28 کوردستان

دامه‌زراوه‌ی په‌ی: پێشتر هۆشداریماندا له‌ رێگه‌دان به‌ په‌رله‌مانتار فراكسیۆن و حزب بگۆڕێت

03:50 - 14/11/2026


زەمەن – هەواڵ
دامه‌زراوه‌ی په‌ی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتویه‌تی "لە ٢٨ی ئەیلولی ٢٠١٩دا، دامەزراوەکەمان بە بەیاننامەیەک بە ناونیشانی (پێویستە پەرلەمانی کوردستان بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت) هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی هەموارکردنی ماددەی (١١٠)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، کە ڕێگە بە پەرلەمانتار دەدات فراکسیۆن و حیزب بگۆڕێت."

وتوشیه‌تی "ئەو کاتە ڕونمان کردەوە کە ئەم هەموارە دەبێتە سەرەتایەک بۆ کڕینی کورسیی حیزبەکان و ئیرادەی دەنگدەران، و دەبێتە هۆی ئەوەی حیزبە گەورەکان کورسیی حیزبە بچوکەکان بۆ خۆیان ببەن. بەڵام ڕۆژی دواتر، ٢٩ی ئەیلولی ٢٠١٩، پەرلەمان هەموارەکەی پەسەند کرد. ئامانجی هەموارەکەش ئەو کاتە بۆ هەموان ئاشکرا بو: یەکێتی و پارتی دەیانویست کورسییەکانی نەوەی نوێ بۆ خۆیان ببەن."

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوه‌ "ئەمڕۆ، دوای حەوت ساڵ، ئەو گرفتەی هۆشداریمان لێ دابو یەخەی دانەرانی خۆی گرتوەتەوە. لە دانیشتنی ٤ی تشرینی دوەمی ٢٠٢٦ی پەرلەمانی کوردستاندا، هەشت پەرلەمانتار جیابونەوەیان لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ و هەڵوێست ڕاگەیاند و وەک سەربەخۆ بەشدارییان کرد، و ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکە بە ئەوان تەواو بو. دوای ئەوە، لە ١٠ی تشرینی دوەمدا، یەکێتی و نەوەی نوێ ڕویان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کرد و سکاڵایان لەسەر ئەو دانیشتنە تۆمار کرد؛ لە کاتێکدا ئەو دەرگایەی ئەو پەرلەمانتارانە پێیدا ڕۆیشتن، یەکێتی خۆی لە ٢٠١٩دا بە هەموارکردنی پەیڕەو کردییەوە."

دامه‌زراوه‌ی په‌ی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ئه‌م چوار داواكارییه‌ی خستۆته‌ڕو:

١. گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و کاراکردنەوەی پەرلەمان بەو شێوەیەی لایەنەکان لەسەری ڕێکدەکەون و لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و هەرێمەکەدایە، بە جۆرێک هەر لایەک لەپێناو ئەمەدا دەستبەرداری بەشێک لەو کەللـەڕەقییە سیاسییانە ببێت کە پەیڕەوی دەکات.

٢. دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان، گەڕاندنەوەی دەقی ماددەی (١١٠) بۆ پێش هەموارەکەی ٢٠١٩، بە جۆرێک هەر پەرلەمانتارێک لە فراکسیۆنەکەی جیابوەوە یان چوە پاڵ فراکسیۆنێکی تر، ئەندامێتیی خۆی لەدەستبدات و کاندیدی دواتری هەمان لیست بەپێی ڕیزبەندی شوێنەکەی پڕبکاتەوە.

٣. هەوڵدان بۆ پەسەندکردنی دەستوری هەرێمی کوردستان و جێگیرکردنی ئەم بنەمایە تێیدا، تا بەپێی بەرژەوەندیی ڕۆژ دەستکاری نەکرێت.

٤. وازهێنانی هێزە سیاسییەکان لە بەکارهێنانی یاسادانان بۆ لێدانی یەکتر، و یەکخستنی هەڵوێستیان بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێم، تا پەرلەمان بتوانێت ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی، کە یاسادانان و چاودێریی حکومەتن، جێبەجێ بکات

دەقی راگەیەندراوەكەی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان:

لە ٢٨ی ئەیلولی ٢٠١٩دا، دامەزراوەکەمان بە بەیاننامەیەک بە ناونیشانی (پێویستە پەرلەمانی کوردستان بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت) هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی هەموارکردنی ماددەی (١١٠)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، کە ڕێگە بە پەرلەمانتار دەدات فراکسیۆن و حیزب بگۆڕێت. ئەو کاتە ڕونمان کردەوە کە ئەم هەموارە دەبێتە سەرەتایەک بۆ کڕینی کورسیی حیزبەکان و ئیرادەی دەنگدەران، و دەبێتە هۆی ئەوەی حیزبە گەورەکان کورسیی حیزبە بچوکەکان بۆ خۆیان ببەن. بەڵام ڕۆژی دواتر، ٢٩ی ئەیلولی ٢٠١٩، پەرلەمان هەموارەکەی پەسەند کرد. ئامانجی هەموارەکەش ئەو کاتە بۆ هەموان ئاشکرا بو: یەکێتی و پارتی دەیانویست کورسییەکانی نەوەی نوێ بۆ خۆیان ببەن.

ئەو کاتە نەک هەر گوێ لە هۆشدارییەکەمان نەگیرا، بەڵکو تۆمەتباریش کراین بەوەی گوایە دژی ئازادیی پەرلەمانتارین! لە کاتێکدا ئێمە ئەو کاتەش و ئێستاش جیاوازی دەکەین لە نێوان ئازادیی هەڵوێست، کە پشتیوانی لێ دەکەین، و گۆڕینی حیزب و بردنی دەنگی دەنگدەران بۆ حیزبێکی تر، کە دژی بوین و دژین.

ئەمڕۆ، دوای حەوت ساڵ، ئەو گرفتەی هۆشداریمان لێ دابو یەخەی دانەرانی خۆی گرتوەتەوە. لە دانیشتنی ٤ی تشرینی دوەمی ٢٠٢٦ی پەرلەمانی کوردستاندا، هەشت پەرلەمانتار جیابونەوەیان لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ و هەڵوێست ڕاگەیاند و وەک سەربەخۆ بەشدارییان کرد، و ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکە بە ئەوان تەواو بو. دوای ئەوە، لە ١٠ی تشرینی دوەمدا، یەکێتی و نەوەی نوێ ڕویان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کرد و سکاڵایان لەسەر ئەو دانیشتنە تۆمار کرد؛ لە کاتێکدا ئەو دەرگایەی ئەو پەرلەمانتارانە پێیدا ڕۆیشتن، یەکێتی خۆی لە ٢٠١٩دا بە هەموارکردنی پەیڕەو کردییەوە.

ئەوەی دوێنێ، کاتێک کورسیی کەسانی تر بو، ناویان دەنا (ئازادیی پەرلەمانتار)، ئەمڕۆ کە کورسیی خۆیانە بوەتە (پێشێلکاری). ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە ئەگەر یاسا بەپێی بەرژەوەندیی ڕۆژ و بۆ لێدانی ڕکابەر دابڕێژرێت، ڕۆژێک دێت دانەرانی خۆیشی دەگرێتەوە.

هەڵوێستی ئێمە وەک خۆیەتی: ڕێز لە ئیرادەی ئازادی پەرلەمانتار دەگرین لە ڕا و بۆچون، دەنگدان، بەشداریکردن و بایکۆتدا، و دژی هەر هەڕەشە و فشارێکین کە بخرێتە سەریان. بەڵام کورسیی پەرلەمان موڵکی تایبەتی پەرلەمانتار نییە تا بیباتە هەر کوێیەک بیەوێت، چونکە بەپێی یاسای هەڵبژاردن دەنگدەر سەرەتا دەنگ بە لیست دەدات ئینجا بە کاندید، و کورسییەکە ئەمانەتی ئەو دەنگدەرانەیە کە دەنگیان بە لیست و بەرنامەکەی داوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، دامەزراوەکەمان جەخت دەکاتەوە کە لەگەڵ ئەو هەمو کێشە و قەیرانەی ئێستا هاتونەتە کایەوە، ڕێگەی چارەسەر تۆمارکردنی سکاڵا و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم و گەڕانەوە بۆ دو ئیدارەیی نییە. ئەم ڕێگایانە تەنها هەرێم لاوازتر دەکەن و دەرگا بۆ دەستێوەردانی زیاتر دەکەنەوە، و ئەزمونی تاڵی دو ئیدارەیی هێشتا لە یادی خەڵکی کوردستاندا ماوە.

لە ئێستادا نەیارانی هەرێم سودیان لەو دوبەرەکییە وەرگرتوە کە لە نێوان هێزە کوردییەکاندا هەیە و دژی یەکتر بەکاریان دەهێنن، و هەمو ئەمانەش تەنها بە زیانی خەڵکی کوردستان و قەوارەکەی دەشکێتەوە. ئەوەتا لە ئێستادا خەریکی پرۆژەی هەموارکردنی دەستوری عێراقن و نیازیانە کۆمەڵێک لە دەسەڵاتەکانی هەرێم لە بەرژەوەندیی خۆیان کەم بکەنەوە. هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیداردا تێدەپەڕێت، هەر کەوتن و شکستێک لە سایەی ئەو سیاسەتە ناهەموارەی هێزە سیاسییەکان پەیڕەوی دەکەن، دەرەنجامەکەی ڕاستەوخۆ بە زیانی خەڵکی کوردستان تەواو دەبێت، قوربانیدانەکانی ئەم گەلە و خوێنی شەهیدەکانی بە فیڕۆ دەدات، بکەرانیشی وەک خائینی نیشتمانی ناویان دەچێتە ناو مێژوەوە. بۆیە ڕێگەی ڕاستەقینە دان نانە بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و لەپالیشیدا سازان و گەڕانەوەیە بۆ مێزی گفتوگۆ، تا لایەنەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەران و یاسا و دامەزراوە دەستورییەکان ڕێک بکەونەوە.

بۆیە داوا دەکەین:

١. گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و کاراکردنەوەی پەرلەمان بەو شێوەیەی لایەنەکان لەسەری ڕێکدەکەون و لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و هەرێمەکەدایە، بە جۆرێک هەر لایەک لەپێناو ئەمەدا دەستبەرداری بەشێک لەو کەللـەڕەقییە سیاسییانە ببێت کە پەیڕەوی دەکات.

٢. دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان، گەڕاندنەوەی دەقی ماددەی (١١٠) بۆ پێش هەموارەکەی ٢٠١٩، بە جۆرێک هەر پەرلەمانتارێک لە فراکسیۆنەکەی جیابوەوە یان چوە پاڵ فراکسیۆنێکی تر، ئەندامێتیی خۆی لەدەستبدات و کاندیدی دواتری هەمان لیست بەپێی ڕیزبەندی شوێنەکەی پڕبکاتەوە.

٣. هەوڵدان بۆ پەسەندکردنی دەستوری هەرێمی کوردستان و جێگیرکردنی ئەم بنەمایە تێیدا، تا بەپێی بەرژەوەندیی ڕۆژ دەستکاری نەکرێت.

٤. وازهێنانی هێزە سیاسییەکان لە بەکارهێنانی یاسادانان بۆ لێدانی یەکتر، و یەکخستنی هەڵوێستیان بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێم، تا پەرلەمان بتوانێت ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی، کە یاسادانان و چاودێریی حکومەتن، جێبەجێ بکات.

حەوت ساڵ لەمەوبەر هۆشداریمان دا و ئەمڕۆ دوبارەی دەکەینەوە: ئەو یاسایەی ئەمڕۆ بۆ شکاندنی ڕکابەر دەنوسرێت، سبەی دانەرەکەی خۆی دەشکێنێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن