6وتار

شەڕەکە دەست پێ دەکاتەوە؛ عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم قەیرانێکی گەورەدان.

11/5/2026 12:43:00 PM
هێرش عەبدولڕەحمان

مەترسیی دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران زۆر جدییە. کە شەڕەکە دەستی پێ کرد، تەنیا لە ناو سنوورەکانی ئێراندا ناوەستێت. تاران دوا کارتی بەکاردێنێت؛ دەتوانێت میلیشیا و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە عێراق، لوبنان و یەمەن بەکاربهێنێت. ئەمەش مەترسیی ئەوە زیاد دەکات کە عێراق و هەرێمی کوردستان بکەونە ناو شەڕێکەوە کە خۆیان بڕیاری دەستپێکردنیان نەداوە.

ململانێی نێوان واشنتن و تاران گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار. دانوستانەکانی ڕۆژانی ڕابردوو هێشتا نەیانتوانیوە ڕێککەوتنێکی باش مسۆگەر بکەن. لە هەمان کاتدا، ئامادەکارییە سەربازییەکان و هەڕەشەکانی هەردوو لا درێژەیان هەیە. ئەگەر واشنتن بگاتە ئەو بڕوایەی کە تاران دانوستانەکان تەنیا بۆ کات کوشتن بەکاردەهێنێت، بە دڵنیاییەوە لێی دەدات، تەنیاش نایکات و وڵاتەکانی تری خەلیج دێنێتە ناوەوە.

لە ئەمڕۆوە تا ١٦ی مانگ قۆناغێکی گرنگە بۆ چاودێریکردنی ئەگەری هێرشی سەربازی لە دژی ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی. مەترسیی فراوانبوونی شەڕەکەیە بۆ وڵاتانی کەنداو. بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، واشنتن ئاگاداریی بە هەندێک لە هاوپەیمانەکانی داوە کە خۆیان بۆ ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران ئامادە بکەن. کێڵگە نەوتی و گازییەکان، فڕۆکەخانەکان و ژێرخانی گرنگی ناوچەکە دەتوانن بکەونە بەر مەترسی.

بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان چی کردووە؟

 تا ئێستا بنەماکانی پلانێکی گشتگیری فریاکەوتن بۆ ئەگەری شەڕێکی فراوان بە ڕوونی نەخراونەتە بەردەم خەڵک. میدیاکانی هەرێمیش پێویستە زیاتر گرنگی بەو مەترسییە بدەن و پێش ڕوودانی قەیران پرسیار لە بەرپرسان بکەن.

یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکان گەرووی هورمزە. ئەگەر شەڕەکە ببێتە هۆی پەککەوتنی درێژخایەنی هاتوچۆی کەشتییە نەوتییەکان، داهاتی نەوتی عێراق زیانی زۆری پێدەگات؛ ئەمەش ڕاستەوخۆ فشار دەخاتە سەر بودجە، مووچە، خزمەتگوزاری و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان.

بۆ هەرێمی کوردستان، دۆخەکە هەستیارترە. هەرێم ئێستاش بەدەست کێشەی مووچە، ناکۆکییە داراییەکان لەگەڵ بەغدا و سنوورداربوونی داهاتەوە دەناڵێنێت. ئەگەر ئەم کێشانە لەگەڵ قەیرانێکی درێژخایەنی ناوچەییدا یەک بگرنەوە، فشارەکە لەسەر بژێوی خەڵک زۆرتر دەبێت.

لە ڕووی ئەمنیشەوە، هەرێم لە مەترسی بەدوور نییە. هێرشەکانی درۆن و مووشەک دەتوانن کێڵگە نەوتییەکان، فڕۆکەخانەکان، وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی گرنگ بخەنە بەر مەترسی. زیانگەیشتن بەو شوێنانە تەنیا کێشەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵک دەبێت.

لێرەدا پرسیارێکی جدی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە: ئەگەر لە خراپترین سیناریۆدا هەناردەکردنی نەوت بۆ شەش مانگ پەکی بکەوێت، پلانی جێگرەوە چییە؟ مووچەی فەرمانبەران، خۆراک، دەرمان، کارەبا و سووتەمەنی چۆن دابین دەکرێن؟ ئایا پاشەکەوتی دارایی و پلانێکی فریاکەوتن هەیە؟

ئەم پرسیارانە بۆ ترساندنی خەڵک نین، بەڵکو بۆ ئەوەن کە حکومەت پێش ڕوودانی قەیران بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بکات.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن