سبەی شەپۆلێکی تاوە باران و هەورە بروسکە دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما دادەبەزن
01:33 - 29/10/2026
زەمەن_هەواڵ
شارەزایەکی کەشناسی پێشبینییەکانی کەشوهەوای سبەی هەینی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان ئەگەری تاوەبارانی بەخوڕ و هەورە برووسکە و بارینی تەرزە هەیە، لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی ١٠ی ٢٠٢٦، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، لەبارەی پێشبینییەکانی کەشوهەوای سبەی هەینی ئاشکرایکرد، بەهۆی بەردەوامیی حاڵەتی ناجێگیریی کەشوهەواوە، سبەی لە زۆربەی کاتەکاندا ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە نیمچەهەوری دەمێنێتەوە و لە کاتەکانی نێوان نیوەڕۆ بۆ ئێوارەدا، لە بەشێک لە ناوچەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران و ڕاپەڕین، ئەگەری دروستبوونی کەڵەکەهەوری برووسکاوی و بارینی تاوەبارانی مامناوەند هەیە، هاوکات لە هەندێک شوێنی ئەو ناوچانەشدا پێشبینی دەکرێت تاوەبارانی بەخوڕ و تەرزە ببارێت.
لە بەشێکی دیکەی پێشبینییەکاندا، ئاراس جەبار باسی لە گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرما و خێرایی با کردووە و وتی: سبەی هەینی پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بە ڕێژەی ٢ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، کاریگەریی ئەو ناجێگیرییەی کەشوهەوا سبەی هەینی لە کاتەکانی شەودا کۆتایی پێ دێت و کەشەکە ئاسایی دەبێتەوە.