10وتار

لە بێدەسەڵاتی چاوەڕوانی دەنگی ئەمریکی و ئیسرائیلین

11/3/2026 3:29:00 PM
فەرمان مەلا محەمەد

لە تەمەنی هەرزەکاری و لە قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی، لە قوتابخانە دەریاندەکردین بۆ رێپێوان دژی ئیسرائیل، گەلی ئیسرائیلیان لێکردبوین بە دێوەزمە و شەو دەهاتنە خەون. " دەبێ هەمو ئیسرائیلیەکان فڕێ بدەینە دەریاوە، چونکە کافر و داگیرکەرن"،  ئەمە پەروەردەی قوتابخانە بو، لەسەر مەینبەری مزگەوتەکان و  بەرماڵی ماڵان پاڕانەوە بو لە خودا دژ بە ئیسرائیل. کەچی دایکم نزاکەی زۆر جیاواز بو " خودایە دومژمنەکەشم هەبوبێت  "، لێمان دەپرسی " دایکە بۆ ئەم نزایە دەکەی"، دەیگوت " رۆڵە  ئەویش خەلقەندەی خودایە،ئەگەر هەبوبێ ئاگای لەئێمە نامێنێ و دەتوانی قسەی لەگەڵ".  دوای ١٨ ساڵی و هەرزەکاری دەرکەوت کە ئەوانیش هەمان خودای ئێمەیان هەیە، پەرستنیان زۆر لە ئیسلام دەچێت، جگە لەوەی مرۆڤن. لە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە ١٩٧٩ وە " مرگ بر ئەمریکا" بۆتە دروشم و تا ئێستا دەوترێتەوە.

ساڵ دوای ساڵ ئیسرائیل و حکومەتەکەی بەهێزتر دەبن، ژیانێکی خۆش و دیموکراسی بە ڕێوە دەبەن، میللەتەکی خاوەن دەنگ و رەنگی خۆیانن. زانا و زیرەکن، بوێرن، قسە دەکەن، رەخنە دەگرن، دێنە سەر جادە دژ بە دەسەڵاتداران و سیاسەتی حکومەت. وڵاتیان خۆش دەوێ و دەیپارێزن. دەمێننەوە: کۆچ ناکەن و لە ئەوروپا داوای پەناهەندە ناکەن.

بە پێچەوانەوە لای وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، ژیان لە پاشەکشەدایە، بازاڕی عەکاز قەڵەباڵغتر بوە.، بە لێشاو وڵات بەجێ دەهێڵن و پەراگەندەی ئەوروپا و ئەمریکان. دەسەڵاتی ملهوڕ و خۆبەزلزان، دوڕو و بێدەسەڵات، شێری ناوخۆ و رێوی دەرەوە. دوڕویی بەو ئەندازەیەیە بە گومانەوە لە پەیوەندی ژێر بە ژێری گوماناوی لە گەڵ دوژمن لە یەکتر دەڕوانن. نەک هەر خۆیان بێدەسەڵاتن بەڵکە میللەتەکانیشیان چاوترسێن کردوە و هێچ هەڵوێستێکی ئەوتۆیان نیە. لەم ماوەیە هەرکەسێ لە نزیکەوە ئاگاداری راگەیاندنەکانی عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامی بوبێت، لێرەوەش شەقامی هەردولا. تێدەگات لە بەر بێدەسەڵاتی و بە هیوای گۆڕانکاری چەند شێلگیرانە روماڵی هەڵبژاردنەکانی ئەو دو وڵاتە دەکەن. بە کورتی بۆ گۆڕانکاری چاوەڕوانی:

١-دەنگی گەلی ئیسرائیل دەکەن تا حکومەتەکەی ناتانیاهۆ بگۆڕێ، بێئاگا لەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئیسرائیل یەکە و پرسی نیشتمان لە پێشەوەیە. جگە لەوەی ئەمان دەنگ بۆ خۆیان دەدەن نەک بۆ خەڵکی تر.  

٢-بە نزا و پاڕانەوە چاوەڕوانی خستنی سەرۆک ترامپ دەکەن لە لایەن دەنگی ئەمریکیەکانەوە. 

لە راستیدا، دواکەوتنەکە لەم جۆرە بیرکردنەوە و لێکدانەوەوە سەرچاوەی گرتوە، لە کاتێکدا گۆڕانکاریە دروستەکە دەبێت لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیە وە روبدات. بە دەنگی میللەت هەموو ئەو سوارە گلاوانەی لەسەر کورسی دەسەڵاتن بگۆڕدرێن، بیشیانەوێ ژیانێکی شکۆدار هاوشانی هەمو میللەتان بژین، سەرەتش دەبێ عەقڵ و بیرکردنەوە بگۆڕن، دان بەمافی رەوای ئەو میللەتانەدا بنێن کە دەیان ساڵە دەیانچەوسێننەوە و خاکیان داگیر دەکەن. ئەوسا، خوداش نزاکانیان لێوەردەگرێ.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن