبوونەوانە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێ کرد، پێش ئەوەی لە مانگی نیساندا بگەنە ئاگربەست. دواتر و لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا، بەهۆی چەقبەستنی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران، جارێکی دیکە پێکدادانەکان سەریان هەڵدایەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن