سامانە سروشتییەکان: لە دووشەممەوە ڕۆژانە 760 تۆن گازی شل لە بەغداوە دەگاتە هەرێم
04:00 - 14/11/2026
زەمەن - هەواڵ
لە ڕۆژی دووشەممەوە تاوەکو کاتی ئاساییبوونەوەی تەواوەتیی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر، ڕۆژانە بڕی 760 تۆن گازی شل (LPG) لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێم دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی غازی ماڵان و ئۆتۆمبێل.
فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ڕایگەیاند: ڕێکارەکانی ناردنی گازی شلی LPG لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووە و ڕۆژی دووشەممە یەکەم کاروان دەگات کە بڕەکەی 760 تۆن دەبێت بە شێوەی ڕۆژانە.
پشکی پارێزگاکان لەو 760 تۆنە ڕۆژانەیە بەمشێوەیە دەبێت:
پارێزگای هەولێر 300 تۆن
پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 260 تۆن
پارێزگای دهۆک 200 تۆن
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و وتی: گازی شل بەشی تەواوی پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەردەست دەبێت، هیچ مەترسییەک لەسەر کەمبوونەوەی غاز نییە و ڕێگری لە دروستبوونی قەیران دەکرێت.