فلۆکرۆسینگ = سەنگەر گواستنەوە؟
11/5/2026 12:45:00 PM
پشتیوان جهمال
ئایا سەنگەرگواستنەوە کارێکی یاسایی و مۆڕاڵیە؟ بۆچوونی وڵاتان چیە لەو بارەیەوە؟
فلۆکرۆسینگ زاراوەیەکی سیاسیە لە ئەسڵدا لە بەریتانیا سەری هەڵداوە بەتایبەتی کاتێک سیاسیەک یان ئەندام پەرلەمانتارێک حزبەکەی دەگۆڕێ یان لە دژی خواستی حزبەکەی دەنگ لە پەرلەمان دەدات بە کوردیەکەی سەنگەر دەگۆڕێت.
سەرەتا ئەم زاراوەیە لەپەرلەمانی بەریتانیا لە وێستمینیستەر هاتە ئاراوە چونکە لەوێ بەرەی حکومەت و بەرەی ئۆپۆزیسۆن لەدوو ڕیز کورسی جیاواز و بەرامبەر یەکتر دادەنیشن لەناوپەرلەمان و ئەگەر یەکێک لەو پەرلەمانتارانە لە ئۆپۆزیسۆنەوە بۆ پارتی دەسەڵات بیگوازێتەوە یان بە پێچەوانەوە. بەگشتی لەبەریتانیا و کەنەدا و ئوسترالیا و نیوزلەندا ئەم دیاردەیە بوونی هەیە بەتایبەتی ئەگەر هاتوو ئەندام پەرلەمانێک لە حزبەکەی هەڵگەڕایەوە و چووە ناو حزبی بەرامبەر یان زۆرجار مەرج نیە بچێتە حزبێکی دیکە بەڵکو بانگەشەی ئەوە دەکات کە بووە بە پەرلەمانتاری سەربەخۆ.
جاری وا هەیە هەر لەناو حزبەکەی دەمێنێتەوە بەڵام دەنگ بەو پڕۆژە یاسایە نادات کە خۆی قەناعەتی پێ نیە و لەسەر بنەمای مەبدەو ئایدۆلۆژیا دەنگ نادات و ناڕازیە لە بۆچوونی زۆرینەی دەنگی پارتەکەی خۆی. جاری واش هەیە هۆکاری دیکەی لە پشتەوەیە.
کاریگەری ئەم سەنگەر گواستەوە چیە؟
جاری وا هەیە چەند پەرلەمانتارێکی کەم دەتوانن هاوسەنگی هێز بگۆڕن و هێزێکی کەمینە یان ئەو هێزەی کە زۆرینەی پەرلەمانی نیە بکەن بە هێزی زۆرینە و تازەترین نمونەش پەرلەمانی کەنەدایە کە لەم چەند ساڵانەی دواییەدا چەند پەرلەمانتارێکی پەناوبانگ سەنگەریان گۆڕی و هاوسەنگی هێزیان پێچەوانە کردەوە. زۆر جاریش کە پێکنەهێنانی حکومەت ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت و کار دەگاتە بنبەست و لایەنەکان ڕێکناکەون بۆ ساڵێک یان زیاتر ئەمە جۆرێک لە پڕوکان و بێ هیوایی دروست دەکات و چەند پەرلەمانتارێک سەنگەر دەگۆڕن و هاوکێشەکان پێچەوانە دەکەنەوە و پێکهێنانی حکومەت لە بنبەستی ڕزگار دەکەن.
بۆچی ئەمە ڕوودەدات؟
جاری وا هەیە لەبەر بەژەوەندی تاکەکەسی پەرلەمانتارەکان خۆیانە, جاری وا هەیە بەهۆی ناکۆکی و بۆچونی جیاواز لەناو سەرکردایەتی حزب ڕوودەدات جاری واش هەیە لەبەر بۆچونی جیاواز سەبارەت بە سیاسەتێک بۆ نمونە سیاسەتی چاکسازی ئابووری, سیاسەتی نیشتەجێ کردن سیاسەتی باج و سەرانە سیاسەتی پەنابەران و هتد جاری واش هەیە بەهۆی فشاری دەنگدەرانەوە دروست دەبێـت.
ئایا سەنگەر گواستنەوە دژی دیموکراسیە و کارێکی نامۆڕاڵیە؟
بۆچونی جیاواز هەیە هەندێک پێیان وایە سەنگەر گواستنەوە ئاسایی نیە و کارێکی نائیتیکی و نامۆڕاڵیە و خیانەتە لەو دەنگدەرانەی کە دەنگیان بە حزبەکە و سەرۆکی حزبەکەت داوە و چونکە تۆ بەدەنگی ئەو حزبە چویتە پەرلەمان و بۆیە هەر سەنگەر گواستنەوەیەک خیانەتە لە دەنگدەران و حزبەکەت و متمانە بە دیموکراسی لاواز دەکات. هەندێکی دیکە پێ ی وایە سەنگەر گواستنەوە زۆر ئاساییە بەتایبەت ئەگەر هاتوو لەسەر بنەمای بۆچون و ویژدان و ڕای سەربەخۆ بوو بەتایبەتی کە پەرلەمانتارێک هەستی کرد سیاسەتی حزبەکەی لە خزمەتی ئەمن و ئاسایش و بەرژەوەندی گشتیدا وڵاتەکەیدا نیە.
ئایا سەنگەر گواستنەوە کارێکی یاساییە؟
بەگشتی دوو بەرەی جیاواز هەن لە جیهاندا سەبارەت بە پێگەی یاسایی ئەوانەی سەنگەریان گواستۆتەوە بەرەی یەکەم بە کارێکی یاسایی دەزانێت و وڵاتەکانی وەک بەریتانیا و کەنەدا وەهای دەبینن کە ئەو پەرلەمانتارەی سەنگەری گواستۆتەوە هێشتا مافی یاسایی ئەوەی هەیە کە بە ئەندام پەرلەمانی بمێنێتەوە ئیدی ئایا بە شێوەی ئەندام پەرلەمانی سەربەخۆ بێت یان لەناو پارتە نوێیەکە هەر وەک ئەندام پەرلەمان حساب دەکرێت و پۆستی پەرلەمانتاری لێ ناسەنرێتەوە و هەر بە پەرلەمانتاری دەمێنێتەوە.
بەرەی دووەم وڵاتانی وەک هیندستان و پاکستان و مالیزیا و بەنگلادیش و ئیندۆنیشیا و نیوزلەندایە و هەریەک لەم وڵاتانە یاسایەکی زۆر توندیان هەیە بۆ ئەم حاڵەتە و سزای قورس بەسەر ئەو ئەندام پەرلەمانانەدا دەسەپێنن کە سەنگەر دەگوازنەوە و کورسی پەرلەمانیان لێ دەسەننەوە و هیچ پارێزبەندیەکیان نامێنێت بەتایبەت ئەوانەی واز لە حزبەکەیان دێنن یان لە دژی حزبەکەیان دەنگ دەدەن چیتر وەک نوێنەری خەڵک و حزب نامێنن و ئەگەریش بچنە ناو حزبێکی دیکەوە دەبێت لە سفرەوە دەست پێبکەن و خۆیان لە هەڵبژاردنێکی نوێدا بپاڵێون ئینجا دەبنە پەرلەمانتار. بۆچوونی ئەم وڵاتانە وایە کە ئەوەی سەنگەر دەگوازێتەوە ئیدی نە پەرلەمانتارە نە نوێنەری حزب و خەڵکەکەیەتی.
بۆچوونی ئێوە چیە سەبارەت بە ئەو ئەندام پەرلەمانانەی یەکێتی و هەڵوێست و نەوەی نوێ کە ئەمڕۆ بەشداری پەرلەمانیان کرد ئایا بەبۆچونی ئێوە کارێکی باشیان کرد یان نا بەڵام تکایە بەبێ ناوزڕاندن و تەشهیرکردن.