10وتار

لە پەژارەیەکی فەرامۆشکراو و قووڵترە

11/2/2026 12:27:00 PM
فازڵ میرانی

لە ڕاستیدا، ئەمانە ئەو ئەرکە پشتگوێخراوانەن کە دەکەوتنە ئەستۆی ئەوانەی بەرپرسیار
بوون لە دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆیان.

چاودێرانی کاروباری گشتی خوویان بەوەوە گرتووە کە سەرکردە باڵا سیاسی و
جێبەجێکارەکان ببینن، کە لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی شێوێنراو بۆ واتا و
پێداویستییەکانی بوونی سیاسی و ڕۆڵی سەرکردایەتی لە دەسەڵاتدا ڕەفتار دەکەن.
زۆربەیان پێیان وایە کە دەوروبەر و لایەنگرانی دەسەڵات شایستەترن بە گرنگیدان تا
کۆی گەل بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە. 

ئاوەدانکردنەوەی شارێک بۆ نیشتەجێبوونێکی شایستە
بە هاووڵاتییان، سەرچاوەیەکی بژێوی سەربەرزانە کە مەترسیی لەدەستچوونی لەسەر نەبێت،
بنکەی نەخۆشخانە، دەرمان، پزیشک و بژێوی، ئەمانە سەرەتاییترین بنەماکانی ئەو
کارەن کە دەبوو ململانێی پەرلەمانی لە پێناویدا بووایە. بەڵام واقیعەکە تەواو
پێچەوانەیە، ئەوەی زاڵە و بە لێدوان و بەیاننامەی بریقەدار دادەپۆشرێت، تەنیا
ململانێی بەرژەوەندییەکانە، کە بەرهەمی ئەو عەقڵییەتەیە کە تا ئێستاش نە لە ڕووخانی
ڕژێمی پێشوو لە ٢٠٠٣ و نە لە کارەساتەکانی دوای ئەوە پەندی وەرگرتووە، کە زۆرینەی
کۆمەڵگەی بەرەو ماڵوێرانی بردووە.

وەک هەر کەسێکی تر لەوانەی زۆربەی تەمەنمان لە کاری سیاسی و جێبەجێکاریدا
بەسەربردووە، چاودێریی دۆخەکە دەکەین و پەیوەندیی بەردەوامان لەگەڵ نەوە جیاوازەکانی
خەڵکی عێراقدا هەیە. پێویست بە ماندووبوون و وردبوونەوەیەکی زۆر ناکات بۆ هەستپێکردن
بە قورسیی گوزەران و تەنگژەی ژیان کە باڵی بەسەر زۆربەی ناوچەکەدا کێشاوە،
بە بێ جیاوازیی نەتەوە و تەمەن. لە کۆتاییدا هەموومان هەڵگری ناسنامەیەکین کە کورد،
عەرەب، تورکمان، کلدۆئاشووری و ئەرمەنی، لەگەڵ موسڵمان، کریستیان، ئێزدی و مەندائی،
لە ناسنامەیەکی نیشتمانیی فرەپێکهاتە و ڕیشەداردا لەژێر ناوی عێراق کۆدەکاتەوە؛ ئەو
عێراقەی لەلایەن دەسەڵاتدارانێکەوە بەڕێوەدەبرێت کە زۆربەی دامەزراوەکانی پلاندانان
و جێبەجێکردنیان، بە لای کەمترین پێداویستییەکانی ژیانی هاووڵاتییانیشدا ناچن ئەگەر
بتوانرێت ناوی بنێین ژیان.

دۆسیەی ناسورەکان عێراق یەکجار زۆرن؛ برینی کۆن و نوێ، هەڵکشانی ژمارەی دانیشتووان
و پاشەکشەی پلاندانان، پلەو پۆستێکی خاوەن مووچەی پڕ و ئیمتیازاتی لەڕادەبەدەر لە
بەرامبەر کەمتەرخەمییەکی زەق لە ئەرکەکاندا. لێدوانی زۆری ناڕاست، و پەردەهەڵدانەوە
لەسەر تاوان و گەندەڵییەکانی ناو پۆستەکان نە لە پێناو دادپەروەریدا، بەڵکو تەنیا
بۆ تۆڵەسەندنەوە. ململانێیەکی سیاسیی بەرژەوەندخوازانە کە ڕۆژ بە ڕۆژ تەشەنە دەکات
و دەرهاویشتە وێرانکەرەکانیشی بۆ نزمترین چین و توێژەکانی کۆمەڵگە شۆڕ دەبێتەوە.
سیستمێکی داڕماو کە بە هەواڵی بەپارەکڕاو و لەلایەن قەڵەمە بەکرێگیراوەکانەوە
پەردەپۆش دەکرێت؛ ئەو نووسەرانەی هیچ پرسیارێک لەبارەی زیادبوونی هەژاران و
بێدەرەتانان ناکەن، هیچ لەسەر هەڵکشانی ڕێژەی بێکاری و چارەنووسی نادیاری ئەو
دەرچووانە ناڵێن کە بێکاری باوەشی بۆ کردوونەتەوە. لە هەمان کاتدا، خەمی
کاربەدەستانی فەرمی تەنیا لە نێوان هاوپەیمانێتی دژ بە ڕکابەرێک، دەستبەسەرداگرتنی
دامەزراوەیەک، و مامەڵەکردن لەگەڵ فەرمانبەراندا وەک پاشکۆی بەشبەشێنەی حزبی قەتیس
ماوە.

لە سیاسەتی دەرەوەشدا، ئەو گێژاوە سیاسییەی خوڵقێنراوە، باشترین گەواهییدەرە بۆ
کەمیی تێگەیشتن لە پێداویستییەکانی ڕۆڵگێڕان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

کۆی ئەم دیمەن و ڕەهەندانە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەو ڕاستییەن کە ئەوانەی جڵەوی
کاروبارەکانیان بەدەستەوەیە، لە ئاستی بەرپرسیارێتیی پێگە و ناونیشانەکەیاندا نین.
دەوڵەت نە میراتی کەسییە و نە پڕۆژەی وەبەرهێنانە بۆ دەستەو و تاقمێکی دیاریکراو
تا لە خێروبێری مەست ببن و ئازاری ئەوانی تر بدەن.

کوردستان چەنقترین نموونەی ئەو زوڵم و ستەمە بەردەوام و نەخشەبۆکێشراوەیە کە
بەرامبەری دەکرێت. کوردستان تا ئەمڕۆ و لەم کاتەشدا، ڕووبەڕووی جەنگێکی دووبارە
دەبێتەوە کە هەر جارەی بە بەرگێک، ناوێک، دروشمێک و پیلانێکی نوێوە بەرپا دەکرێت،
هەر جارێکیش پێویست دەکات ئێمە لە بەرامبەر ئەم ڕەوتە مێژووییە دوژمنکارانەیەدا
بوەستینەوە، جاران بێدەنگ دەبووین بەو هیوایەی کارەکان لە نەزانییەوە بووبن نەک بە
ئەنقەست، پاشانیش بە نەرمی گلەییمان دەکرد، لێی بەئاگا ببنەوە.

ئەی هاو پەیمانەکانمان لە هاوکێشەی دەوڵەت و حوکمڕانیدا، ئێمە نە میوانین و نە بێگانە، بگرە
خاوەن ئەزموون و لێهاتوویی لە بەڕێوەبردن و دەوڵەتداریشدا. پرسە بنەڕەتییەکانی ژیانی
عێراقییەکان ئەوانە نین کە زۆربەتان خەریکی پێیانەوەن؛ ئەوەشی کە پێشکەشی خەڵکی
عێراقی دەکەن، کە ئێمەش بەشێکین لێیان - هەرگیز لە ئاستی پێویست و داواکراودا نییە.

وەرگێڕانی سەردار پێنجوێنی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن