دامەزراوەی پەی : پەرلەمان ماڵی هەمووانە
01:51 - 04/11/2026
زەمەن - هەواڵ
دامەزراوەی پەی
بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی دانیشتنەکەی پەرلەمانی
کوردستان هۆشداری لە لێکەوتەکانی بۆشایی یاسادانان دەدات و رایدەگەیێنێت، کۆبوونەوەی
ئەمڕۆ لە جیاتی کۆکردنەوە، بووەتە "ئاوێنەی لێکترازانی هێزە سیاسییەکان."
هاوکات پسپۆڕێکی یاسای دەستووریش دەڵێت، هێشتنەوەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو
ساڵ بە کراوەیی لە هیچ شوێنێکی دونیا نەکراوە و نایاساییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە،
4ـی تشرینی دووەمی 2026، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و دەستەی
سەرۆكایەتی هەڵبژێردرا.
دامەزراوەی پەی
لە راگەیەندراوێکدا بە ناونیشانی (پەرلەمان ماڵی هەمووانە: هەرێم بە سازان دەپارێزرێت
نەک بە لێکترازان)، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی دانیشتنەکەی پەرلەمان دەکات و دەڵێت:
"کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، لە جیاتی ئەوەی ببێتە دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوەی هەمووان،
ئاوێنەی لێکترازانی هێزە سیاسییەکان بوو؛ فراکسیۆنەکان بوون بە دوو بەرەوە، هەندێکیان
بەشدارییان راگەیاند، هەندێکی دیکە بایکۆتیان کرد، هەندێکیش خۆیان لە ململانێکە بە
دوور گرت."
سەبارەت بە
ئازادی و سەربەخۆیی بڕیاری ئەندامانی پەرلەمان لە بەشداریکردن یان بایکۆت، دامەزراوەکە
ئاماژە بەوە دەکات: "پێویستە رێز لە ئیرادەی ئازادی ئەندامانی پەرلەمان بگیرێت؛
ئەوان نوێنەری خەڵکن. بڕیاری بەشداریکردن یان بەشدارینەکردنیان لە کۆبوونەوەکەدا
مافی خودی پەرلەمانتارەکانە کە بە یاسا و پەیڕەو بۆیان دیاریکراوە و پێیاندراوە،
ناکرێت بە هەڕەشە و فشار و سزای ئەمنی و حزبی ئیرادەیان زەوت بکرێت."
دامەزراوەی پەی
هۆشداری لە لاوازبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدات و رایدەگەیێنێت: "ئەم بۆشاییە
یاسادانانە دەرگای بۆ دەستێوەردانی بەغدا و دادگەی باڵای فیدراڵی واڵا کردووە، درێژەکێشانی
ئەم دۆخە شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و قەوارەی
هەرێم لە ناوخۆ و دەرەوە لاواز دەکات، بۆیە تەنیا یەکڕیزیی ماڵی کوردی هەرێم لە مەترسییەکان
دوور دەخاتەوە. هەرێم بە سازان و دیالۆگ و رێککەوتنی نیشتمانی دەپارێزرێت، نەک بە
لێکترازان و شکاندنی ئیرادەی یەکتر."
لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی
خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ دواتر لە 02-12-2024 یەکەم دانیشتنی
خولەکە کرا، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوەکە بە کراوەیی
مایەوە، تاوەکو دوێنێ سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمان بە فەرمی داوای لە پەرلەمانتاران
کرد لە کاتژمێر 11:00ی رۆژی چوارشەممە 04-11-2026 ئامادەبن بۆ تەواوکردنی بڕگەکانی
دانیشتنەکە.